برسیی دەمتم

پابلۆ نێروودا

پابلۆ نێروودا | (١٩٠٤ -١٩٧٣)

June 28, 2024

پابلۆ نێروودا لە گرنگترین شاعیرانی ئەمریکای لاتین و دنیایە. ساڵی ١٩٠٤ لە چیلی لەدایکبووە. خاوەنی پتر لە ٤٥ بەرهەمە. ساڵی ١٩٧١، خەڵاتی نۆبێڵی وێژەی وەرگرتووە. گابریێل گارسییا مارکێز ئەوی بە «مەزنترین شاعیری سەدەی بیستەم لە هەموو زمانەکاندا» ناودێر کردووە. ساڵانێک لە تاراوگە ژیاوە، ساڵی ١٩٧١ تا ١٩٧٣ باڵیۆزی چیلی لە فەڕەنسا بووە. سێ جار ژیانی هاوبەشی پێک هێناوە و تەنیا وەچەیەکی خستووەتەوە. ساڵی ١٩٧٣، لە شاری سانتیاگۆی چیلی، بە نەخۆشیی شێرپەنجە دواکۆچی کردووە.

 

 

 

برسیی دەمتم
پابلۆ نێروودا
کوردییەکەی ژیار هۆمەر

 

 

برسیی دەمتم، برسیی دەنگتم، برسیی قژتم
بێدەنگ، بێخۆراک بە جادەوباندا هەڵدەخولێم،
نان ڕامناگرێ بە پێوە، کازیوە دەیشڵەقێنێ ئاوەزم،
ڕۆژانە هەڵوەدای تەپەی شلی پێتم.

برسیی بزەی خزتم،
برسیی دەستی گەنمڕەنگ و هەڵچووتم،
برسیی بەردیلەی کاڵی نینۆکتم،
تامەزرۆم پێستت وەک فەریکەچوالە بکرمێنم.

تامەزرۆم تیشکی سووتێنەری جوانییەکەت هەڵبلووشم،
کەپووی بڵند و شکۆمەندی ڕووخساریشت،
تامەزرۆم سێبەری تێژباڵی برژانگت بخۆم.

برسی دێم و دەچم، بوولێڵ هەڵدەمژم،
هاوشێوەی پڵنگی تەنیای دارستانی کیتراتوێ
هەڵوەداتم، هەڵوەدای دڵە گەرموگوڕەکەتم.

 

 

 

 

سەرچاوە:

XI, Pablo Neruda, Veinte poemas de amor y una canción desesperada y Cien sonetos de amor, Vintage Español, 2018. (Traducido al kurdo por Jiyar Homer)