سوزان علێوان شاعیر و نیگارکێشی لوبنانی، له 28ـی سێپتهمبهری 1974ـدا له باوکێکی لوبنانی و دایکێکی عێراقی، له بهیرووت له دایک بووه. له ساڵی 1994ـهوه دهستی کردووه به بڵاوکردنهوهی کتێبهکانی. ئەو لەم کورتەشیعرانەیدا لە دیمەن و ڕووداو و شتە بچووکەکانی ژیان ورد دەبێتەوە. – ماڵپهڕی باڵنده
فریشتهیهکی بچووک
سوزان علێوان
وهرگێڕانی له عهرهبییهوه: خەڵات عەلی
فرمێسک
منداڵێک بە کراسێکی تەڕەوە،
بە تەنیشتی ڕووبارێکەوە ڕادەکات،
بەرەو چاوم…
دڵخۆشییەکی تێپەڕیو
نامۆم، وەک وێنەیەکی ڕەنگاوڕەنگ لە کەنیسەیەکی تاریکدا.
تەنیام، وەک فریشتەیەکی بچووکی شۆڕهوهبوو بە دارێکی کریسمسی مردووەوە…
خۆشم دەوێیت لە دڵخۆشییەکی تێپەڕیودا.
وەکوو هەور
کچێکی ڕوومەت-بە-فرمێسک،
یادگەمی تووشی بەڵا کرد،
وەک باران، وەک باران کە بە برینداری لە دەرگهیەکی کۆن دەدات.
گوڵی ڕووناکی
فریشتەیەک دەرچوو،
لە وێنە نووستووەکەی…
لەژێر پێخەفەکەم و
لە جەستەی خۆمی دەرهێنام و
بە یەک گەیشتین،
وەک گوڵی ڕووناکی لەسەر برینی منداڵێکی هەتیو.
باڵکۆن
چاوەکانت دوو کورسیی بەجێماون..
لە کەشی خۆرەتاوی باڵکۆنێکدا.
من نیم
وێنەیەک بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە،
منداڵێکە لە من دەچێت…
ئەگەر زەردەخەنەکەی نەبوایە،
پێم وا دەبوو وێنەی منە.
دادپەروەری
شەو دادپەروەرە.
جیاوازی ناکات لە نێوان ئاسمان و دەریادا.
لە نێوان چۆلەکەیەکی نامۆ لە باڵکۆنێک و مرۆڤێکی نامۆ لە وڵاتەکەی.
شەو لە ڕەشێتیدا دادپەروەرە.
سەرسووڕمان
چی نهێنیی ئەو بەدبەختییە خۆڵەمێشییەیە کە لە چاوتدایە؟
دەتوانم چی بکەم تا ڕەنگی بکەم؟
ئەگەرە مەحاڵەکان
ئەگەر ئەو ورچە لۆکەیییە خەمبارە
زەردەخەنە بکات…
ئەگەر ئەو گوڵە سیسبووانە زەردەخەنە بکەن…
ئەگەر ئەو وێنە گرژومۆنەکەت لەسەر دیوارە تاریکەکە زەردەخەنە بکات…
ئەمشەو دەخەوم.
خۆزگە بوونم دەبوو
خۆزگە بوونم دەبوو، کاتێک دایکم منداڵێکی خەمبار بوو و پێویستی بە هاوڕێیەک هەبوو هەمان خەمی ئەوی هەبێت.
خۆزگە لەوێ دەبووم و هەتیوی و تەنیاییم لەگەڵیدا بەش دەکرد.
خۆزگە کەمێک لە ئەو گەورەتر دەبووم، تا ببمە دایکی.