نارنجۆکێک لە دەستمدا

سروشت نەوزاد | (١٩٩١ - )

سروشت نەوزاد | (١٩٩١ - )

March 30, 2024

سروشت نەوزاد ساڵی ١٩٩١ لە دایک بووە. لە ساڵی ٢٠١٣وە شیعر دەنووسێت. خاوەنی کتێبێکی شیعرییە بە ناوی کێڵگەی بەتاڵەوە. لە چەند ڕۆژنامە و گۆڤارێک شیعرەکانی بڵاو بوونەتەوە، وەک ڕۆژنامەی چاودێر، گۆڤاری هەنار، گزنگ و ڕامان… هەروەها بەشداریی چەند فێستیڤاڵێکی کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی گەلاوێژ، گوڵەهەنار و حەبیبە خاتوون. لە ساڵی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ـدا لە فێستیڤاڵی حەبیبە خاتووندا خەڵاتی یەکەمی بردووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٣ لە فێستیڤاڵی گەلاوێژ خەڵاتی یەکەمی شیعری بردۆتەوە.

 

 

 

نارنجۆکێک لە دەستمدا
سروشت نەوزاد

 

 

 

چۆن دەتوانم دەستبەرداری بم؟
سەرەڕای ئەوەی وا بڕیارە ئەمڕۆ
زووەکی بە خەبەر بێم و
شیعرە نوێیەکەم بنووسم.
ئایا هێشتاش دەمدۆزێتەوە مردن؟
ئەگەرچی تەنانەت کاتێ نارنجۆکێک لە نێو دەستەکانمدا بن و
بمەوێت لە ناکاو بۆ بەر پێییەکانی هەڵدەم.
یاخود بومەلەرزەیەکی زەبەلاح لە گیرفان بنێم و
ڕوو لە دارستانەکە بکەم
تا لەوێش شێرێکی بێدار بە کرێ بگرم.

چی هێزێک نەمری دەبەخشێت؟
مردن یان دێڕی لەگۆڕنانی مردن؟
ئایا مردن قڵیشی کەمبینراوی‌ بان دەشتێکە
لە هەواڵەکان وەدەرنراو؟
داهاتوویەکە کە گۆڕێکی بەجێهێشتووە، کە گۆڕێکی تری بەجێهێشتووە، کە گۆڕێکی تر بەجێ دەهێڵێت؟…
یان تاریکییەکە لە شەوی زەبەلاحی جیهان کە نابینرێت
ئەگەر جار جار
پەنجە لەسەر دوگمەی پلاکەکەی دانەگرین و
گڵۆپە کزەکەی پێ نەکەین.
یاخود تەنیا دێوێکە لە دارستانێک
وەختێ دەبینین گەشتیارەکە بە خێرایی
کامێراکەی دەردەهێنێت و
ڕاستەوخۆ وێنەیەکی دەگرێت؟
یانیش هونەرێکی ڕازێنراوە و
دەستنووسی بە-میرات-جێماوە
لە سەرواگەلێکی گرینۆک، یان فریودەردا
کاتێک ڕێبەرەکانیان
بە نیشانە و تاتۆ هەڵکۆڵراوەکانیانەوە
ئاماژەدەر بە ئەشکەنجە زۆرەکانی سەر جەستەیان
ڕووە و ئەوسەر ڕێ دەکەن و
لە ئێستایان دەپەڕنەوە.
وەک هەمیشە
ڕێنماییی ڕۆحانییان بەو ناوەدا بڵاوە پێ دەکەن.
وەک ئەوەی بیانەوێت وای دەربخەن
نەمرییان لە مردن دەربکێشن!

ئایا مردن ڕاکشانێکی ئەبەدییە
یان تاقە ناوێکە بە تاقە کراسێکەوە
کە ئەگەر میلی کاتژمێرەکە بە خاڵی دیاریکراوی بگات
لە ماڵ دەردەچێت و پاشان دەگەڕێتەوە؟
یان ئۆتۆمبێلێکی جام ڕەشە
لە هێڵێکی کراوەی نێوان ئاسیادا
بەخێرایی چەندین کیلۆمەتر
لە چرکەیەکدا دەگاتە سەر قاوش، یان
تەختی شێرپەنجەیی نەخۆشەکە لە ئەوروپا.
پاشان لە بەردەم کەسێکی سیسکۆسی زەرد هەڵگەڕاو ڕادەوەستێت لە ئەفریقا
کە پاش کار، دەستبەتاڵ دەیەوێت
بەرەو لای منداڵەکانی بگەڕێتەوە و
بێگومان دەیخواست زەرفێکی دیاریی بچکۆلانەی پێبێت!

چۆن دەتوانم لە بەردەمی ڕاوەستم؟
ئایا ئەوە مەراسیمی فەرمیی منە کە نمایش دەکرێت؟
کاتێک دەبینم سەردانیکەران
سەر بۆ نێو خێوەتە ڕەشەکە درێژ دەکەن و
بەسەر تابووتەکەمدا شۆڕ دەبنەوە.
ئایا ئەوە منم کە مردووم؟
ئاخۆ دەتوانم تاوێکی تر هەڵبستمەوە و
تابووتەکەم فڕێ بدەم؟
کاتێک دەزانم مردن
گەلێک زۆرترە لە ژمارە یەک و ئەگەر ڕوو لە دەرەوە بکەم،
وەک هەمیشە کەسێک دەبینم یان ئەو من دەبینێت
ڕەشپۆش
یان پۆستاڵ لە پێ
لە هێڵی تاریکی ڕێگەکەدا وەستاوە
لە ناکاو سندووقی ئۆتۆمبێلەکەی هەڵدەداتەوە و
هاوار دەکات:
فیشەکێک بۆ سەری خەونەکان…
پاشان لەوێڕا شیعرێک یان دووان و
ڕەنگە دەیان دەنووسم
یان شیعر من دەنووسێتەوە و
ئیدی نازانم ئاخۆ ئێستا
من ئەوەم کە مردووم
یاخود زیندوو؟