سوڵح مەکە

ئەمەل دەنقەل/شاعیری میسری

January 26, 2020

“لا تصالح” شیعرێکی شاعیری بەناوبانگی میسری ” امل دنقل”ـە کە لە کۆتاییی حەفتاکاندا وەک بانگەوازێک لە دژی سوڵحکردنی سادات لە گەڵ ئیسرائيل و سەردانە کتوپڕەکەی بۆ ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە.

هۆنراوەکە پشت بە بەسەرهاتێکی کۆنی مێژووی عەرەب دەبەستێ لە شەڕەکانی “البسوس” دا کاتێک “کولەیب” کە میرێکی عەرەب بوو لەدارستان و جۆگەیەکی نزیک کۆشکەکەیەوە زەفەری پێدەبەن و دەیکوژن. لە گیانەڵادا دەبێت داوا لە یەکێک لە کۆیلەکان دەکات بیگەێنیتە سەردەروازەی کۆشکەکەی تا بتوانێ وەسێتنامەیەک بۆ میر “سالم الزير”ی برای بنووسێ. کاتێک دەیگەێنیتە ئەوێ خۆینی خۆی لە پەنجەی دەسوێ و ئەم وەسێتنامەیە لە سەر کاشی کۆشکەکەی دەنووسێ.

بێ هیچ لە بەرچاوگرتنی لایەنی سیاسی و ئایدولۆجی کێشەی نێوان عەرەب و ئیسرائيل و بێ هیچ پلە دانانێکی ئەخلاقی بۆ مەسەلەی تۆڵەسەندنەوە یان سوڵحکردن و نەکردن، بێ گویدانە هیچ یەکێک لەو ئیعتبارانە، من دەمێکە عاشقی ئەم شیعرەم  لام جوان بووە، بۆیە وەرمگێراوەتە سەر زمانی کوردی، ئێوەی ئازيزيش ئازادن لەوەی ئەو لایەنانەی چۆن هەڵدەسەنگێنن، بەڵام هیوادارم چێژ لە شیعرەکە و وێنە شیعرییەکانی ببینن. – شیروان مەحموود

 

 

 

سوڵح مەکە!
ئەمە دەنقەل
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: شیروان مەحموود

 

 

 

 

١

سوڵح مەکە

تەنانەت ئەگەر لە زێڕیشیان گرتیت!

ئاخرگەر هەردوو چاوت ‌هەڵکۆڵم

و دوو گەوهەریان لە جێ دانێم

هيچ دەبينيت ؟

شتگەلێک هەن بەپارە ناکڕڕێن:

يادەوەرييەکانی خۆت و براکەت کاتی منداڵيتان

هەستکردنی کتوپڕتان بە پیاوبوونی خۆتان

ئەو شەرمەی سۆزتان جڵەو دەکات

کاتی دەست لەملکردنی یەکتریتان

بێدەنگی بزەگرتووتان

کاتێک وەک سەردەمی مناڵیتان دەکەونە بەر سەرزەنشتی دايکتان

ئەو دڵئارامييە هەميشەییەی  هەستی پێدەکەیت:

کاتێک دەزانێت شمشێرەکەت دوو شمشێرە و

 دەنگت دوو دەنگی دلێرە و

ئەگەر مرديت ماڵ بێ گەورە نابێ و

منداڵيش بێ باب نابێ

ئاخر چۆن خوێنم  لە بەرچاوت دەبێتە ئاو؟

چۆن بەرگی لەخۆێن شەڵاڵمت لە یاد دەچێ؟

بەرگی بە زیوتەنراوی بەسەردا دەکەی؟

ئیتر ئەمە جەنگە

ڕەنگە دڵت ژێرباری غەمخات

بەڵام ئاخر  بۆ رووزەردی لای گشت عەربتکات؟

سوڵح مەکە و

هەوڵی هەڵاتنیش مەدە !

 

 

٢

بە خوێنیش بێت سوڵحی خۆین مەکە

گەر وتیشيان سەرێک لە بری سەرێکی تر، سوڵح مەکە

بۆ هەموو سەرێک یەک سەرە؟

بۆ دڵی غەریبە وەک دڵی براکەتە؟

چاوەکانی وەک چاوی براکەتە؟

بۆ دەستێک، شمشێرەکەی شمشيری دەستت بووبێ،

یەکسانە لە گەڵ دەستێک شمشێرەکەی کۆستی خستبیت؟

دێن و پێتدەڵێن:

هاتووین ئەم ڕووباری خوێنە ڕاگرین

هاتووین: تۆ فەرمانبکە و ئێمە گوێڕایەڵین

پێتدەڵێن: ئێمە کەس و ئامۆزای یەکین

پێیان بڵێ: ئێوە لەئاست ئەوانەی لە ناوتانبردن

ئامۆزایەتیتان نەفامی

ئینجا شمشێرەکەت بچەقێنە تەوێلی بیابان

تاعەدەم دێتە وەڵام

خۆ من جەنگاوەر و

برا و

باوک و

سەردارت بووم

 

 ٣

سوڵح مەکە

با هاواری پەشیمانیش

خەو لە چاوت بتارێنێ و

( گەر دڵیشتت بۆ ژنانی ڕەشپۆش و مناڵە لە خەندە بێبەشکراوەکانیان نەرم بوو)

 ئەوە بێنەرەوە یادت

کە برازا کۆتر ئاساکەت

گولێکە و بەوساواییە بەرگی ماتەمی لە بەردایە.

ئەوسا کە بۆ ماڵ دەگەرامەوە

بەراکردن بە سەر پلیکانەی کۆشکدا دەهات بە پیرمەوە و

باوەشی بە قاچمدا دەکرد

دەتریقایەوە و منیش بۆ سەرپشتی ئەسپەکەم بەرزمدەکردەوە

ئەوەتا ئێستاش مت و بێدەنگ

دەستی غەدر بیبەشی کردووە

 لە قسەی باوک ولە کڕینی پۆشاکی تازە

لەوەی ببێتە خاوەنی برایەک

لە باوکێک لە زەماوەنەکەیدا دەم بە خەندە بێت و

ئەگەر مێردەکەشی زوویری کرد بگەرێتەوە لای

لە باوکێک کاتێک سەردانی دەکات

 کچەزاکانی ڕاکەنە باوەشی

تا دیاری لێوەرگرن و یاری بەڕیشی بکەن و

مێزەرەکەی لە سەریان بپێچن

سوڵح مەکە

دەبێ گوناهی ئەو کۆترە چیبێت

هێلانەی گرگرتووی خۆی ببێنێ و

و لە سەر خۆلەمێشەکەی هەڵکوڕمێ.

 

٤

سوڵح مەکە

با تاجی میریشت لە سەر نێن

ئاخر چۆن بە سەرلاشەی براکەتدا هە نگاو دەنێی و

چون دەبیتە شا بە سەررووخساری خوازراوی شادیدا و

چۆن سەیری دەستی ئەوانە دەکەیت دەستت دەگوشن و

لە چنگی هەر یەکێکیاندا خوێنم بەدی ناکەیت؟

ئەو تیرەی لە پشتەوە منی پێکا

هەزار جار لە پشتەوە دەتپێکێ

تازە خۆین بۆتە مەدالیا و نیشانە

سوڵح مەکە

ئەگەر تاجی شایانەشیان نایە سەرت

عەرشەکەت شمشیرێکە و

شمشێرەکەشت ساختە

گەرساتەکانی شەرەفمەندیت بە نووکی ئەو شمشێرە نەکێشیت و

لات ئاسان بێت بادەی خۆشگوزەرانی بنۆشیت.

 

٥

سوڵح  مەکە

با ئەوانەی لە کاتی نەبەردیشدا دەستیان لەرزا

هاواریان لێهەڵسێ و بڵێن:

” چیتر شەڕمان پێناکرێ و برستمان پسا”

کە حەقپەرستی دڵتی تەنیت

هەر بە هەناسەت گڕ کڵپە دەکات و

زمانی ناپاکی لاڵ دەبێت

سوڵح مەکە

با تائێوارە باسی ئاشتیشت بۆ بکرێ

ئاخر سییەکانت چۆن شنەی لەکەدارکروایان بۆهەڵدەمژرێ؟

چۆن چاو دەنێیتە چاوی ئافرەتێ

سوور دەزانیت بۆت ناپارێزرێ؟

چۆن دەبیتە دڵدارە سوارچاکەکەی؟

چۆن دەتەوێ خەو بچێتە چاوی کۆرپەکەی

چ خەون و ئاوازێک دەچڕی بۆ دواڕۆژی مێر منداڵەکەی

کاتێک بە دڵێکی سەرشۆڕەوە گەورەی دەکەی؟

سوڵح مەکە و

 لە گەڵ بکوژانمدا لە سەر یەک خوان دامەنیشە

بە خۆین ئاوی دڵت بدە

ئاوی خاکی پيرۆز و

نزرگەی باپیرانت بدە

تا ئێسک و پروسکیان لێت دێنە وەڵام.

 

٦

سوڵح مەکە

با هەموو هۆزیش بێنە تکات

بە ناوی غەمی دڵی ئەو خانمە وە

با پێتبڵێن: زۆرزانی بخەرە گەڕ

و پێشوازی ئەوانە بکە دێنە لات

تۆ عەوداڵی تۆڵەیەکیت توول دەکێشێ

جا بەوە قایل بە کە ئێستا مەیسەر دەبێت

لە چەندساڵێکی کەمدا

بەشێک لە حەقی خوراوت وەرگرە

خۆ هەر تۆ نیت

داوای تۆڵە بکەیت

ئەمە تۆڵەی نەوە دوای نەوەیە

و سبەینێ  سوارچاکێک لە دایک دەبێ

سەرتاپا زرێی بۆ دەپۆشێ

ئاگری شەر هەڵدەکات و

داوای تۆڵە دەکات

 لە ناو پەراسوی مەحاڵدا

حەق چنگ دەخات

بەڵام تۆ سوڵح مەکە

با بشلێن سوڵح فێڵبازی و گزییە

تەبعی بڵێسەی تۆڵە وایە

بە تێپەربوونی وەرز و ساڵ

ڕووی لە کزییە

چەمۆڵەی ئابڕووچۆنیش(بە هەر پێنچ پەنجەیەوە)

نەخشی سەر تەوێڵی زەلیلیە.

 

٧

سوڵح مەکە

با ئەستێرە کانیش ئاگادارت کەنەوە و

ئەستێرەناسانیش پەیامیانت بە گوێدا بە نەوە

من دەمتوانی لە خۆینی خۆم خۆشبم

گەر دوو دڵی نێوان تاڵی ڕاستی وتاڵی گومڕایی بوومایە

بەڵام من نە داگیرکەریانبووم

نە بەلای ڕەشماڵیانداچووبووم

نەدزو تاڵانکاری ڕەزیان بووم

نە پێشێلکاری باخ و بێستانیان بووم

نە بكوژەکەم هاوارێکی لێکردبووم

لە پاڵمەوە دەرۆیشت و پاش کەمێک ماڵئاوایی لێکردبووم

کەمێک ڕێی کردبوو، خۆی لە نێو دارەکاندا لێ ونکردبووم

لە ناکاو

موچرکەیەک نێوان دوو پەراسومی کوونکرد

دڵم وەک بڵقی سەرئاو هەڵتۆقی و پووکایەوە

هەرچوونێک بوو لە سەر ئانیشک خۆم خشاند

بینیم ئەو ئامۆزا ناپیاوەم وەستابوو

 نیگای پێخۆشبونی تێمدەگرت

منیش نە قەمەیەکم پێبوو، نە دەستم چەکی دەگرت

تەنیا توڕەیی ناخم بوو لە تینوێتیدا گڕی دەگرت.

 

 ٨

سوڵح مەکە

تا وجود دەگەڕێتەوە سەر مەدار و خولی خۆی

تا ئەستێرەکان دەگەڕینەوە سەرکات و جریوەی جاران،

تا باڵندەکان دەگەڕێنەوە بۆ چریکەی خۆیان،

تا لمەکان دەگەڕینەوە بۆ گەردیلەکانیان و

 تا بە ناحەقکوژراوەکە

 دەگەرێتەوە لای کچە چاولەڕێکەی خۆی.

لە چرکەیەکدا هەمووشت کۆتایی هات:

تافی لاوێتی ـ خۆشی وبەزمی خزمان ـ حيلەی ئەسپەکان ـ پێشوازی لە میوان ـ غەمباری دڵ کاتێ غونچەیەک سیسدەبێ لە ناو باخان ـ  نوێژ بو وەرزی باران ـ خۆ بە دەستەوەنەدانی دڵ، کاتێک دەبینێ وا باڵندەی مەرگ و نەمان

 دەفڕێ و خولدەخوا بە سەر زۆرانی دەستەویەخەی تێکشکاندا

لە بەرحەزێکی بیفەڕ هەموو شتێک داڕما

ئەوەی کوشتمی خوایەک نەبوو

تا بڵێم ویستی خوابوو

لە من جوامێرتر نەبوو

تا من کوشتەی چەقۆی ئەو بم

لەمن کارامە تر نەبوو

تا کوشتەی شمشێری بە توانای بم

 سوڵح مەکە

چونکە سوڵح پەیمانگیری نێوان دوو کەسی یەکسانە

 لە شەرەفمەندی دڵا و

پابەندبوونێکە بێ ئەملاولا

لێ ئەوەی کوشتمی

دزێکی پەتیبوو

خاکەکەمی بە بەرچاومەوە دزی و

بێدەنگیش قاقای گاڵتەئامێزی خۆی لێدەدا.

٩

سوڵح مەکە

با هەموو ڕیشسپییەکانیش دژی شمشێرەکەت بن

با هەموو پیاوە درزبردووە کانیش دژت بن،

ئەوانەی مێزەرەکانیان تەپیوەتە سەرچاویان

ئەوانەی شمشێرە عەرەبییەکانیان

  ساڵانی سەربەرزییان لە یادچووە و بزربووە لێیان

سوڵح مەکە

چارت نییە

تەنیا پێداگری نەبێ

لەوەی لەم سەردەمەدا، تۆیت تاکە شۆڕەسوار

هەموو ئەوانی تریش

شێواون و خێچ و خوار.

 

١٠

سوڵح مەکە

سوڵح مەکە.