سەبارەت بە دوو برا کە لە قسەی یەک تێ ناگەن

عەباس سەفاری/شاعیری ئێرانی

November 18, 2018

 

عەباس سەفاری، شاعیری ئێرانی، ساڵی ١٩٥١ لە یەزد لە دایک بووە. لە ئەمەریکا دەژی و یەکەمین کتێبیشی هەر لەوێ چاپ و بڵاو کردووەتەوە. سەفاری لە شاعیرانی کاریگەری دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانە. ئەو لەم شیعرەیدا، هاوکاتی مەیلەکەی بۆ بوون بە شتێکی دی، سەرنجێکی شیعرییانە، پەیوەست بە خەونەکانی ژیانی ئینسانەوە، دەخاتە سەر هونەری شێوەکاری؛ لێرەدا ئەم دوو برایە بە نموونە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

سەبارەت بە دوو برا کە لە قسەی یەک تێ ناگەن
عەباس سەفاری
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: شاڵاو حەبیبە

 

 

یەکەمیان ئامادە نییە لە جێی خۆی بجووڵێت.

خاچئاسا لە ناوەڕاستی دنیادا

گوێبەفەرمانی داڤنشی وەستاوە

تا مانگ و ئەستێرەکان لەسەر شانی

هێلانە دروست بکەن و

بوونەوەرەکانی خوا گرووپ گرووپ

لە بەینی لینگە کراوەکانییەوە

بەرەو چارەنووسی نادیاریان بڕۆن.

 

 

دووەمیان حەز دەکات کوخێکی بچووک بێت

لە نیگارێکی منداڵانەدا،

ڕووبارێکی هاروهاج و سەربزێو

بە لایدا تێپەڕ ببێت و

تێکڕای ساڵەکە

لە دووکەڵکێشە خشتییەکەیەوە

نەرمەدووکەڵێک بە سەماوە

بەرەو ئاسمان بەرز ببێتەوە

 

 


 

سەرچاوە: کبریت خیس، عباس صفاری