دەترسم ئیرەیی بەوانە ببەم کە مردوون

عەدنان موحسین/شاعیری عێراقی

December 6, 2018

 

عەدنان موحسین، شاعیر و وەرگێڕی عێراقی، لەدایکبووی ١٩٥٥ـە. لە حەفتاکانەوە عێراقی بەجێ هێشتووە و لە چەندین وڵات ژیاوە. ئەدەبی عەرەبیی خوێندووە لە پاریس و دکتۆرای هەیە لە زانستە مرۆیییەکانی زانکۆی ژۆسیۆدا. ئێستایش لە مۆزەخانەی لۆڤەر لە پاریس کار دەکات. لە کتێبەکانی (یادەوەریی بێدەنگی/ تاکوو کۆتایی/ لەسەر ئەم شێوەیە/ و زیاتر لە دەنگێک لە یەک قوڕگەوە). ئەو لە شیعرەکانیدا، لە لایەکەوە گلگامێش، سیزیف و مەرگ دەهێنێت تا بیهوودەیی و ڕەشبینیی ژیان و ئینسان دەربخات، لە لایەکیشەوە وەک شاعیرانی دیکەی عێراق ناتوانێت جەنگ لە ئەدەبیاتەکەی دوور بخاتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

دەترسم ئیرەیی بەوانە ببەم کە مردوون
عەدنان موحسین
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەڵان

 

 

 

ئەی گلگامێش!

کێشە چییە؟

ئەم هەموو کارانە چین؟

ئەنکیدۆ مرد

ئنجا چی؟

ئەمڕۆ

مردن بووە بە وەرزشێکی نەتەوەیی

لای ئێمە هاوڕێیان دەمرن

لە ڕێگەمان بەرەو گۆڕستان لە بیریان دەکەین.

 

 

سیزیف!

لە تۆ گەمژەترم نەبینیوە

تەنیا لەبەر بەردێک

هەموو کاتەکەت بە سەرکەوتن و دابەزین بە فیڕۆ دا!

لە کاتێکدا ئێمە تۆمان بە پێشەنگی ئەوەی خۆمان نەتوانین بیکەین دانا

دەبوو بەردەکە لە دۆڵەکە فڕێ بدەیت و

بگەڕێیتەوە و

دوای خواردنەوەی دوو پێک

پێیان بڵێیت چیاکەت لە جێی خۆی نەدۆزییەوە.

 

 

بە درێژاییی ژیانم

ئیرەییم بە کەس نەبردووە،

تەنیا لە یەک شت دەترسم

ڕۆژێک بێت

ئیرەیی بەوانە ببەم کە مردوون.

 

 

بەیاننامەیەکی شیعری:

پێویستمان بە سوپای زەبەلاح و

چەکی کیشوەرەکانی تر نییە

ئەم نیشتیمانە ببەن

نامانەوێت!

لەنێو خۆتان بەشبەشی بکەن

وەکوو چۆن لەشفرۆشەکان لەنێو خۆتاندا دابەش دەکەن

تەنیا

ئەو ئافرەتانەمان بۆ بەجێ بهێڵن کە تەنیا بڕوایان بە خۆشەویستی هێنا و

ئەو پیاوانەی بڕوایان بە خۆیان هێنا

بەڵکوو ڕۆژێکیان لە مردن بگەڕێینەوە

بۆ ئەوەی جارێکی تر ڕۆحەکانمان لە خۆڵەمێش هەستنەوە.

 

 

ئیشوکاری ڕۆژانە:

هەموو سپێدەیەک

دەموچاوم لە ئاوێنەکەدا لە بیر دەچێتەوە

بەرەوڕووی خەڵک دەردەچم،

لەو خەڵکە نامۆیە ڕادەمێنم

بەڵکوو ڕۆژێکیان خۆم ببینم.

هەموو شەوێک

لە هەمان ئەو بارە

چرکەیەک سەیری ئاوێنەکە دەکەم

بۆ ئەوەی دەعوەتێکی گەورە بۆ هەڵەکانم بکەم.

 

 

دراوسێ بێگەردەکەمان

مێردەکەی پێی گوت:

مەترسە خودامان لەگەڵە.

دوای ساڵێک

کوڕە گەورەکەی لە قادسیە مرد

دوای چەند ساڵێکی تر

کوڕی دووەمی لە گەڕانەوەی بەشەکەمان مرد

کەمێکش دوای ئەوە

تۆپەکانی بووش کەوتنە سەر ماڵی کچە تەنیاکەی

کاتێکش لە ڕۆژانی گرانییەکەدا بەتانییەکەی فرۆشت

بە ڕووی مێردەکەیدا هاواری کرد:

ئەی چی دەبوو

گەر خودا لەگەڵمان نەبوایە؟!

 

 

ئەمڕۆ

هەموو هەستەکانم خەوتوون

تەنیا

هەستی بێدەنگی نەبێت، ئەی باپیرە.

 

 

لە کاتی لاوێتیدا

پێیان گوتم؛ ئەوانەی دەچن بۆ باڕەکان

دەچنە ئاگر،

لەو ڕۆژەوە باڕەکان بوون

بە شوێنی نیشتەجێبوونی هەمیشەییم

بەهەشتێکی بێ برادەر

لە ئاگری دۆزخ خراپترە.

 

 

گەر هات و ڕۆژێک ژیاننامەی خۆم نووسی،

ئەوە تەنیا یەک دێڕ دەنووسم:

ئەم منداڵە بە هەڵە گەورە بوو.

 

 

تکایە هەموو شاعیران مەکوژن

چەند نموونەیەکیان لێ بهێڵنەوە

بۆ تاقیگەکانی نەوەی داهاتوو

بۆ ئەوەی ئەو خەڵکە بزانن

کە خەڵکانێک

پێش ئەوان ژیاون

شەووڕۆژ کاریان کردووە

بە ڕۆحگەلێک دووکەڵیان لێ بەرز دەبووەوە

بەبێ هیچ کرێیەک

یان هۆیەک.