وەدیع سەعادە ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی شەبتین، لە باکووری لوبنان لە دایک بووە. لە بواری ڕۆژنامەگەریی عەرەبیدا لە هەریەک لە بەیرووت و لەندەن و پاریس کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٨٨ کۆچی کردووە بۆ وڵاتی ئوسترالیا و لەو کاتەوە تاکو ئێستا لە ئوسترالیا دەژی و لەوێش هەر بەردەوامە لەسەر کاری ڕۆژنامەگەری. چەندین دیوانی شیعریی هەیە، یەکەم دیوانی ساڵی ١٩٨١ بڵاو بووهتەوە بە ناوی (ئێوارە برای نییە). دواتریش چەندین دیوانی تری بڵاو بووهتەوە، لەوانە: (ئاوی ئاو، پیاوێک لە هەوایەکی بەکارهاتوودا دادەنیشێت و بیر لە ئاژەڵان دەکاتەوە، کورسییەکی سەرنشین پاسەکەی جێ هێشت، کێ ئەو نیگایەی برد کە لەبەر دەرگاکەدا جێم هێشت، پێکهاتەیەکی دی بۆ ژیانی وەدیع سەعادە، پەڕێک لە هەوادا… هتد) وەدیع زیاد لە ٤٠ ساڵە بەردەوامە لە شیعرنووسین، ئەزموونێکی ناوازەی هەیە و ئێستا یەکێکە لە شاعیرە نوێگەرە دیارەکانی عەرەب. – باڵندە
ئێوارە برای نییە
وەدیع سەعادە
وهرگێڕانی له عهرهبییهوه: ڤییهننا سهلام
ئەوانەی کە تامەزرۆی گەڕانەوەن و
نە شەمەندەفەر
نە ئەستێرەیەکیان هەیە.
تەنانەت سێسرکێکیش نییە لە ڕێگاکەیاندا گۆرانی بڵێ
ئەوانەی گەنجینەی خەونەکانیان پەلامار دراوە و
ژیانیان دەنگی بەریەککەوتنی ئاوێنەی هەیە بە بەرد،
چەندین جار مەرگی مەوداکان هەست پێ دەکەن و
بۆیان دەردەکەوێت کە جیهان بێڕێگایە!
■
ئەم پەرۆشییە چۆن وەک بۆقێک وایە لە دەرەوەی دەریاچەکەیدا؟
ئەم ڕۆژە خۆڵەمێشییە چۆنە بە ئاسمانەوەیە؟
ئەی ئەم گێژەڵووکەیەی لەنێو سەردایە، چۆنە کە چڵێکیش ناجووڵێنێتەوە؟
■
سوودی چییە؟
بازدان بۆ دارستانەکان؟
خواردندان بە ئاسکۆڵەیەکی لاواز
کاتێک چۆلەکەکانی ڕامان
چون تەختەگەلی بینایەکی کۆن
دەکەونە خوارێ؟
من پڵنگی ڕەشی ژێر بورجەکانم و
ئاژەڵەکانی گەردوون بەخێوم دەکەن.
من ئەو کوڕۆڵەیە نیم
کە ئێواران دەچێتەوە کۆشکی خێزانەکەی.
بە شوێن ئەستێرەیەکدا وێڵم
کە لەژێریدا ژیانی خۆم بخوێنمەوە.
پەیژەی ڕووناکی بەرز دەکەمەوە.
لەسەر پردی دڵ،
دوادراو دەخەمە دەستێکی دەماراوییەوە.