سەباح ڕەنجدەر | (١٩٦٥ - )
April 30, 2025
سهباح سابیر حهسهن، ناسراو بە سهباح ڕهنجدهر، له لە ساڵی ١٩٦٥ له ههولێر لهدایک بووه.خوێندنی سهرهتایی و ناوهندی و ئامادهیی ساڵی ١٩٨٥له ههولێر تهواوكردووه. له سهرهتای ههشتاكانهوه دەستی کردووە بە نووسینی شیعر. تاکو ئێستا ئەم کتێبانەی بڵاو بوونەتەوە:
زێوان ١٩٨٨، ڕۆمانه شیعر، ڕووهكهكانی خوداوهند ١٩٩٩، شیعر، خهون وا خۆی گێڕایهوه ٢٠٠٤، شیعر، شهڕی چل ساڵه ٢٠٠٥، شیعر، مردوویهک ئاگای له ههمووانه ٢٠٠٨، شیعر، سهد و یهكشهوه ٢٠٠٨، شیعر، ساڵی سفر ٢٠١٠، شیعر، سروودی زهوی ٢٠١٢، شیعر، حهزدهكهم ئهوهنده بژیم ٢٠١٥، شیعر، دواكهوتن له كهشتیی نووح ٢٠١٨، شیعر، دیوانی سهباح ڕهنجدهر بهرگی یهكهم و دووهم: ٢٠١٨، كۆبهرههم، بهها و ههڵهی پێشبینییهكان ٢٠١٩، شیعر، سهرهتا وشه بوو ٢٠٢٠، شیعر، سهرزهمینی ههموو ناوهكان ٢٠٢٣، شیعر ، ئهزموون و شیعری بێگهرد ٢٠٢٤، گوتار و بیروڕای ئهدهبی.
فەرموون خوێنەری نویترین شیعری سەباح ڕەنجدەر بن
سەباح ڕەنجدەر
زەوی سییەكانی پاراون و هەناسە خۆش هەڵدەكێشێ
ژیانیش هەرچواردەوری ڕووگەنما و دووگوردی نوێژە
چاوم لەسەر هەست دەڕوانێ و قەت لە نوێژ بۆكردنی ماندوونابم
مادام سییەكانی زەوی پاراون
خودا و خوداوەند هێشتان ئومێدیان بە زەوی و مرۆڤ ماوە
* * *
پەنجەرە چاڵێكی دوور نییە
پاش خۆر و با
خوداوەند لێی دێتەدەرێ و دروود دەنێرێ
پەنجاوچوار شوێنپێ لەسەر قوماشێكی سپیدا
چاوی سەرسامی دەترووكێنن
لەگەڵ بەرهەمی هەمەجۆری یەزدان
تەورات و
ئینجیل و
قورئان و
خاڵی بێدەنگییان دانیشتووم
هاواریش لە دەورم دەڕژێ
بووەتە ئاوێكی خۆڵەمێشی
بچمە ناوی هەموو نینۆكی دەست و پێم بەردەدەن
بەهێزێكی زۆریشەوە حەزی مەلە تا ئەوپەڕی دڵی پشكواندووم
بەڵێ تریفەی مانگ بزربوو
مووسا و
عیسا و
محەمەد
بە ئاوازێكی سەرەتایی
بەسەر شەقامی ناوداری شار
دەگەڕێن و بەئومێد سڵاو دەكەن و ئاهەنگگێڕن
ئەستێرەی خۆیانی پێ دەبەنە ناو نەخشی ئاڵا
تەواوی ژیانیان بردەوە
وەك ئەوەی لە وێرانە ساڵان لەدایك نەبووبن
* * *
بە ناوی دایك و باوكم گەرم دەبمەوە
وێنەیەكی بچووكیانم خستە مەدالیایەكی شووشەی ڕوونەوە
هێڵی ناو دەستیان دووبارە بووەوە
وەك دوو كەوانەی ڕووبەڕوو حیكمەتێكیان دەستنیشان كرد
دڵت هەڵبگرە و لە خۆت مەتۆرێ
ڕوونترین شێوازی باڵ لە شان ڕوانە
* * *
بۆ مردووان گریاوم و زیندووانیش ماچ دەكەم
* * *
چرایەكم بە ناوچەوانی ماڵەكەمدا هەڵواسیوە
گەرمی و مەی شووشەكەیان سڕیوەتەوە و منداڵانم پرشەین
* * *
بەلاڕێدا ڕێم نەكردووە
ئەستێرە و كلیلی شووشەییم بەسەردا بەربووەتەوە
زەوی و ئاسمان بەسەریەكدا هاواریان نەكرد
لانەولان بوون
* * *
دڵی هەزار پەڕی كێڵگە زۆر بەجەرگ و لەخۆبووردەیە
لەناویدا لەپێشوازیی دەوەستم و ڕەنگی خۆشیی دەناسم
برادەرانیشم كە میراتی ڕەسەنن بەرەو لام دێن
بیر لە زەوی دەكەمەوە
داوای لێبووردنیشی لێ دەكەم
بە پێی سووك و گران بەسەریدا چوومەتە سەنگەر و ژوان
چیم بینی سەرنجم دا
تا توانیم بانگی ناو خەونی سەرەتام كردن
كردمن بە بۆنێك لە گوڵی زمان
بزەیەكم بەسەر شوێنپێكان ڕشت
پشوویەكم دا و لە گەنجینەی قووڵایی و برووسكەی ئاسمان مەلەم كرد
دنیام لێ ئاشكرابوو
دنياى ڕۆشن تكا دەكەم تاریك مەبە
* * *
دنیا دوو مانگ لە من منداڵترە
شیری ڕووەكمان خوارد
بۆ هەبوونی هەموو ژیان لانەولان بووین
ئاسمان دوو خۆری نییە
چاو بە تەنیا دەمێنێتەوە
* * *
بە زمانێك بۆ هەمیشە شاد دەمێنێتەوە
چرپەیەك دەكەم
لە ماوەی گۆڕەشارم تەواوی فریوی دەمامكەكان دەنووسم
چیشم بینی وەك ڕووناكی لە دەمم دەتكێ
چەپەڵان دەهێنمە پێش چاوی ڕوونمەوە
دوای دوو خولەك دەیانبەخشم
مانگ ئەو كاتەی خەمگینە
پڕە
وەختێكیش دەفڕێ باڵی ڕووناكی دەبەنە ماڵان
* * *
خۆر هێلكەی ترووكاند
كاتی دانپیانانە
تەپەی باڵ لە سینگمدا دەنگ دەداتەوە
زایەڵەیەكی دوور نییە و ڕووگەنما بێ سوود نامێنێتەوە و دەگەیەنێ
* * *
درەختی ئادەم و حەوا دڕك ناگرێ
بێ سەرەتا و كۆتایی و هێڵی تەواوبوونە
بە نەرمی لە ڕەگ و چڵیەوە سەما دەكا
لەو شادمانییە دەگات كە ئێمە تێی ناگەین
باڵندە هاوڕێی منداڵیمە
هاوڕێی نەمریی و
تەنیایی تاهەتایی و
ئاگری تووڕەیی و
سڵاوی ئومێد
لە بەرزایی دڵەڕاوكێی سروشت بەرەو بلیمەتی فڕیوە
بە ئاوازی خوێندنی گوتی
دەنگێك قسەی لەگەڵ چاندن و پەیام و نهێنی ناڵەی كۆڕاڵی زەوی كرد
بیستت
شوورە شەڕانگێزە
خدری زیندە لە نیوەی ڕێیە و بەتاو پێ هەڵدێنێ
كلیلی شووشەیی
هەڵدەداتە ناو دەستت و ئەستێرەی بەسەردا سەیوانە
هەستە بڕۆ گەرمیی سینگی هەویرێكی نەرم و شلە
دەنگی وێرد و ڕۆشنایی هەوای بۆنخۆش كردووە
چوار توخمی گەردوون
گۆزەی كتێبیان پڕكردووم
كە لە ئەفسوون و ئەفسانەی ئەوان نووسیومن
یەك لە یەكتری ڕادەمێنن و سەرسامن
كێ یەكەمە
ئەوانی تر لە خوێنی ئەون
* * *
ئەو پرسیارە گومانێكی گەرمە
دەبا بیربكەینەوە بەرهەمە ناتەواوەكان گومانن
یادەوەرییمان زیندوو دەكەنەوە
درەخت كە میوەی پێ دەگا لە هەموو كاتێكی هەستیارترە
دایكە منداڵی لێ نزیك بوونەتەوە و مەمكی پڕبووە
* * *
من پاڵەوانی ئەلفوبێم
زۆران لەگەڵ كێدا بگرم
پەیكەرێكم بۆخۆم داڕشت
كاتژمێرێكی ڕەوانبێژم كردە مەچەكی
ڕەنگی گەرمی بەسەردا ڕژا
شكۆ و نان و ئاو دەبەخشێ بە هەژاران
چرای داگیرساویان بەدەستەوەیە
* * *
ئەشق دەبووایە بتكوژم
پاشان بپاڕێمەوە بۆ ئەوەی لە ئاسۆیان بتبینمەوە
ڕەوا و ڕەوان و ڕووانی ئەم دنیایە
بە دەنگێكی مات پەیكەری نەمران دەدوێنن
خانە و پێستیان ڕۆشنایی دەدەن
لەسەرزەمین دەبنە ڕەنگی بەردە ملوانكە لە ملەكانی پیرەر
مەسیحی تابلۆش چاوی داخستووە تا ڕوون ببینێ
داوی فڵچەی پەرۆشی یەكترن و زایەڵە نادەنەوە
ڕەنگ پێشتر چاوی ناسیون بۆ ڕوون نابینن
* * *
نەخۆشخانە بە ڕەنگی شینی كراوە بۆیە دەكرێ
چاوەڕوانیی پێیدا ڕەت دەبێ و گەڕانەوە دەناسێ
* * *
ناخی ئاگاداركرایەوەم وەك چرا بەدەستەوە گرت
تا داگیرسا بووە ئاوێنە و دەموچاو
هەبوونەبوو لە ئەستێرەیەكدا خۆی داڕشت
لە شەو جێما و هاتە ناو ڕۆژ
گەڕانەوەی ناسی
* * *
تیشكی شێدار باڵی ماندووكرد
كێلێكی بەتاڵ چاوەڕوانی هەڵكۆڵینە
ڕوخساری هەولێر تێر ڕەنگ دەبێت كە تێیدا ژیاوم
ڕوخساری شاری خانەدان
مەی خەمڵیوی ناو خانە و پێستی كەڵەكێوییە
بۆنوبەرامەی كەللە دەباتە هەواری پڕ
كاتژمێریشی كەس فریو نادا
* * *
بەخت ڕێگایەكی دوورودرێژە
بەناو درزی ویستم تێدەپەڕێ
كەشتی بچووكی مەی
لە تێلدڕ گیرنابێت
ئەشق دەبووایە بتكوژم
پاشان بپاڕێمەوە بۆ ئەوەی لە ئاسۆیان بتبینمەوە
دڵ خۆی بەند كردووە و خۆی ناداتە بەر پاراوی خۆر
پەراسووش خەتەجووتە و گەنم و جۆ
لێی ناوی ناسیاری خۆیان دەڵێنەوە
لێرە لە هەموو ماڵێكدا ناسیاری گەنم و جۆ هەن
برینی دڵدارێكن گەورە دەبن
* * *
گوناهباری یەكەم
فرمێسك چاوی گرتووە دەچێتە وانە خوێندن
ئێستا نابینام لە پۆل ناچمە دەرێ
ئادەم و حەوا میوە بۆ خانمی هەست لێ دەكەنەوە
* * *
شۆڕەبییەكی پرچ خومار سەری شۆڕكردووەتەوە ناو ئاو
چاوبازیی لەگەڵ ماسی دەكا
ترسنۆك و
خۆپارێز و
ڕیاكار و
هەلپەرستە
خۆی لە قرش و حووت دەدزێتەوە و پرچی هەڵدەكێشێتەوە
ماسی بە گومانە نەكا سیخوڕی ماسیگران بێت
ئاوی ساكاریش نەرم نەرم دەڕوانێ و دەڕوا
لە نیازی شۆڕەبی و تۆقینی ماسی ناگا
لە ماڵ هاتوومەتە دەرەوە و دوو شەونم
لەسەر ناوچەوانم ماوەتەوە و خۆیان ئاشكرا كرد
گەیشتوومەتە كەناری ئاو و سەیری ئەوبەری دەكەم
قاز و قورینگ باڵێكیان خستووەتە سەر شانم
تەماشای شوێنێكی درەوشاوە دەكەن
ئەسپەكەم ئاوی لێ دەخواتەوە
هەوا لەسەر دەریا
دەجووڵێتەوە و بیرەوەریی كۆن مەستی كردووە
* * *
ههتاوی خومار نواڵهی له خوێنم جۆشاند
* * *
بۆ ئەوەی بچمە خەوێك باران بە توندی
نەبارێ و نەكەوینە ژێر هەڕەشەی لافاوەوە
دەبێ خانە و پێستی هاوسەری بەهەشت
بە شیعری كێڵگەی گەردوون و ئاوێنەی هەواڵ بەراورد بكەم
هێشتان نۆبەتداری بژاركردنی تارمایی و مرۆڤم
شیعر لە نیوەی ڕستەیدا داكەوت و خانە و پێستی داماڵرا
وەك نەخۆشێكی سڕكراو لێوی بۆ گفتوگۆ وشك بوو
هەموومان بە هەڵە تەماشای
شیعرمان كرد و ئازاری ترپە و ئاوازیمان دا
دەماری بەردە ملوانكە لە ملەكانی پیرەر
بە سووكی لێ دەدەن و كۆبوونەتەوە
لەپێشبڕكێدان ڕێیان بەرەو
گەرماوێكی بێ قاو و قریشك دۆزیوەتەوە
خودایە بێویستیان نەكەی ویستیانە پەڵە و لەكەیان بشۆن
تەواو شێتییە ئەگەر خانە و پێستیان دانەماڵن
بەرد سووپەرێكی كرداركراوەیە لە دایكە سادە و ماتەكەی دەچێت
ستایشی ئارایشی ناوێ
زەوییەكیان دەستنیشان كردووە
شوێنپێی تێدا دەستنیشان بكەن و لەو شەونمە بپرسن
لەسەر ناوچەوان ماوەتەوەلا
* * *
زەوی سییەكانی پاراون و هەناسە خۆش هەڵدەكێشێ
ژیانیش هەرچواردەوری ڕووگەنما و دووگوردی نوێژە
چاوم لەسەر هەست دەڕوانێ و قەت لە نوێژ بۆكردنی ماندوونابم
مادام سییەكانی زەوی پاراون
خودا و خوداوەند هێشتان ئومێدیان بە زەوی و مرۆڤ ماوە