عەبدولعەزیم فنجان شاعیرێکی عێراقییە، لە ساڵی ١٩٥٥ـدا لە ناسریە-ذیقار لە دایک بووە. دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی بەیتەرەیە، فەرمانبەرە و ئێستا لە کەرکووک دادەنیشێت. لە شیعرنووسیندا خاوەنی دەنگ و شێوازی تایبەتیی خۆیەتی، سەر بە هیچ نەوە و گرووپێکی شیعری نییە. لە کۆتاییی هەشتایەکاندا لە عێراق دەرچوو و سەفەرێکی درێژی لە دوورخراوگە جۆراجۆرەکاندا دەست پێ کرد، کە کاریگەرییەکی قووڵی لە پەیڤەکان و تێڕوانینی شیعریی ئەودا هەبوو. گەرچی زۆر لە مێژە دەنووسێت و نووسینی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ حەفتایەکان، بەڵام یەکەمین کتێبی زۆر بەپشوو، لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا بڵاو کردەوە. ماوەیەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی میحوەر بووە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر چەند زمانێکی بیانیی وەک ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی، فارسی و هتد… هەروەتر چەند دیوانەشیعر و ڕۆمانێکی دەستخەتی بە ناوی “خەونساز” هەیە، ئامادەی چاپن. -باڵندە
تا ئێستا پێنج دیوانی شیعریی چاپ و بڵاو کردووەتەوە:
١/وەک درەختێک بیر دەکەمەوە (افکر مثل شجرە/ ٢٠٠٩/ در الجمل)
٢/خۆشەویستی بە پێی ڕۆژژمێری بەغداد (الحب حسب التقویم البغدادی/ ٢٠١٢/ در الجمل)
٣/خۆشەویستی بە پێی ڕۆژژمێری سۆمەر (الحب حسب التقویم السومری/ ٢٠١٣/ در الجمل)
٤/چۆن گوڵێک دەبەیتەوە؟ (کیف تفوز بوردە / ٢٠١٤/ در الجمل)
٥/مشتێک پەپوولە (کمشە فراشات/ ٢٠١٦/ در الجمل)
مشتێک پەپوولە
عەبدولعەزیم فنجان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: تەیب جەبار
ئەی پێپەتی وەک ئاونگ
نازانم بە ڕێکوپێکی خۆشتم بوێت، چونکە خۆشەویستی وەک باڵندەیەک گومانی هەبێت، پەرشوبڵاوم دەکات. باڵندەیەک کۆچی کرد و بە دوای جریوەیەکدا دەگەڕێت، گەرووی بریندار بکات.
ئەی ڕووتوقووت وەک با، سادە وەک قەڵەمی ڕەساس، شپرزە وەک چۆلەکەیەک لێرەوە بۆ ئەوێ، لەوێوە بۆ ئێرە دەفڕێت، بە دوای پەڕوباڵیدا دەگەڕێت.
ئەی پێپەتی وەک ئاونگ.
ئەی دوورەدەست وەک هەردوو دەستم.
ئەی گەرموگوڕ، وەک وەرزێک لە ماچ.
ئەی ئەو لێوانەی سۆز بە قسەکردن دەدەن.
تا تۆ تووڕە و بێزار نەبیت، نازانم خۆشتم بوێت، چونکە من منداڵێکم غیرە دەکەم لەوەی ترسم لێت هەبێت، منداڵێکم دەتشکێنێت و فرمێسکی لە چاوی ئەو ژنە دێتە خوارێ، کاتێک تۆ لە بەردەم ئاوێنەکەت دەوەستیت، ئەو دەردەکەوێت.
جەژنی هەست
چونکە تۆ چەند مەیدانێکی لە خەو، چەند شەقامێکی لە ئارەزوو.
چونکە تۆ بەهێزی وەک لاسکی گوڵ، چونکە تۆ تێکشکاوی وەک با.
چونکە تۆ جەژن و پەنجەرە و گڵۆپ دادەهێنیت.
چونکە تۆ لە لا قووڵەکەی دڵەوە هەڵدێیت.
چونکە تۆ دەستبازی لەگەڵ خەمگینیدا دەکەیت، وازی لەگەڵ نیگەرانیی جیهان.
چونکە تۆ ئەو خەیاڵەیت سەر لە مردن تێک دەدەیت.
چونکە تۆ جیابوونەوەی ئاونگی لە ئاو.
چونکە تۆ پایتەختی سەرسووڕمانی، وڵاتی ئەوانەی بە دەم خەوەوە ڕێ دەکەن.
چونکە تۆ ڕاگوزەری وەک تەمەن،
چونکە تۆ ئەزەلییت وەک ساتی مەستبوون.
چونکە تۆ بە هەردوو پێت دەڕۆیت. بە کەژاوەی شنەبا دەگەڕێیتەوە.
چونکە تۆ لە ماچەکانت گەلەهەسارەیەک لە نەیزەک دەهۆنیتەوە، لەگەڵ چەند سەبەتەیەک لە ئەستێرە.
تەمەن وەک هەور تێپەڕی، لە خاتیرەیدا هیچ شتێک نەما، جگە لە ڕووخساری تیژتێپەڕی برووسکەئاسای تۆ،
ڕووخسارت جەژنی هەستە.
کۆڵانەکان پاکێتی
هەرزەکارێک بووم، منداڵێک بووم لە کۆڵانەکانی پاکێتیدا گاگۆڵکەی دەکرد، کاتێ لە پڕ، لە بازاڕەکەدا، ڕووخسارت هەڵهات، لە پەنجەرەکەوە خۆم هەڵدا، ماڵ و مەکتەب و چایخانەکەی باوکم بەجێ هێشت، وازم لە هاوڕێیەکانم هێنا لەژێر گڵۆپی شارە هەژارەکەدا یاری بکەن، شەوی تایبەتی خۆمم گرت و دوات کەوتم، چونکە هەستم کرد دارستان و بەروبووم لەژێر کراسەکەمدا، نەشونما دەکەن، دوایی گەورە بووم…
ئاخ،
گەورە بووم، تاکوو گەیشتمە کۆتاییی تەمەن… لە ساتێکدا.
هەناسەکانت
خۆشەویستم، ئێمە دەگرمێنین، بێ ئەوەی بتەقینەوە، ئەوە بەهرەی ژیانە لەنێو گڕکانی جەستەماندا، کاتێ بێدەنگی پڕیشکی مەزنی من فڕێ دەدات و هەناسەکانت…
شەڕ
وەرە، شەڕ بگوازینەوە ناو ماڵ،
گوڵێکت تێ دەگرم،
لە ڕووخسارتدا، بەرەبەیان دەتەقێتەوە.
بۆن
تاریکی لە هەرێمەکانی دەری کردم، چونکە کاتێ من بیر لە تۆ دەکەمەوە دەگەشێمەوە، هەروەها زۆر بە زوویی گاڵتەم بە تەپڵ دێت، چونکە ئیقاعی من لە ناخەوە هەڵدەقوڵێت، دوای دەکەوم بۆ هەر شوێنێکی نادیار، جگە لە تارماییی ڕاپسکاوی تۆ لە هەموو شێوەیەک، هیچ نادۆزمەوە، وەک عەترێک نایەوێت بەندی شووشەی ئومێد و نائومێد بێت.
ئەی ناهیچ، ناهیچی مەزن، هیچ شتێک وەک تۆ نییە، لەبەر ئەوە لەسەر تۆ فریشتە ململانێم لەگەڵدا دەکات، کاتێ بۆنی ئامادەبوونی تۆی کرد نامەکەی نەنووسی…
چرا
خەمگین، وەک چرایەک نەوتی تێدا نەمابێت، باری ئەو هەموو تاریکییە هەڵدەگرێت، کە گوناهی ئەو نییە.
کۆتر
حەقتە تێک بچیت، کاتێک دەڵێم: تۆ ڕەنگت زەرد بووە. کە ڕەنگزەردتر بیت، من تۆم زیاتر خۆش دەوێت. بەڵام بە جوانی خوێندمەوە، کاتێک یەکەمجار تۆم لە تۆفانەکەی نووحدا بینی، کۆترێک سەری پڕخەونی تۆی کردبووە داڵدە.
حەقتە تێک بچیت، چونکە لە جەوهەردا خۆشەویستی تێکچوونە، بەڵام تکایە باسی نەکەیت، نەوەک کۆترەکە هەڵبفڕێت.
ژێی پچڕاو
دەتناسم نائومێدی، وەک ژێی پچڕاو، دەتناسم گۆرانییەکیت گەروو بریندار دەکات.
دەتناسم سپیت وەک دڵی گوڵ، سوور وەک ئارەزوو، سارد وەک بەفر.
دەتناسم زریانی، هێمنیی ڕووخسارت بارانبارینە.
دەتناسم تۆبەکاری، کافریت.
دەتناسم وەک گوللـەی وێڵ، یەک کەس لە دوژمن ناپێکیت،
من سەر دەبڕیت…
بۆ ژنێکی تێپەڕ
پێش بیست ساڵ، لە شارێکی قەراغ دەریادا، هەروا تۆم بینی، کاتێک بە چەرخەکەی من جگەرەکەت داگیرساند، دوایی ڕۆیشتی، بێ ئەوەی یەک وشەم پێ بڵێیت.
دوای ئەوە هەموو شتێک بیر چوونەوە، جگە لە دووکەڵی جگەرەکەت، هەروەها ڕووخسارت:
ڕووخساری پڕ لە خەم، نەمر وەک ئازار.
سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە کمشە فراشات/ ٢٠١٦/ در الجمل