کراسی کێڵگەکان ئاو دەدەم

عەدنان ئەلسائغ/شاعیری عێراقی

April 14, 2018

عەدنان ئەلسائغ، شاعیری عێراقی، لە ساڵى 1955ـدا له‌ شارى كووفه‌ له‌ دایك بووه‌. هه‌ندێك له‌ شیعره‌كانى بۆ چه‌ندین زمانی جیهان وەک سویدی، ئینگلیزی، هۆڵەندی و ئیسپانی وه‌رگێڕدراون. ساڵى 1996 خه‌ڵاتی هیلمان هامیتى بۆ داهێنان و ئازادیى ده‌ربڕین له‌ نیویۆرك به‌ ده‌ست هێناوە. ئەم خەڵاتە دەدرێت بەو نووسەرانەی لەبەر نووسینەکانیان کەوتبنە بەر ئازار و ڕاوەدوونان. ساڵى 1997 خه‌ڵاتى جیهانیى International award poetry له‌ ڕوتردام به‌ ده‌ست هێناوە. لە ساڵی ١٩٩٣ بە ناچاری عێراقی بەجێ هێشت و ئێستا له‌ وڵاتى سوید ده‌ژى. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

کراسی کێڵگەکان ئاو دەدەم
عەدنان ئەلسائغ
وه‌رگێڕانى لە عەرەبییەوە: محه‌مه‌د كوردۆ

 

 

 (1)
له‌ ده‌رگایه‌ك ده‌ده‌م
ده‌یكه‌مه‌وه‌
هیچ نابینم خۆمى ده‌رگا نه‌بێت
ده‌یكه‌مه‌وه‌
ده‌چمه‌ ژووره‌وه‌
هیچ نییه‌ جگه‌ له‌ ده‌رگایه‌كى دى
ئه‌ى خواى من
چه‌ند ده‌رگا له‌ خۆمم جیا ده‌كاته‌وه؟…

 

(2)

خۆمم له‌سه‌ر مێزى كتێبخانه‌كه‌م له‌ یاد كرد و
ڕۆیشتم
كاتێك شه‌قاوه‌كانم له‌ ڕێگادا په‌خش كرد
بۆم ده‌ركه‌وت من جگه‌ له‌ سێبه‌رى ده‌قێك هیچى دى نیم
ده‌یبینم به‌ شه‌ڕه‌شه‌قێ له‌ پێشمه‌وه‌ ده‌ڕوات
وه‌كو ئه‌وه‌ى من بێت ته‌وقه‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵك ده‌كات؟…

 

(3)
برسێتى ده‌ستى به‌ سكمدا درێژ ده‌كات
كاغه‌زه‌كانم هه‌ڵده‌لووشم و ده‌كه‌ومه‌ ڕێ
ده‌ستم له‌سه‌ر سكمه‌
له‌ ترسى ئه‌وه‌ى كه‌سێك هاڕینى وشه‌كان نه‌بیستێ

 

(4)
ئایا ئه‌و سپێدانه‌ى كۆچ ده‌كه‌ن
ئاوڕ ده‌ده‌نه‌وه‌
تا بمانبینن
له‌ نائاماده‌ییى ئه‌واندا چى ده‌كه‌ین؟…

 

(5)
باران به‌ (ده‌رزى)یه‌، ئاوییه‌كه‌ى
كراسى كێڵگه‌كان ده‌درووێت

 

(6)
سێبه‌ره‌كانمان
له‌ حزوورى ڕووناكیدا چى ده‌كه‌ن؟…

 

(7)
پڕم ده‌كه‌ن له‌ دێڕ و
پۆلبه‌ندم ده‌كه‌ن
پاشان پێڕستم بۆ داده‌نێن و
به‌ ته‌واوى چاپم ده‌كه‌ن و
به‌سه‌ر كتێبخانه‌كاندا دابه‌شم ده‌كه‌ن و
له‌ ڕۆژنامه‌كاندا جنێوم پێ ده‌ده‌ن و
منیش
ده‌مم نه‌كردووەته‌وە!…

 

(8)
مامۆستا پیره‌كه‌ى مێژوو به‌ ده‌م خه‌یاڵه‌وه‌
ته‌پوتۆزى جه‌نگ و ته‌باشیرى سه‌ر چاویلكه‌كه‌ى سڕى و
پاشان به‌ ده‌ڵته‌نگییه‌وه‌
زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌كى بۆ قوتابییه‌ منداڵه‌كان
كرد:
چه‌ند ڕه‌قه‌ دڵى مێژوو
هه‌موو ئه‌م ته‌مه‌نه‌ جوانه‌م ڕشته‌ سه‌ر
لاپه‌ڕه‌ زه‌ردهه‌ڵگه‌ڕاوه‌كانى و
دوایییش به‌ یه‌ك دێڕ باسم ناكات

 

(9)
كڵپه‌ مۆسیقاى ئاگره

 (10)
وام به‌ خه‌یاڵدا دێت:
كڵۆى به‌فر له‌سه‌ر په‌نجه‌ره‌كه‌م
نامه‌گه‌لێكى مه‌ییوه‌ و له‌ولاوه‌ پێم گه‌یشتووه‌
كه‌چى كچه‌ پۆسته‌چییه‌كه‌
به‌سه‌ر پاسكیله‌كه‌یه‌وه‌
ئاماژه‌ى ئه‌وه‌ ده‌كات
كه‌ جانتاكه‌ى نامه‌ى تێدا نییه‌ بۆ من!…