سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. سروشت نەوزاد لە شیعرەکانیدا وێنەسازە و زۆر واتاگەرایانە جیهانەکەی خۆی دەردەبڕێت. – ماڵپەڕی باڵندە
حەوشەى تەمگرتوو
سروشت نەوزاد
چەشنی خۆر کە هەڵدێت و هەورەکانیش دەناسێت،
خەون کوێرەوەری خۆیی هەیە و دیسانیش چرۆ دەکا.
سپێدەیە
منداڵێک بە حەوشەدا دەگەڕێت
هەنگاو لەسەر گەڵاکان دەنێ و
بەسەر چڵى درەختەکان زیندوێتیشى دەپرخێنێ…
ئێستاش تەنانەت ناوت نازانم
خۆت دەردەخەیت و وەک کات دەتبینم
هەندێک جار بە شیک پۆشی و
هەندێک جاریش درم ئاسا.
ئێوارەیە
کێڵگەکان تاریک دادێن
کۆترەکانیش زۆر زوو دەنوون
ئەستێران کە بووکە شوشەن
مانگیش چەشنی دێوێک بە جووتێک چاوی شین،
بەسەر ڕێگاکان دەکرێتەوە و
گورگەکان دەلورێنن…
ئێوارەیە، پیرە پیاوێک لەودیو پەنجەرەی ماڵێک
سەری دەرهێناوە و لە منداڵێک دەڕوانێت
منداڵێک لە حەوشەیەکی تاریک کە یاری دەکا و
پیرە پیاوەکەش هاوار دەکات: بچکۆل
بۆ ئێرە وەرە بچکۆل! _________
ئەم بەیانییە لە پیاسەیەک هەستم لە ئێسکم برین بوو
جانتا لە شان مەیلە و باویی
حەزم بە بینینی ئەوانە بوون نەمدەناسین
بینیی مریشک و پشیلە،
جل و بەرگی فڕێدراو.
ڕەنگە ئەمە باشترین عەشقێک بێت،
ڕوو لەو دەرگاى کە داخراوە
پاش دوو دڵی نێو تەلەفۆن و
کڕێوەى بن ئەو دەستانەی
هەور لە ئاسمان دەکێڵن.
ئەم بەیانییە پیاوێک غەمبار،
کراسی سپی لەبەردایە و لە ڕاڕەوەکەدا وەستاوە.
پاش پشکنین بۆ پشتەوەی دەست لە نێو دەست
لەو ئۆردوگا هەتاو بەتاڵ
بەسەر دیواری ژوورەکان جاڵجاڵۆکە هەڵدەگەڕێن.
چەشنی قولاپیش خۆی دەنوێنێ،
لە زاریدا کە دەکرێنەوە لێوی دادوەر.
ئەم بەیانییە دەستێکی زل بە دەرگاوە هەڵکورماوە و
چاوانی شین قوفڵ دەدات
تیشکی ڕۆژیش بەستەڵەکە و قژ دڕکاوی
هەنگاوەکانی هەڵنایە،
جووتێک پێڵاو لە قاچی چەپدان.
ئەم بەیانییە گاسنەکان هەور دەکێڵن
مەودامان دڵۆپە دەکا و
شاری تەڕیش وەک خۆڵەمێش دەبارێنە سەر درەخت.
تەنیا خاچێکی هەڵواسراو
کە ناوتی لە سەر نووسراوە
درەوشانەوەی لە شەودایە و پەنجەرەکەی واڵا دەکات
هۆتێڵەکان بە ئارامی لە چاوەکانتدا دەنوون.
ئەم بەیانییە هەوا ناساغ بە تەنافەوە
چەشنی گۆرانی پاش ئەوین
لە نێو هەورێک دانیشتووم
ڕەنگە کەڵەبابێک بم و پڕ بە گەرووم بقوقێنم.
پاش لە شەوگار دەگەڕێمەوە
بە سپێدەدا پەنجەرەمان دوو ڕێیانە:
بەسەر خواندا دەکرێتەوە و چێشتەنگاوێک قاچاغچیان
هەنگوینەکانی ڕوخسارت لە لێومدا قاچاغ دەکەن.
بەسەر زمان واڵا دەبێت
تۆ دەبینم، پیاسە دەهاڕم لەو شەقامەی بەسەر زمان دەکرێتەوە و
دەستەکانم کرێچی نێو دەستتن.
با دەگەڕێت
بەسەر زمان دەکرێتەوە لەوشەقامەی هەنگاو دەبڕم
تۆ دەبینم، بە پلیکانە هەڵدەگەڕێم بۆ گیرفانێک،
زستان سەوڵی دەشەکێتەوە…
بەو پلیکانە هەڵدەگەڕێم، پشیلەیەکی سپیش دەبینم بەهێمنى بەرامبەرمان دانیشتووەو
ڕووخسار لە نێو دەستەکانی!
_______
ڕۆژەکە لە کڕێوەدا خۆی دەردەخات.
حەوشەی تەمگرتوو
وەک ئەوەی جیهانێک بێت سەروسیمای هەڵپێکابێت.
چاویلکەی بەتاڵ و فڕێدراو، دوو چاوی شین بە دامێنییەوە
دەڕوانێت هەر ئەوەندەی بینین کە بگاتە نێو دەرگاکە و بەسەریدا ئاوەڵابێت!
ئاوێنەی سەر سوچێکی دیوارەکەش
وشک و بێڕەنگ ڕاوەستاوە
لە دوێنێیدا دەدرەوشێتەوە و
هەنووکە بە گومانە لەوەی
نۆستالۆژیا لە خۆیدا پێبکات.
شەقامێکی پارێزراو نییە، لەوێ کەسێک لە بێدەنگیدا هەنگاو دەنێت. پێی دەترازێ و دەخولێتەوە لەو گۆشانەی کە دیسانیش بۆ هەمان شەقام دەچنەوە.
پاش کەمێکیش کۆرسی وەرزشی پایسکیلسواران و تێپەڕینیان، پیاوانی قەڵەو و هەناسەسوار، ئاپۆڕەی پاس بەو سەرنشینانەی لە تەنیشت یەک وەنەوز دەدەن.
کەمێکی دیش ناکاو وەستان لە وێستگە، ڕیزی سەرکەوتنی خێرا و کوێرەوەریی دابەزینی ئەو کەسانەی شیک پۆش لە قەدی خۆیاندا: کراسی سپی و پاڵتۆی ڕەشی ئوتوکراو، هەر بە پێوە لە دوالیزمە سەریان بەسەر ملیاندا شۆڕ، ساندەویجەکانیان دەخۆن…
ئەوانەی زیندوون گۆرانی دەڵێن، ژوورێک لە زاریان ڕاخراوە هەڵی دێنن کە خۆیان کێن. سەرنشینان وەنەوز دەدەن ناوەکانیان بەبێ ناون، دەخزێنە نێو چاوی یەکدی و
بیریان دەچێت کە ئەوان کێن.
لە ژێر پێییەکانی دەردەچێت، لە ناکاو هەسارەکە غلۆر دەبێتەوە ڕێک و ڕەوان، وەک ئەوەی هیچ ئاڕاستەیەکی نەبێت. گولە وێڵەکان بەو پەڕی خێرایی دیوارەکە دەبڕن و بەرەو ڕووناکیەک کە پێی گوتراوە ڕووناکی بێت دەکشێن. پاڵه پەستۆکان هەسارەکە قاژ دەکەن، شۆڕ دەبنەوە نێو خاک و لە قوڵاییدا زەوییەکە دەلەرێننەوە.
ئێستا زەمین لە قوڵایی خۆیدا بەخەبەر دێت، سەرەتای ڕۆژێک بەو چرکەیەی کە چاخەکە
بە ئاڕاستەی شەقامەکە وەردەگەڕێ،
لەوێدا پیاوەکان دەبینرێن، جگە لە منداڵێک بە دوو لاقی چەپ و ڕاستیەوە
ڕەنگبێت دڵی ڕێگاکە بکوتێتەوە، بە تەنیشت ئەو خانوانەی خاپوور لەکۆشی خۆیاندا.
بە تەنیشت ئەو خانوانەی هێشتاکە لە هەواکەدان و بۆنی جەنگەکەیان تێ نەگەڕاوە.
بە تەنیشتیاندا، لێ نەبینراو…
لەم کازیوە دەنگە دەنگ و ئاپۆڕەکان هەوا پڕ دەکەن
بەسەریەکدا کەڵەکە دەبن، گرمە گرمیان ڕۆدەچنە نێو کاتژمێر
لە سێپتەمبەر دەتەقنەوە
یازدەهەمین ڕۆژی هەمیشەیی کە لەوێدا ئامبۆلانسەکان هەرگیز ناگەن.