لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا شتێکی وامان لە مەڕ ژیان و بەرهەمی عەبد نیکپوو شاعیری ئێرانی دەست نەکەوت. کە دوای کەوتین لە ئیستانبووڵ دۆزیمانەوە. گوتمان دەمانەوێت جگە لە شیعرەکانت خۆیشت لە چەند دێڕێکدا بە خوێنەرانمان بناسێنین. گوتی: بنووسن: “عەبد نیکپوو و هیچی تر…” – ماڵپەڕی باڵندە
سوێند بە دەستم کە لەژێر سەرتدا بووە
عەبد نیکپوو
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: بەڕۆژ ئاکرەیی
هەرە پێداویستییەکەی من
بای ئێوارەکانە
لەبەر سێبەرێک لە تاقە گەواڵەی هەوری ئاسماندا
لە هەیوانی ئەو ڕۆژانەدا کە مانگ نابینرێت
لەگەڵ پیرێتیی بناغە و
لە ساتەکانی قسڵ و فرمێسکدا
پاشان
لەسەرەخۆ تاریکی دەکەین
■
کە تۆ دەڵێی من
خۆت دەڵێی
دەڵێی:
کە قوڕگم ماچ دەکەی
دەنووسم: دەخوێنییەوە
کە قوڕگم بە قوڕگت بخوێنییەوە
منیش لێرە
کە تەنیا، لەشم تەنیایە
کە دەڵێی من
لەگەڵ خۆم دەدوێم
کە تۆ گوێ ڕادێری و
من ببیستم لە قوڕگێکەوە دەنگی ماچ دێت
کە یەکێکە لە دوان
ئەوسا
تۆ من دەبینیت و
من واتای تۆ
■
سوێند بە دەستم
کە لەژێر سەرتدا بووە
کە جارێک چای بۆ تێ کردووی
جارێک پێستی چەشتووی
سوێند بە داوێنت
کە ماڵی تاقانەی دەریایە
سوێند بە داوێنت کە با دێت
سوێند بە ماڵم
کە کوێیە
سوێند بە چاوی چنراوم لە چاڵێکدا
لێرە من بە تەرزێ وەستاوم
کە کەس بەو تەرزە قەت نەمردووە
سوێند بە ئێستا
سوێند بە پاشان
■
لە پشت چەند پەنجەرە دەبیتە پەپوولە؟
دەبیتە چەند پەپوولە؟
کە چاوت دادەخرێن، دەنوویت؟
هێشتا هەمان پێڵوو لێک دەنێیت؟
خودای تۆ بۆچی هاوتەمەنی تۆ نییە؟
چەند سارد دەبێت کاتێ کە لە خەو هەڵدەستیت؟
گەڵای کام درەختت پۆشیوە؟
پیلت نایەشێت؟
درەنگت نابێت؟
بە کاتی ئێرە
هەر جارەی چەند جار باڵەکانت لێک دەدەیت؟
پاشان
هیچ وەڵام دەدەیت
■
هێشتان شیری دایکم
حەڵاڵ و
پشت پێڵووەکانم
مارە
■
چ قووڵایییەکی هەیە ئەم جیهانە
کاتێ کە تۆ سەیر ناکەیت
■
بۆنی ناشتن
بۆنی کفن
بۆنی گۆڕ
زەبر و کافوور
بۆنی مەسینە و مردووشۆر
دێت
■
لەنێو مندا
پەیڤەکان
بە لێوارە تیژەکانیان
هەڵدەپەڕن.
■
دڵم خەریکە ئەو ساتە دەخورپێت
کە بزر بوو و گوتی:
ئەم قوڕگە ئیتر
قسەی بەرامبەری پێ نییە!
■
شەوان گومان لە خۆر دەکەم
ڕۆژان لە خەو!
شارەکەی من لە چەند شاعیرێک دەچێت
کە هەرکامیان لە گۆڕی ئەوی دیکەدا سەرخۆشە
ڕۆژگاری شەوانی ڕۆژ و
ڕۆژانی گۆڕە دوورەکان
سەرنج: شیعرەکان لە کۆمەڵەشیعری “لەیەکان”ـەوە وەرگێڕدراون.