هنگامە هۆوەیدا شاعیر و وەرگێڕی ئێرانییە، کە لە پاریس دەژی و چەندین کتێبی لە هەر دوو بوارەکەدا هەیە. – باڵندە
کاتێ ئیتر تەنانەت بیریشت ناکەونەوە
هنگامە هۆوەیدا
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی
٢
وەرە با باسی نەکەین
با هەر لە بیر کەین کە هەبوو
کە هەیە
گشت شتێ وەک پاندۆڵی سەعات
لە لەرینەوەدا
لە ڕۆیشتندا لە هاتندا
وەرە با لە بیر کەین
کە من جوانم و
ئەم مرۆڤانەش کە لەشیان بە لەشمان دەکەوێت…
گشت ئەم مرۆڤانە کە خەریکن دەڕۆن
جوانن
مرۆڤ دەڕۆن و
جوانتر دەبن
دوور و دوورتر
کە دیاریش ئیتر ناکەون
جوانی سەرانسەر ئاسۆ دادەپۆشێت.
٤
ڕۆیشتن
خۆیان و بیرەوەرییەکانیان
سەرەڕای ئەوەش
کاتێ ئیتر تەنانەت بیریشت ناکەونەوە
کاتێ کە پاڵ کەوتووی لەسەر قەنەفە چەرمییە کۆنەکە و
بیر لە خۆت
بەس لە خۆت دەکەیتەوە
خۆت
گشت ئەوانی…
٥
لە بیرت نییە کچەگیان
ئێمە دەرگەمان داخستن
پەنجەرەکانیش
دەنگی تەقەش
هێشتا
لە شەقامەوە دەهاتە بەرگوێ
پێنجشەممەکانی ئاگربەس
بێدەنگ دەبووین و
هەمیشە یەکێکمان دەڕۆیشت
لە بیرت نییە کچەگیان
ئێمە لەو شەوانەدا
لە پشت تەنیاییی دۆستەکانمان سەنگەرمان دەگرت و
دیوارەکانی ماڵیش دەستەکانی
بە سەرمانەوە دەگرت و
دادەنەوین
ئێمە بەو ڕۆیشتنانە ڕاهاتبووین
بە داڕمانی ناکاوی دیوارەکانیش
بە بەرزبوونەوەی ئاڵاکان ڕادێی کچەگیان
بە داکەوتنیشیان
بە هاوڕێکانیشت
کە بەرەبەرە
دەبنە دوژمن
بیرەوەرییەکانیشت
بەو چەشنە دەگێڕیتەوە کە دەتەوێت
دەنگ بارستی خۆیان لە دەست دەدەن و
شەقام
وەک ئەوەی هەڵدێرێک بێت
ڕابردوو هەڵدەلووشێت
بەڵام کە دوور دەکەویتەوە
کە خەریکی لێرە دوور دەکەویتەوە کچەگیان
هەمیشە سێبەرێک
لە بری یەکەیەکەی دیوارە ڕووخاوەکان
لە بری یەکەیەکەی دۆستەکانت
لەسەر زەوی دەشەلێت و
بە دواتدا دێت…
٦
ئێمە بە کۆمەڵ مردین
لە گۆڕێکدا بە پانتاییی مێژوو
هەرکەسێکیش هەرچییەکی لەمەڕ ئێمەوە گوت
خۆی گوت.
١٢
ئیتر تەنانەت جوانییەکەشت ڕزگارت ناکات
ڕزگاربوون خەونێکە
بۆ تۆیان دیبوو
بەر لەوەی سفرەکان
لە پەنجەرەوە داتەکێنرێن و
ئەو هەموو کۆترەش سەنگفەرشی شەقام داپۆشن…
١٣
لێرەش کە نەبی
بەسەر قولەپێی شکاوتدا
هەردەم دەشەلی
١٤
تۆ لە “ئاشڤیتس” چاوەڕێ دەکەیت
نا! هەر بیریش لەوە مەکەوە
کە ناوی ئەم ئۆردووگای مەرگە بکەیتە ژیان
دەست بخەیتە نێو گیرفانت و
بە پەنا دیواردا سەبرسەبر
هەر وا کە فیکە لێ دەدەیت
بڕۆیت
بڕۆیت و لەو دەرگایە ئاودیو بیت!