عهلیشا مهولهوی، شاعیری ئێرانی، 12ـی جێنیوهریی 1953 له خوزستان له دایک بووه. له 6ـی مارسی 2014ـدا له تاران کۆچی دواییی کردووه. ئهو به شاعیرێکی شۆڕشگێڕ و ناڕازی ناسرابوو، که به ناوهکانی ع. مهولهوی و بههار ئاغایش شیعری بڵاو کردووهتهوه. شێوازی شیعری ئهو، تایبهت به عهلیشا خۆی ههیه و لێرهولهوێ ئاوێته به تهکنیکهکانی سینهما دهبێت. وهک له شیعری “مهکزیک واته زاپاتا”دا دهردهکهوێت. ئهو لهم شیعرهدا، له یهک کاتدا، شۆڕش، جهنگ، شیعر و سینهما ئاوێته دهکات، لێرهیشدا دهسهڵاتی شیعریی ئهو بهرباسه. ئهو پێنج دهفتهرهشیعر و شیعرهچیرۆکێکی بڵاو کردهوه و دوای شۆڕشی گهلانی ئێران، سهرهڕای داواکاریی وهشانخانهکان، به هۆی سانسۆرهوه، ئاماده نهبوو شیعرهکانی به وهشانخانهکان بسپێرێت. – ماڵپهڕی باڵنده
مەکسیک واتە زاپاتا
عەلیشاهـ مەولەوی
وهڕگێڕانی لە فارسییەوە: شادی نیکخا
لەگەڵ ڕێزم بۆ ئیلیا کازان بۆ فیلمی “بژی زاپاتا”
پەنجەرەکە بۆ مانگ
ئیمهیڵەکەم بۆ ئیمیلیانۆ زاپاتا بە کراوەیی جێ هێشتووە
لەگەڵ سپێدە،
لەسەر ماڵپەڕی ئاشتی، دادگەری و ئازادی بانگی کردم
بیرم هاتەوە هەر بەم هۆکارانە،
کامێراکەی ئیلیا کازان لە بەردەمیدا چۆکی دادابوو.
گوتم: هێشتاش، هێزە سەربازییەکان شوێنی ئەسپە سپییەکەت لە ئینتەرنێتدا هەڵدەکەن.
گوتی: هێشتاش، خەمی منداڵە برسییەکانی مەکسیکمە.
گوتم: ئیمیلیانۆ! لێم خۆش بە،
ئەو کچەی خۆشم دەویست
بە بیانووی بینینی تۆ بردم بۆ سینەما.
گوتی: دیمەنی کڵێسەکە… لە بیرتە؟
بۆ بینینی ئەو کچەی خۆشم دەویست، خودام کردە بیانوو.
گوتم: چ شکۆیەکی هەبوو ‘مارلۆن براندۆ’ کاتێک دەوری تۆی دەبینی
گوتی: جیهان هیچی نەبوو بۆ ستایشکردن، عەشق نەبێ.
سووچێکی کۆشک– لە بەردەم وێنە گەورەکەی مادۆرۆدا
زەرد و سەرگەردان، گوندییەکانی واتە سوور
کامێرا لەسەر شانی فاتێحی مەکزیکەوە سووکایەتییان پێ دەکات:
بەڕێز! کێڵگەکانی ئێمە دڕکەتێلی ئێوە برینداری کردوون
نان لە خوانەوە کۆچی کردووە بۆ خەونی منداڵەکانمان،
هێمنیی ئەسپە نەجیبەکانی ئێمە، تەقەی تفەنگە عەجیبەکانی ئێوە شێواندوویەتی.
نەجیبیی ژنە هێمنەکانی ئێمە، وەحشیگەریی سەربازەکانی ئێوە تاڵانی کردووە.
بەڕێز! تکایە بڵێن کێڵگەکانی ئێمە ئازاد بکەن.
هەموو شتێک لە پرسیارێکەوە دەست پێ دەکات:
ناو؟
ئیمیلیانۆ زاپاتا
ناوێک کە مادۆرۆ بازنگەی بە دەوردا دەکێشێ
وەک چۆن بە دەوری کێڵگە مەکزیکییەکاندا دڕکەتێل.
ئیمیلیانۆ هێندییەسوورێکی برسییە
بەڵام فریو ناخوا
گەرچی قسەکانی سەرۆککۆمار شیرینن.
سەرنج بدەن گرتەیەک پێش گرتەی کۆتایی،
کامێرا لە چاوی پەرۆشی فاتێحی مەکزیکەوە
ڕووخسارە گەورەکەی ئەو، بە سیماکاریی مەرگەوە دەبینێ
کێڵگەکانی خەڵک ئازاد کەن
منداڵەکان برسییانە
منداڵە برسییەکان بارووتی تەقینەوەی زاپاتان
ئاگادار بن ئەو وەک گڕکانەکەی پۆپۆکاپتەل لە ناکاو دەتەقێتەوە
ڕێک پاش دیمەنی تێکەڵکێشەکە کە فاتێحی مەکزیک لە کێڵگەکەدا ون دەکات
گڕکانەکەی پۆپۆکاپتەل دەتەقێتەوە
ئێستا مەکزیک واتە زاپاتا
لێرەوە تا گرتە شوومە ناڕەواکە کامێراکەی ئێلیا کازان
کورتتر لە باڵای ئیمیلیانۆ وەستاوە
کەی شایانی گلەیییە ڕۆڵی ناڕەوای قابیل و
چ جێی خەمخواردنە چارەنووسی شوومی هابیل؟
خۆزگە دەکرا ئەم دیمەنە نەفرەتییە ڕەش بکرێتەوە
مەڕۆ ئیمیلیانۆ، بگەڕێوە، سەیر کە ئەو ژنەی خۆشی دەوێی
کارەسات لە مانگدا پێشبینی دەکات
ئیمیلیانۆ! قورسە بۆ ئێلیا کازان ڕێکخستنی دیمەنێک کە
سەربازەکان گرتە بە گرتەیان نووسیوە
ئیمیلیانۆ! ئەم ئەسپە دەشێ بکرێتە ئەفسانە
ئەو هێندە پەرۆشتە، ئاڕاستەی دەسڕێژی گوللە هێشتانەهاتووەکان دەبینێ
کامێرا لە ڕوانینی ئاسمانەوە
کەسێک لەو سەرەوە چاوەڕێت دەکا
تۆ دەبێ بۆ ئاسمان بڕۆی و ئەسپەکەت بۆ ترۆپکی کێو
هەرمان لە یادەکاندا
ئەم گرتەیە خەڵکی مەکسیک نووسیویانە و
ئێلیا کازان هۆنیویەتەوە
سەراسیمە ئەسپێک کە مەرگی شۆڕەسوارەکەی خۆی دیوە
لەسەر پشتی کێوێک دەحیلێنێ دەحیلێنێ تا دەبێتە ئەفسانە
دەبێتە ئیمیلیانۆ نوێ دەبێتەوە،
ئەگەر نوونەکەی کۆتایی [وەک نان] بەنێو گوندییەکاندا دابەش بکەین.
کە گڵۆپەکان پێ دەکرێن، بە ژمارەی کورسییەکانی سینەما
ئیمیلیانۆ زاپاتا هەڵدەستنەوە
ئێستا
ئەگەر کەسێک هاوار بکات زاپاتا؟…
دەڕۆم پەنجەرەکە داخەم
پێش هاتنی ئیمیلیانۆ مانگ ڕۆیشتبوو.
سهرنج:
گرتە: پلان، شۆت
گرتەی نزیک: لۆنگ شۆت
گرتەی دوور: کلۆزئاپ
دیمەن: سێکانس Sequence
سیماکاری: گریم یان مەیکاپ ئارتیسیت
ڕێکخستن: دێکۆپاژ Decoupage
تێکەڵکێش: دیزالڤ Dissolve
فاتێح: زیاتر لە ئەدەبی ئیسلامیدا باوە، وەک فاتێحی قەڵای خەیبەر کە ئیمام عەلییە، بە واتای بگیر یان داگیرکەر، بەڵام بە واتا ئەرێنییەکەی- لەم دەقەدا بە توانجەوە لایەنی ئەرێنیی پێ دراوە- لە کوردیدا وشەی جەهانگیری بۆ دانراوە، بەڵام ئەوە بۆ مانا گشتییەکەی دەبێ و ناکرێ بۆ نموونە بڵێین جەهانگیری مەکزیک و هیچ وشەیەکی ترم نەدۆزییەوە ئەو مەبەستە بپێکێت، بۆیە هەر فاتێحم هێنایەوە.