عەباس سەفاری، شاعیری ئێرانی، ساڵی ١٩٥١ لە یەزد لە دایک بووە. لە ئەمەریکا ژیا و یەکەمین کتێبیشی هەر لەوێ چاپ و بڵاو کردەوە. ڕۆژی ٢٦ـی ١ـی ٢٠٢١ بە کۆرۆناڤایرۆس کۆچی دواییی کرد. سەفاری لە شاعیرانی کاریگەری دوای شۆڕشی گەلانی ئێرانە. یەدوڵڵا ڕوئیایی سەبارەت بە ئەو گوتوویەتی: (شاعیرانی باش کەمن، سەفاری یەکێکە لەو کەمانە.)-ماڵپەڕی باڵندە
ببوورە خەبەرم کردیتەوە
عەباس سەفاری
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە
کاتەکانم کە گوویان تێ دەبێت
کتوپڕ ون دەبم
وەکوو کەسێک کە بڕواتە ئەوسەری کۆڵانەکە
جگەرە بکڕێت و نەگەڕێتەوە
*
یادداشتێک بە سەلاجەوە
نازانم دیسان
چ گوناحێکم کردووە
کە ئاوا ڕووت لێ گرژ کردووم
دەستەکانی من لە خەودا
بڕوا بکە
بە دەست خۆم نیین
*
ببوورە خەبەرم کردیتەوە
دەمویست بڵێم هەمیشە
حەزم کردووە ماڵێکم هەبێت
بە دارێکی خورماڵووەوە
کە هەر پاییزێک…
– سەعات چەنە عەباس؟
(حەوت و پانزە دەقە)
– هەشت و نیو تەلەفۆن کە بەخەبەرم
*
دنیا بچووکتر لەوەیە
کە ونبوویەکت تێدا دۆزیبێتەوە
هیچ کەس لێرەدا ون نابێت
مرۆڤەکان هەر بەو خوێنساردییەوە کە هاتوون
جانتاکانیان دەپێچنەوە و
ون دەبن
یەکیان لە تەمدا
یەکیان لە غوباردا
یەکیان لە باراندا
یەکیان لە بادا و
بێڕەحمترینیان لە بەفردا
ئەوەی دەمێنێتەوە
شوێنپێیەکە و
بیرەوەرییەک کە دەمنادەمێک
لای دەدا وەک نەسیمی بەرەبەیان
پەردەکانی ژوورەکەت