عەلی وەجییە، شاعیرێکی گەنجی عێراقییە. لەدایکبووی ١٩٨٩ـیە لە بەغداد. دەرچووی کۆلێژی زانستیی ڕامیارییە. چەند بەرهەمێکی شیعریی هەیە، لەوانە (منفائیل– پەنجەکانم دەدوێن، جەستەت گوێ دەگرێت- قرژانگ (پەخشانی ڕەش). – باڵندە
ئەوەی لە جانتاکەم کەوت
عەلی وەجییە
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەڵان
(نامۆیی)
بە داوای لێبووردنەوە دەمرم؛
چونکە من چێژ لە شیعرەکانم نابینم.
(زانین)
وەکوو جاران شاری من نیت
لەو ساتەوەی زانیم
کەسێکی تر گومەزەکانت پاک دەکاتەوە
نەک من.
(پرسیار)
هێی!
ئێوە
ئەی مردووان:
بۆچی ڕووخسارەکانتان لەسەر شیعرەکانم بەجێ هێشت؟!
(ڕەشبینی)
مردم
گوێم لە هەواڵەکە بوو:
مردم
مردم!
(پەرلەمانی ٢٠١٠)
هەڵە؛
دەچیتە تەوالێتێک
…
..
.
کێ تۆپەڵە گەورەکە دەکات؟!
(هەناسەبڕکێ)
یاسا…
لە سەرەوە هەموانە!
(جیاوازی)
تێلیفۆنەکەی داخراوە،
ڕانەکانی کراوەن!
■
ئەگەر ئامێرێکی گەڕاندنەوەی کاتم هەبێت
دەگەڕامەوە و کۆشکی ڕەشیدم دەتەقاندەوە،
نا…
دەگەڕامەوە بۆ سەقیفە* و دەمتەقاندەوە،
نا نەخێر
دەگەڕامەوە بۆ کەشتییەکەی نووح و هەر هاوسەرێکم بە بۆمبێکەوە دەبەستنەوە
نا… ئەمە چارەسەر نییە
ماڵی ئادەم دەتەقێنمەوە
بەم شێوەیە
ئازارەکانمان لە سەرچاوەوە دەبڕم.
سەقیفە، شوێنێکە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مزگەوتی مەدینە. دوای مردنی پێغەمبەر، موسڵمانان لەوێ کۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی سەرۆکێک بۆ کۆمەڵی موسڵمان هەڵبژێرن.