گەڕان
محەمەد موختاری
وەرگێڕانی حەمە قادر
قورسایی زەوی وەک ئەوەی لە پەنجەکانما مابێتەوە
نزیک دەکەوێتەوە ئەو نیوە هەڵهاتووە
پرچی ئاڵۆزکاو
بەسەر شانێ شەقامە وێرانەکان
هەرکات هەزار ڕووخساری مەرگ بە بەردەمتا بڕوات و
ئەوەی ڕووخسارەکانی ڕازاندۆتەوە
دیداری هاوکاتیانی هەرگیز نەدیبێ
ئەوکات عەشق ئامادە بێت
تا دان بە ڕووخسارە غایبەکاندا بنێ
ئەم غیابە ئەمێستا لە حزووری من واقعیترە
یاسای ئەم شەقامە سادەیە
لە سووچە پەرتەکانی دونیاشەوە هەرکەس دەتوانێ بێتە پاڵ ئەم تیاچوونە
عەشق بە لای ئەم مەیدانانەدا چۆن تێپەڕیوە؟ و
لە زبڵی دەم ئاو لە جۆگەلە تاریکەکان کام گوێچەماسی هەڵبگرین
کە ئێستاش ئاوازی خۆمانمان بیرخاتەوە؟
هەڵدەگرم
لەسەر خاک سەعاتی مەچەک
کە لەسەر شووشەی چڵکنی هێشتا پەڵەکان سوور دەچنەوە
سەعاتژمێر و خولەکژمێرەکەشی
ون بوون
ژمارەکانیشی دیار نین
هەڵیدەگرم
دەیبەم
هەڵیدەواسم
بە پرچێکی سپی دەم با
بە تەلبەندەوە
هەست دەکەم پەنجەم ڕەنگی ئەو مەمکانەی گرتووە
کە بۆنی شیری
هەمیشە لێوە دەهات و
دڵۆپە سبییەکان
بەردەوام دەتکایە سەر مانگگیرانی پێستی
ئەم سەعاتە لە کام لاوە ڕایبوردووە؟
ئەندازیاری ترس خواردووە
ئەو سوورێتی و تازەییەی لێوسوێرە کە لە پەنجەکانتەوە دەڕژا
پەنجەی شیری و
ئەڵقەی سووری دەستگیرانداریان
بە تاڵی قژی تریفەییدا هەڵواسی
لە مانگەوە تا زەوی شەپۆلێک سەدەفی ئەرخەوان
کە ئەڵقە ئەڵقە تێدەپەڕین
تا ساڵڕۆژی تەنیایی بە چرا بڕازێننەوە
داسێک هاتبووە خوار و دەنگی خاکی درەو دەکرد
ئەو کەسەی بەیانی لە ماڵ دەردەچوو
خەونی مردووانی لەگەڵ خۆی دەبرد
ەو کەسەی شەوان دەهاتەوە بۆ ماڵ
خەونی مردووانی دەهێنایەوە و
سوور لە لێوی تۆ و شیر لە پەنجەکانی من تاڵان دەکرا
تا هەر دووکیان
خامۆش بن
تارای سپی بووکەکان تاریک دابێ و
قژی کۆرپەلە سپی بێت…
“دەستپێکی کۆڵانە تەنیاکان و
دەروازەی شەقامە دژوارەکان”…
شیعرێک کە هەڵدەکا لە دیوار
نوسینی نیوەکەی تر دەخوازێ
ئیلهامی شاعیران نەفسی من دەناسێنێتەوە
جێی هێشتوە عەشق نیشانەکانی
تا وشەبەوشە دوای بکەوم و هەموو دڵم بدۆزمەوە
لە شارێک کە لە گەمارۆی خۆیدا دەستی مەرگی گرتووە.