دەزانم خەمگینی بەڵام…
ڕوئیا شاهـ حوسێنزادە
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە
(سێ شیعر)
من برینی دەگمەنم لەسەر جەستە هەن بەڵام
تۆ میهرەبانترینیان بوویت
قووڵترینیان
ئازیزترینیان
پاش تۆ مرۆڤەکان
تەنێ ڕووشانی بچووک بوون لەسەر پێستم
کە هیچکامیان
هێندەی تۆ
بە دڵم نەگەیشتن
پاش تۆ مرۆڤەکان
تەنێ ڕووشانی بچووک بوون
کە دەیانویست تۆم لە بیر بەرنەوە، نەیانبردەوە
تۆ دوای هەر برینێکی تازە دیسان دەگەڕێیتەوە و
هەر جارێک
ئازیزتر لە پێشان
هەر جارێک قووڵتر.
ئەڤێنگەلێک کە دەمرن
چییان بەسەر دێت؟
تۆفانگەلێک کە هێدی دەبنەوە
چی دەکەن؟
هەورانی مردوو
دەریاگەلی مردوو
یادە مردووەکان
لە کوێ دەنێژن؟
ئەگەر تێکڕای ئەو بیرەوەرییە تاڵانەی بە سەختی لە بیرمان بردوونەتەوە
شەوێک
پێکەوە هێرش بۆ شار بێنن
ئێمە چی بکەین؟
هەستە
پەنجەرەکان دابخە
دەرگەکان
دیوارەکان
پەردەکان دادەوە
هەرچەند زستان هێندەیش نەبووە زستان کە سفرەی داخەکانمانی بە ڕوودا بکەینەوە
هەرچەند کەس نەیگوت ڕۆحگەلێک کە دەمرن
دەچنە کوێ
چی دەکەن
چی دەخۆن
چی لە بەر دەکەن
سەرمایان دەبێت؟
دەستت بخەرە ڕۆحمەوە
دڵم
وەک شاتوویەکی درشت بخەرەوە سەر بەفرەکە
من وەکوو کڕێوەیەک کە ئارام بووەتەوە
ئیتر نازانم چی لە دڵم بکەم.
کاتێ وەرناچەرخم
ناکوتم
ناشکێم
ناڕژێم
نابارم
نادەمە هوهو
هاها ناکەم
تکایە کەسێک
ئەم هەورە مردووە
وەکوو تەمێکی چڕ
بەسەر دەشتەکاندا بپڕژێنێت
بەر لەوەی بە تەواوی ئەو بیرەوەرییە تاڵانەوە کە بە سەختی فەرامۆشتان کردووە
هێرش بێنم
بۆ شارەکە…
نە ناوەکەت گرنگە و
نە ئەوەی نامەکانت
بە چ زمانێک دەنووسی
ناوی خۆشەویستەکەت بە هەر ئەلفبێیەک
لەسەر دیواری هەر سەربازگەیەک
کە نووسیبێت
گرنگ نییە
لە شەختەبەندانی ئێشکگریی شەوانەدا
لە سەرما پتر دەلەرزی یان لە ترس؟
من
بە
هەر
حاڵ
دایکتم سەرباز!
دایکی
هەموو سەربازانی جیهانم
من تێکڕای ئەو ژنانەم
کە چاوەڕوانی تۆن و
جەنگ
کۆرپەلەیەکە شایەنی لەباربردن
تەنانەت ئەگەر نەمتوانیوە کۆترێک بم
یان بڕکەزەیتوونێک کە لە هەتاوی نیوەڕۆی ئاشتیدا دەلەرزێت
دەتوانم پەنجە بەستووەکانت لە زاری ئەم وشانەدا گەرم بکەمەوە…
من دایکتم سەرباز
تۆیش ڕێک
لە سەربازێکی دیکە دەترسی
کە دایکی ئەویش هەر منم
بمبوورە
کە دەتوانم برینی سەربازە دوژمنەکانیشت بپێچم
هەر کامتان سەرمای بوو
با دڵی من داگیرسێنێت.