فرووغ فەڕوخزاد، شاعیر و دەرهێنەری ئێرانی، لە ٢٩ـی دیسەمبەری ١٩٣٤ـدا لە تاران لە دایک بووە. لە ١٣ـی فێبریوەریی ١٩٦٧ـدا بە ڕووداوی ئۆتۆمبێل لە تەمەنی ٣٢ـساڵیدا کۆچی دواییی کرد. پێنج دەفتەرشیعری هەیە. یەکەمین دەفتەرەشیعری لە ساڵی ١٩٥٢ـدا بە ناوی “ئەسیر” بڵاو کردەوە، کە لە ٤٣ شیعر پێک هاتبوو. لە سێ دەفتەری یەکەمدا شیعری نیماییی دەنووسی. بە ناسینی ئیبراهیم گوڵستان نووسەر و سینەماکاری ئێرانی؛ دیدگای ئەدەبی و فیکریی ئەو گۆڕانی بەسەردا هات. بە دەفتەرەشیعری “لە دایکبوونێکی دیکە” و پاشان “ئیمان بهێنین بە دەستپێکی وەرزێکی سارد”، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە نوێکردنەوەی شیعری فارسیدا. ئەدەبیاتی ئەو بۆ زۆر زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراوە. ئەو شیعرەی لێرەدا دەیخوێننەوە، شیعری گوناهـ، یەکێک لە شیعرە سەرەتایییەکانی ئەوە، کە لە دنیای کوردیدا کەمتر بینراوە و ئەم ئەزموونانەی کەمتر سەرنجی وەرگێڕەکانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە. – باڵندە
گوناهـ
فرووغ فەڕوخزاد
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: ئازاد بەرزنجی
گوناهم کرد گوناهێکی بەلەزەت
لە ئامێزێکا… گەرم و ئاگرین بوو
گوناهم کرد… لە نێوان دوو بازووا
کە داخ و پڕ لە کینە و ئاسنین بوو
لەو خەڵوەتگە تاریک و خامۆشەدا
چاوم لە چاوی پڕ ڕازی بڕیبوو
دڵیشم هەر ئەلەرزی لە سینەدا
لەو خەڵوەتگە تاریک و خامۆشەدا
من پەشۆکاو لایەوە دانیشتبووم
لێوی پڕحەزی لەسەر لێو خستبووم
لە غەمی دڵەی شێت من ئازاد بووبووم
چیرۆکی عیشقم بە گوێیدا دەچرپان
من تۆم ئەوێ تۆ ئەی ڕۆحی ڕەوان
تۆم ئەوێ ئەی ئامێزی سەرچاوەی ژینم
تۆ ئەی عاشقە شەیداکەم، ئەوینم
ئارەزوو لەناو چاویا گڕی دەسەند
شەرابی ناو پەیمانە کەوتە گۆڤەند
جەستەم لەناو پێخەف و سەرتەختی خەو
مەستانە دەلەرزی لەسەر سنگی ئەو
گوناهم کرد… گوناهێکی بەلەزەت
لەکن لەشێکی لەرزیو و مەدهۆشا
ئای خودایە من نازانم کە چیم کرد
لە خەڵوەتگەیەکی تاریک و خامۆشا
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە دفتر شعر دیوار، فروغ فرخزاد/١٩٥٦