ڕووخسارت ئابڕووم دەبات

عەبدولعەزیم فنجان/شاعیری عێراقی

December 27, 2018

 

عەبدولعەزیم فنجان شاعیرێکی عێراقییە، لە ساڵی ١٩٥٥ـدا لە ناسریە-ذیقار لە دایک بووە. دەرچووی کۆلێژی پزیشکیی بەیتەرەیە، فەرمانبەرە و ئێستا لە کەرکووک دادەنیشێت. لە شیعرنووسیندا خاوەنی دەنگ و شێوازی تایبەتیی خۆیەتی، سەر بە هیچ نەوە و گرووپێکی شیعری نییە. لە کۆتاییی هەشتایەکاندا لە عێراق دەرچوو و سەفەرێکی درێژی لە دوورخراوگە جۆراجۆرەکاندا دەست پێ کرد، کە کاریگەرییەکی قووڵی لە پەیڤەکان و تێڕوانینی شیعریی ئەودا هەبوو. گەرچی زۆر لە مێژە دەنووسێت و نووسینی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ حەفتایەکان، بەڵام یەکەمین کتێبی زۆر بەپشوو، لە ساڵی ٢٠٠٩ـدا بڵاو کردەوە. ماوەیەک سەرنووسەری ڕۆژنامەی میحوەر بووە. هەندێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر چەند زمانێکی بیانیی وەک ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیسپانی، فارسی و هتد… پێنج کۆمەڵەشیعری هەیە. لەم شیعرانەیدا، بە زمانە جیاواز و دەربڕینە تایبەت-بە-خۆیەکەی، ئەو دەدوێنێت، کە هەندێک جار خودی شیعرە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

 

ڕووخسارت ئابڕووم دەبات
عەبدولعەزیم فنجان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: تەیب جەبار

 

 

 

واز لە خۆم دەهێنم

لەو هۆڵەی بە ناوی تۆوەیە دێمە سەر چۆک،

لە ڕووخسارتدا، کە ئەستێرە دوای ئەستێرە پەلاماری خەیاڵ دەدا.

لە نیگەرانیتدا، کە شاعیران تێیدا دەفڕن،

زریانیش قاچوقولی خۆی تێدا دەدۆزێتەوە.

لە نهێنیتدا، کە کلیل دەیهێنێتە گۆ و نهێنییەکان دەردەپەڕن.

وەک نافوورەی نوور دڵ دەگەشێنێتەوە.

 

لە کارەساتتدا،

لە حەریری سۆزتدا، لە ترسناکیی ناڕوونیتدا.

لە تۆدا: واز لە خۆم دەهێنم.

 

 

گرمە

 

سۆز، شەوق…

ئا ئەمە ناوەکەیەتی؟

 

ئەو شتە ناڕوونەی لە ناخمدا دەگرمێنێ،

لەگەڵ فرمێسکم دەردەپەڕێ،

لە شوێنەکەیدا گرمەیەکی لەو مەزنتر جێ دەهێڵێ.

 

 

پەنجەرەکە بەخوڕ دەبارێ

 

لە پۆل تەباشیرم دەدزی، بۆ چاوانی گەنمڕەنگت،

وێنەی قوتابخانەیەکی گڕتێبەربووم دەکێشا.

 

کاتێ ئارەزووم تەقییەوە،

تەمەنت ساڵێک لە پەپوولە بوو،

لە سەرەڕێتدا بووم بە هەڵمی گوڵاو.

قژەکەت چەند سەدەیەک لە گوڵەگەنم بوو،

منیش ساتێک لە گەنم هەڵفڕیبووم،

جریوەئاسا دەتژەنم بۆ گەشتە دوورودرێژەکەم.

من دڵم لە لاوازترین حاڵەتدا بوو، کاتێ تۆ وەک بەرەبەیان لە دایک بووی،

خۆری تۆ چووە ناو خاتیرەمەوە،

کە ڕەشاییی ئاگر و دووکەڵی لەسەر کەڵەکە بووبوو.

 

من لەژێر بارانی تۆدا گۆرانیم دەگوت،

پەنجەرەکەش بەخوڕ دەباری.

 

 

زۆر ئەستێرە

(بێگومان بۆ هەنا)

 

 

زۆر خۆشی بۆ عەبقەرێتیی دڵت،

چونکە لەگەڵ دەشتاییی سادەییدا دەگونجێ، وەک خەوێکی سپییش دەدرەوشێ.

چونکە پەتی بەرائەت بە دەست دەگرێ، وەک چۆن درەخت- ساتی زریان- پەلوپۆی خۆی دەگرێ.

چونکە تەواو ئازادە، وەک بایەک چۆن نەخشی ئەو ڕێگەیە دەکێشێ کە پەڕێک دەیگرێتە بەر بەرەو دڵی هەوا.

چونکە کێڵگەیەکە، پەلاماری داسی دروێنەی خۆی دەدا.

چونکە گۆرانی بۆ ئەوپەڕ دەڵێ، لەگەڵ دووریدا کۆ دەبێتەوە.

چونکە گەیشتنە بە دەلیل.

 

زۆر کانیاو بۆ ڕووخساری خەیاڵکراوت،

چونکە پێکەنینت گشت زمانێکە، خەمیشت گشت بێدەنگییەکە،

چونکە خۆرهەڵاتت چۆلەکەیەک دەیگوازێتەوە بۆ خۆرئاوا،

خۆرئاواشت چۆلەکەیەکی رۆژهەڵات دەیهێنێتەوە.

چونکە لە دەنگتدا پوختەی شەرم هەیە، لە ڕووخساریشتدا بەرائەتی شەیتان.

چونکە ئاسمان، هەموو ئاسمان، لە دووردەرکەوتنی تۆدا کورت دەبێتەوە.

 

زۆر باڵ بۆ ئەو ڕۆحەت کە لە هەموو فڕینێکدا باڵەفڕە دەکا،

چونکە تۆ سەفەری عاشقی بۆ هەموو شوێنێک،

چونکە تۆ گەڕانەوەی موشتاقی لە هەموو شوێنێک.

چونکە تۆ شوێنێکی پڕە لەو شوێنانەی لە تۆ ناچن.

چونکە شوێنی وجوودت هەمان شوێنی غیابتە.

چونکە من نازانم چیم لە تۆدا خۆش دەوێ خۆشتم دەوێ،

بۆ ئەوەی نەزانینێک پیادە بکەم بمبات بۆ زانینێک و بمگەیەنێتە ناڕوونیی تۆ.

چونکە تۆم خۆش دەوێ لە هەموو شوێنێکەوە بانگت دەکەم،

دەزانم تۆ لە هیچ شوێنێک نیت،

سەرەڕای ئەوەی هەموو شوێنێک بانگت دەکات!

 

زۆر ئەستێرە ئەی شیعر!

 

 

شیعر هەیە

 

شیعر هەیە هیچ شێوەیەک وەرناگرێ،

وەک ئەو مەشخەڵەی یاری بە ڕەفتاری ئاگر دەکا و شکۆی وردوخاش دەکا.

 

ئەو شیعرێکە نایەوێ بەندی قەسیدە بێت، چونکە شعوورێکی پەتییە،

دڵسۆزی خۆیەتی، نە ئاسانی دەتوانێ بیگرێ و نە دەستی ئاڵوگۆڕ،

بەڵام- سەرباری ئەوەی باو تێک دەدا و شتی باویش نامۆ دەکا-

شکۆی زریان لە خۆ دەگرێ.

 

ئەو شیعرێکە هیچ سیفەتێکی نییە، جگە لەوەی وەسفکراو دەشڵەژێنێ،

هەموو سیفەتێک دەدڕێنێ، خۆشەویست دەبێتە گومانلێکراو،

جوانییش دەبێتە کارێکی شۆکهێن،

دڵنیایییش دەبێتە دەستێک، قەرەوێڵەی نیگەرانی ڕادەوەشێنێ.

 

ئەو شیعرێکی ترە، زۆرجار وەک خۆر هەڵدێ، کەمجار دەدرەوشێ،

هەموو ئەوانەی تووش بوون پێوەی بوون بە کەسانی نامۆ!

ئەی خۆشەویستی، خۆشەویستیم بۆ تۆ، وەک بۆ ئەو!

 

 

غەریب

 

کاتێ ڕووخسارتم دزی، نەمزانی ڕووخسارت ئەو چرایەیە

لەناو تاریکاییی جیهاندا ئابڕووم دەبا: هیچ شوێنێکم نەدۆزییەوە

ڕابکەم بۆی، جگە لەوەی بچمە ناو مەشخەڵی تۆوە،

چونکە ژیان زۆر تەنگە، بەشی داڵدەدانی پەتی مۆمێک ناکا.

 

چوومە ناو مەشخەڵی تۆوە و گڕم تێبەربوو، تاکو تێکەڵت بووم،

وەک چۆن ئاگر تێکەڵی مەشخەڵ دەبێ، ئیتر بووم بە کەسێکی غەریب.

 

 

لێم ون دەبی

 

لێم ون دەبی،

وەک درەختێک لە ڕەگەوە سەرکەوێ، بە قەدی خۆیدا هەڵگەڕێ،

لەنێو لق و گەڵادا بڵاو دەبێتەوە، دوایی بۆ قووڵایی نوقم دەبێ،

کە دڵی (بەر)ـی لێیە، بۆ گەڕان بە دوای کەینونەی خۆیدا.

 

لێم ون دەبی،

وەک درەختێک لە چۆڵەوانیدا لقوپۆپی بۆ هەموو لایەک درێژ دەکا،

بۆ گەڕان بە دوای باڵندەیەکدا، باڵندەیەکی غەریب، کە چڵوچێوی هێلانەکەی،

کردە بارمتەی ویژدانی سەوزی خۆی، بە تەنیا سەفەری کرد.