ئەگەر شیعر ڕووبارێک بێت، ئەوا عەبدولعەزیم فنجان، شاعیری عێراقی، بە تەنیشت ئەم ڕووبارەوە ڕێ دەکات. ئەو زۆر جار هەر لەو دنیا و خەیاڵ و ڕووداوانە دەدوێت کە پێشتر بینیومانە، بەڵام دەتوانێت ڕوانینێکی دیکەمان پێ ببەخشێت. ئەو شاعیرێکی تەنیایە، چونکە شێوازەکەی لە شیعرنووسیندا تایبەتە بە خۆی. – ماڵپەڕی باڵندە
دەبم بە خنکان چونکە تۆ دەریای
عەبدولعەزیم فنجان
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: تەیب جەبار
بۆچی عاشقی شاعیرێکى سادەى وەک من دەبی؟!…
دەکرێ خۆشم بوێیت،
هەرچەند لە پەخشی دەنگوباسدا ناڵێ:
ئاسمان سەراپا هەورە،
تەقینەوەش خەریکە بە تەنافدا هەڵماندەواسێت.
* * *
دەکرێ خۆشت بوێم،
هەرچەند ئەمە موعجیزەیە،
قەدەر لە لیستە ڕەشەکەیدا، من دەنووسێ.
قەدەر لە لیستەکانى تردا،
پیاوێکت بۆ دەستنیشان دەکا.
پیاوێک زوو دەگەڕێتەوە بۆ ماڵ،
پیاوێک هەندێ شتت بۆ دێنێ، من نیمە.
من لەوە زیاتر نازانم،
کە شەو بریندارم دەکا و دەگەڕێمەوە،
لەسەر سیسەمەکە ڕادەوەستم،
خوتبەیەکى توند دەدەم، حکومەت جنێوباران دەکەم.
* * *
من لەوە زیاتر نازانم،
بە پەتی نەبوونى، خۆم بە بنمیچی برسێتیدا هەڵبواسم.
ملی من، دەزوویەکى پچڕاوە لە ڕۆژى ڕەشەبادا.
* * *
من لەوە زیاتر نازانم،
کە درەنگانى شەو دەگەڕێمەوە،
تۆش چوارمشقی لە سووچێکى ژوورەکەتدا دانیشتووى،
تەماشاى وێنەکە دەکەى،
تا موعجیزەیەک ڕوو دەدات،
من لە وێنەکە دێمە دەرەوە،
بە شکاوى دێمە دەرەوە،
دێمە دەرەوە و وێنەکە دەدڕێنم.
بەو تاریکییە لە تەکت دادەنیشم،
سەرم دەخەمە نێوان هەردوو قۆڵت:
بۆچی لە باتی خۆم، قورساییی بوونم،
لەم جیهانەدا هەڵدەگری؟
هەوڵ بدە تێبگەى، من لە دەرەوەى گەمەکەم.
چارەنووسی تۆ ئەوەیە، ژنێک بیت:
ژنێک بیت و بەس.
ژنێک مافی ئەوەى نییە، حەز لە شاعیرێک بکات.
شیعر پیاسەیە لەنێو بۆسە،
شیعر خاکێکی چێنراوە بە بوومەلەرزە.
شیعر گەشتێکی سەرەڕۆیە.
شیعر کودەتایە لە ڕۆح.
شیعر شێتییە. زریانە شیعر.
* * *
ئاخ… بۆ شاعیرێکى وەکو منت خۆش دەوێ؟
چونکە من هیچم نییە، تەنانەت بە سوارى پایسکلیش…
ناتوانم بێم بۆ لات!
نە پاپۆڕم هەیە، نە دەریا،
بستێ زەویم نییە، چونکە وڵاتی من لە ئەستێرەیەکی دوورە.
وڵاتى من لە نەخشە دزراوە.
وڵاتى من، وڵاتى من نییە.
هەرچەند من سۆمەرییەکی دڵ-ڕەنگ-خەنەییم.
* * *
من سادەم وەک تەختى ناو باخچە،
کە بە هەنگاوى هاتوچۆکەران کەمێ دڵخۆش دەبێ،
خەمبارم، هەمیشە خەمبارم،
وەک گۆرانییەک لە قوڕگی شمشماڵدا گیری خواردبێ.
وەک وڵاتێکى کوژراو،
وەک قامیشەڵانێ بە تەپوتۆزى گومەزى لەبیرچوو خۆرە بووبێت.
وەک فانۆسێک، فڕێ درابێتە بن ڕووبار،
ڕاوچی و ئاو جێیان هێشتبێ.
تەفسیرى خەونى من قورسە،
خەون دەبینم خەونەکانم لە سێدارە بدەم،
چونکە هانت دەدەن بۆ خۆپیشاندان دژی ئەموئەو.
* * *
خەون دەبینم تۆم خۆش نەوێ،
چونکە من لە نزیکەوە تۆم خۆش دەوێ.
لە دوورەوە بە خۆشەویستیی تۆ دەسووتێم.
خەون دەبینم ڕقت لێم بێ.
چونکە من زۆر زیرەک و نادیاربینم.
* * *
خەون دەبینم لە خەونمدا نەتبینم،
بە تارماییی تۆ بێدار نەبمەوە،
کە ڕوونبوونەوەى بەیان لە نیوەشەودا دەردەخا.
کاتێک تێپەڕ دەبی،
شەیتان و پەری چوارمشقی پێکەوە دادەنیشن.
بەڵام ئەوەى دەکرێ ئەوەیە تۆم خۆش بوێ.
چونکە من وا دروست بووم،
لەگەڵ مەحاڵدا پێکەوە لەسەر خوانێک دانیشین:
ئەمە خواوەند لە پەرستگە دەشڵەژێنێ.
ئەمە ژیان لەگەڵ مەرگدا مەیسەر دەکا.
ئەمە ژیان دەبەخشێتە دەمارى پەیکەر و ئەسپ لە گۆڕەپان ڕادەکا.
ئەمە دەرگە لە دیلیی دیوار دەردەکا،
ئەمە کلیلە بۆ ئەوەى حەسرەت لە ژێرزەمینی قفڵ بەڕەڵڵا بکا.
ئەمە شووشەى پەنجەرە لە تەپوتۆزی خۆى پاک دەکاتەوە،
ئەمە ئاو لە تەنوورى جەستە هەڵدەقوڵێنێ.
پاشان تۆفانى دوڕ دەست پێ دەکا،
بلوور دەبارێ.
بەڵام ئاخ… ئەمە ڕوو نادات،
تاکو خۆشەویستى بە کوشتار کۆتایی دێت.
* * *
ئێمە بێباڵین و دەفڕین.
ئەوان نافڕن چونکە باڵیان هەیە.
بەڵام ئێمە بە هەمان هۆ دەکەوینە خوارێ،
ئەوان هەمیشە چاوەڕوانمانن.
* * *
هەمیشە چاوەڕوانن هەڵەیەک بکەین،
ئەوان لەم بابەتە شارەزان،
شارەزای داونانەوەن،
شارەزاى هەڵکەندنى ئەو بیرەن،
کە ئێمە تینوویەتیى لێ دەخۆینەوە.
* * *
ئاخ… ئەمە ڕوو دەدات کاتێک تۆم خۆش دەوێ،
کاتێک کونێک لە دڵدایە:
کونێک لە دڵی تۆدا،
کونێک لە دڵی مندا،
گوللەیەکیش هەیە،
ئەمە ڕوو دەدات،
کاتێک جگە لەو گوللەیە،
شتێک نییە ئەو دوو کونە بدوورێتەوە.
* * *
بۆچی لە من زیاتر خوێنت لەبەر دەڕوات؟
بۆچی لە من زیاتر دەمری؟
بۆچی؟
خۆشتم ناوێ، نە زۆر و نە کەم،
لە خۆشەویستیدا زۆریەتى نییە،
بەڵام دەکرێ تۆم زۆر خۆش بوێ،
تۆش بە زۆریەتى بمری.
وا بزانم پەشیمانیت، کە ئەمە ڕوو دەدا و من چاوەڕوانت دەکەم،
بەڵام تۆ نازانی،
ئەمە لە مندا ڕووی دا و تۆ هەر چاوەڕوانی منى.
هەردووکمان مەحکومین بەوەى:
تەختەکە لە عەرەقی جەستەمان پاک بکەینەوە،
لە جەنگی جیهان بکشێینەوە،
ئێمە خائینین:
نادیارمان دۆزییەوە،
ناونیشانمان زانى،
بە ماچێک تاریکیمان کوشت.
* * *
ئێمە یەک بەرەین: بەرەیەکی تر، ناوی نییە!
لەبەر ئەوە دەکرێ تۆم خۆش بوێ و بەرەو کۆتاییی دژوارم بڕۆم،
تۆش زۆر بمری و بە چڕی بمرى.
■
پاڕانەوە
لە غیابی تۆدا، ڕادەکەم و دەڕۆم لەسەر کورسی و مێزی نووسینەکەم دادەنیشم،
زمانت درێژ دەکەیت و گاڵتەت بەم ئازارە دێ، کە هەرچەند ئەمدا بە زەویدا
لە مرواری نزیک دەبمەوە، بەڵام من دەستم درێژ ناکەم بۆ قووڵاییی گەشی تۆ،
لە ترسی ئەوەی نەوەک بەرەژانی ڕاستەقینەم بدۆڕێنم، ئەو بەرەژانەی دەمبا
بەرەو ئەو قەسیدەیەی لە تۆ دەچێ.
چەند جار ئاواتەخواز بووم بتەقێمەوە، چونکە من بە تۆ تاساوم،
بە سۆز و شەوقی تۆ تاساوم، بەڵام دەترسم نەوەک هەڵچوونت لە من
بۆ دەرەوەی جەستەم نەزانم، کاتێ بۆ ئەو بۆشایییە مەزنە هەڵت بدەم…
ئاخ،
ئەو بۆشایییەی ناتوانێ ئامادەبوونی تۆ لە خۆ بگرێ.
■
ڕووناکی
پوختەی خەونەکەم گەیشتن بە سنووری تۆ بوو،
تاکو بزانم من کێم.
کاتێ دەتناسم لە خەڵوەت دێمە دەرەوە.
دەبم بە کیشوەر چونکە تۆ ئۆقیانووسی،
دەبم بە بەلەم چونکە تۆ سەفەری،
دەبم بە خنکان چونکە تۆ دەریای، ئەو دەریایەی
کە کراسە شینەکەی لە سەفەری تۆ دەچنی.
کە من تۆم دۆزییەوە باسم نەکرد، بەڵام مەعریفەم
گەشایەوە و ئابڕووت بردم، چونکە هەموو تۆم ئاوێزان کرد،
کە سەیری تۆیان کرد منیان بینی، بەڵام تۆیان نەبینی…
■
ئاسک
داوام کرد بە نووسین ڕزگارم بێ، بەڵام سەیرم کرد من لەوە لاوازترم کە بتوانم میوانداریی برووسکە بکەم،
یاخود گۆرانی بۆ ئەو دەریایە بڵێم کە بە شەپۆل و زریانی، لە نێوان دێڕەکاندا هەڵبەزودابەز دەکا،
چونکە من بەهرەدارم بە خنکان.
لە کەوتنە-تەڵە زیاتر هیچ نازانم، ئەو تەڵەیەی بۆ گرتنی تۆ نابوومەوە:
تۆی سەلار، تۆی ئاسک کە برینی ڕاوچییە بریندارەکە دەلێسێتەوە.
■
شیلە
تاریکی لە ناوچەکانی دەری کردم، چونکە هەرکاتێ بیر لە تۆ دەکەمەوە دەدرەوشێمەوە،
هەروەها من زۆر زوو گاڵتەم بە تەپڵ دێ، چونکە ئیقاعی من لە ناوەوە هەڵدەقوڵێ،
بەرەو هەر ناڕوونییەک دوای دەکەوم، جگە لە تارماییی تۆ هیچی تر نادۆزمەوە،
ئەو تارمایییەی لە هەموو شکڵێک خۆی دەرباز دەکا،
وەک ئەو عەترەی نایەوێ بەندی شووشەی نائومێدی و هیوا بێ.
ئەی ناهیچ، ناهیچی مەزن، هیچ شتێک نییە وەک تۆ، لەبەر ئەوە فریشتە لەسەر تۆ دەمبوغزێنێ،
ئەو فریشتەیەی وازی لە نامەنووسین هێنا، کاتێ بۆنی شیلەی ئامادەبوونی تۆی کرد.
■
گۆرانیی خۆم…
(خۆشەویستى تەواو، وشەش کپ بوو…
دڵ مەست: ئەستێرەیەکیش دانەچۆڕا)
فەیرووز
کاتێ خەریک بوو لە نائۆمێدیدا بفڕم.
کاتێ بەلۆعەى ئاوەکەم کردەوە…
بۆ ئەوەى دەموچاوم لە پەشیمانی پاک بکەمەوە.
کاتێ گشت فرمێسکی نامرادان لەناو لەپمدا کۆ بووەوە.
کاتێ بە هەر چوار لامدا (نەهاتن) زرنگایەوە.
کاتێ سۆزی خۆم گرتە دڵى ئاوێنە.
کاتێ پۆرتی ئەو پیاوەم شکاند کە مۆڕەى لێ دەکردم.
کاتێ هەموو مەعریفەم هەڵمژی، هەموو کتێبم فڕێ دا.
کاتێ دەستم بۆ ئەو ڕێبوارانە ڕاوەشاند…
کە لەناو بەلەمی سەر کراسەکەم ڕەسم کراون.
کاتێ نوسخەى ئەسڵیی نیگەرانیی خۆمم دۆزییەوە.
کاتێ لەژێر گڵۆپەکانى کۆڵاندا خۆم لوول دا.
کاتێ زەمەنم ڕاوەستاند.
کاتێ ئەوەى خۆشم دەوێ و ناوێ، کوشتم.
کاتێ تفم لە بەرەبەیان کرد.
کاتێ پەلامارى ڕووناکیم دا، خۆم لە دۆزەخ هەڵکێشا.
کاتێ بە (تیژبینى) تێر بووم.
کاتێ دووەم لەدایکبوونی خۆمم لە منداڵدانی پشکۆدا دەرکێشا.
کاتێ لەگەڵ پەری سەمام کرد و…
لەسەر مێزى شەیتان عارەقم لەگەڵ خواردەوە.
کاتێ دڵنیا بووم کە لەگەڵ ئەویندا بە پاکی یاریم کرد.
کاتێ بڕیارم دا بڕیارى هیچ شتێک نەدەم،
جگە لە پاککردنەوەى جێچەقۆیەک کە سەرچاوەکەى نازانم.
کاتێ هاوارم کرد: بۆچی؟!
کاتێ هاوار گەڕایەوە و بە قووڵی بڕیمی.
کاتێ سەیرى دڵی خۆم کرد، بینیم هەر وەکو جارانە.
کاتێ هەموو خەڵک گاڵتەیان پێ کردم،
کاتێ وەک مەیدانی شەڕ ئاشکرا بووم.
کاتێ گۆرانییەک هاتە ژوورەوە، سۆزى خۆی پێ بەخشیم،
کاتێ ئاواز مەستی کردم،
کاتێ وەک باڵندەى سەربڕاو، سەمام کرد.
کاتێ باوەشم کردەوە و باوەشم بە گوللەى ڕەحمەتدا کرد.
کاتێ فرمێسکێک بە قەبارەى جیهان کەوت.
کاتێ قەسیدەى خۆشەویستیم دڕاند.
کاتێ شڵەژام، جار دوای جار شڵەژانم دەنووسییەوە.
کاتێ لە پەنجەرەکەوە شەرمەزاریم بینی،
کاتێ ڕووبەڕوو بینیم.
کاتێ دەرگەم کردەوە، بە هاوڕێیەتیی ژوورەکە چوومە دەرەوە.
کاتێ وازم لە میوانەکان هێنا…
لەو چۆڵەوانییە گفتوگۆیان لەگەڵ ئازارەکانمدا دەکرد.
کاتێ هەستم کرد خەریکە قوربانی تەوقە لەگەڵ جەللادەکەیدا دەکا.
کاتێ ترس داگیری کرد، دڵیش دەرگەى خۆى داخست.
کاتێ کلیلەکەم بۆ هەڵدا.
کاتێ زانیم لەناو قفڵەکە دانیشتووم.
کاتێ بە شایەنی خۆم دۆڕاندم.
کاتێ دڵنیا بووم من کەسم شەرمەزار نەکردووە.
کاتێ هەردوو دەستم خستە ناو گیرفانمەوە.
کاتێ بە هێواشی ڕێم کرد.
کاتێ کەمێ خێراتر بووم.
کاتێ چوومە ناو خەڵکەوە.
کاتێ لەناو قەرەباڵغییەکەدا دیار نەمام.
کاتێ لە کەژاوەى جیهاندا وەک دووکەڵ بڵاو بوومەوە.