چەند شتێکی جوانە تۆم بیر بکەوێتەوە
نازم حیکمەت
وەرگێڕانی لە تورکییەوە: ئالا عەبدولڕەزاق
چەند شتێکی جوانە تۆم بیر بکەوێتەوە:
لەنێو ئەو هەموو هەواڵەی مردن و سەرکەوتندا… لە زینداندا
لە کاتێکدا تەمەنم چل ساڵی تێپەڕ کردووە…
چەند شتێكی جوانە تۆم بیر بکەوێتەوە:
لەسەر قوماشێکی شیندا دەستە لەبیرکراوەکەت لەنێو پرچتدا
ئەو نەرمییە لەسەرخۆیە، گیانی من خاکی ئیستانبووڵ
سەعادەتی خۆشویستنی تۆ
وەک مرۆڤێکی دووەم وایە لەنێو ناخمدا
بۆنی گەڵای ساردونیا لەسەری پەنجەکانتدا
حەسانەوەیەک لەژێر خۆردا
داوەتی گۆشت:
بە خەتێکی سوور بووەتە دوو بەش
ئەم تاریکییە گەرم و تۆخە…
چەند شتێکی جوانە تۆم بیر بکەوێتەوە،
نووسین دەربارەی تۆ،
لە زیندان پاڵکەوتن لەسەر پشت بیرکردنەوە لە تۆ:
ئەو قسەیەی کە گوتت لە فڵان ڕۆژ لە فڵان شوێندا
خۆی نا
ئەو لارولەنجەیەی کە لە دونیاکەی ئەودا هەیە…
چەند شتێکی جوانە تۆم بیر بکەوێتەوە.
دەبێ دووبارە شتێکت بۆ دروست بکەم لە تەختە:
چەکمەجەیەک ئەنگوستیلەیەک
دواتریش بە ئاوریشمێک بە درێژاییی سێ مەتر بیچنم
لە شوێن خۆمەوە هەستم
خۆم بە ئاسنەکانی پەنجەرەوە بنووسێنم.
دەبێت ئەوانەی کە بۆ توم نووسیون بە هاوارەوە بیانخوێنمەوە
لەژێر ڕەنگی شینی کاڵی ئازادیدا
چەند شتێکی جوانە تۆم بیر بکەوێتەوە:
لەنێو ئەو هەموو هەواڵەی مردن و سەرکەوتندا… لە زینداندا
لە کاتێکدا تەمەنم چل ساڵی تێپەڕ کردووە