ئیڤان بۆلاند، لە سالی ١٩٤٤ شاری دبلن لە ئیرلەندا لەدایکبووە. لە ماوەی کارکردنی درێژخایەنیدا، وەک یەکێک لە پێشەنگترین دەنگە ژنەکان لە ئەدەبیاتی ئێرلەندادا دەرکەوت. بۆلاند لە ١٨ ساڵییەوە کارەکانی بڵاو کردۆتەوە و خاوەنی دەیان کتێبە، کە زۆرینەیان شیعرن و هەندێکیشیان پەخشان.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆلاند هەر لە ئیرلەندا، کۆچیدوایی دەکات.
ئیڤان بۆلاند
کوردییەکەی ڤییەننا سەلام
لەگەڵ هاتنی بەیانیدا، پیاوەکە دەچێتە نێو
ژوورێک بە بۆنی ترشەڵۆکەوە.
دەفرە مسەکە لەسەر مێزەکە دادەنێت و
دەست بۆ نێزەی هەڵکۆڵینەکە دەبات.
دەبڵن بە بینینی ئەسپ و باران لە خەو ڕادەبێت.
فرۆشیارە دەستگێڕەکان هاتوهاواریانە.
هەموو هەواڵەکان برسێتییە و برسێتی.
نێزەی هەڵکۆڵینی تەخت، نێزەی هەڵکۆڵینی خڕ،
نێزەی هەڵکۆڵینی گۆشەیی، چاوەڕێی دەکەن.
خۆی دەچەمێنێتەوە بەسەر مێزەکەیدا و دەستبەکار دەبێت.
یەکەمجار لە سەرییەوە دەست پێ دەکات، بڕین تا هێڵی ڕوومەت، دۆزینەوەی
شێوە کەوانەییەکانی کەللـەسەر، داتاشینی
بیچمی ڕووخسارێک کە دەبێتە کارگەیەک لە سێبەر،
لەگەڵ بڕینێکی قووڵتر بەرەو ناو مسەکە،
وا دەکەن ژنەکە شێوەی ئێسکەپەیکەرێک وەرگرێت،
پەڕۆی تەنوورەکەی، مەچەکی
لە هێڵێکی ئێسکداردا، بۆ هەمیشە
جەستەی جیا دەکاتەوە لە هەوا سروشتییەکەی خۆی، تا ئەو کاتەی
ئامادەی نمایشکردنە
بۆ فرۆشیارانی سەر شەقام، بۆ
ڕەچەتەیەکی نوێ کە ئێستا
بۆ زەرەر و بۆ بازاڕی ئازاد و
بۆنی ترش و
کارەساتێکی چکۆڵەی بێبەزەییانە خەیاڵکراو، زیاد دەبێت.
ئامرازەکانی دوور دەخاتەوە،
یەک بە یەک؛ بە وریاییەوە لەسەر مێزە دارینەکە
دایان دەنێت، کارەکەی تەواو.