ماڵئاوا ماچەکانی بەرەبەیان

ئانا ئاخماتۆڤا/شاعیری ڕووس

May 30, 2018

 

 

ئانا ئەخماتۆڤا، شاعیری ڕووس، لە ٢٣ـی جوونی ١٨٨٩ـدا لە ئۆدێسا-ئۆکرانیا لە دایک بووە. ٥ـی مارسی ١٩٦٦ لە ڕووسیا کۆچی دواییی کردووە. لە بنیادنەرانی ڕێبازی شیعریی ئەکمەییزم بوو. لە شیعرەکانیدا ئەوەی بەرچاوە، ڕەوتی زەمەن، بیرەوەری و یادەکانی ڕابردوو، چارەنووسی هونەرمەندی ژن و دژواری و تاڵییەکانی ژیان و نووسینە. لە کتێبەکانی: زەردەپەڕ/١٩١٢. شیعری بێقارەمان/١٩٦٥. باڵندە

 

 

 

ماڵئاوا ماچەکانی بەرەبەیان
ئانا ئەخماتۆڤا
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: چیا فەقێ

 

 

ئاهـ لە لات وا بوو منیش لەو جۆرەم،
بگریم و بڵێم:
“چۆن منت لە بیر کرد!”
بپاڕێمەوە و بنووزێنم،
خۆم هەڵدەمە ژێر پێی ئەسپان.

 

یان داوا لە جادووگەر بکەم
دەرمانێکم لە ڕەگەکان بۆ دروست بکات؛
بیپرژێنمە سەر دەسماڵە تایبەتییەکەم
وەک دیارییەکی کوشندە بینێرم بۆت.

 

لام باشترە بە نەفرەت بم.
نەوەک نیگایەکم یان ئاهێکم
بە ڕۆحی نەفرینی تۆ بگات.

 

بەڵام سوێند بە باخچەی فریشتەکان،
سوێند بە ڕەمزی موعجیزەکان،
بە ئاگری تامەزرۆییی شەوەکانمان،
هەرگیز ناگەڕێمەوە لات.

 

بۆ مەرگ
بە هەر جۆڕێک بێت تۆ هەر دێیت،
بۆچی ئێستا نایەیت؟
من چاوەڕێتم و چیتر توانای ژیانم نەماوە.
ڕووناکیی ژوورەکەم خامۆش کردووە، دەرگەکەم خستووەتە سەر پشت.
بۆ تۆ ئەی سادە و ناوازە.
تکایە، کام ڕووخسارت دەوێت بیپۆشە:
وەکوو بۆمبێکی ژەهراوی خۆت فڕێ بدە ناو ژوورەکەم،
یان وەک بکوژێکی بەئەزموون بە چەقۆیەک، خۆت بخزێنە.
یانیش بە میکرۆبێکی تیفۆ ژەهراویم بکە،
یان بە چیرۆکێکی سادەی دەستکردی خۆت،
(
کە لای هەموان بە نەخۆشی ناسراوە.)
وەرە بمبە،
پێش ئەوەی فەرماندەی کڵاوشینەکان بمبات و بهێڵە ڕووخساری لە-ترسان-سپیهەڵگەڕاوی چاودێری باڵەخانەکە ببینم.

 

هەمووی بۆ من وەکوو یەکن.
(یەنیسێ)*  بە خوڕ ڕێ دەکات،
ئەستێرەی جەمسەریی دەدرەوشێتەوە.

 

کۆتاترس تیشکی شینی چاوە ئازیزەکان دادەخات

 

٭ڕووبارێکە لە ڕووسیا

 

میوان
هیچ شتێک نەگۆڕاوە:
هێشتا گێژەڵووکەی بەفر خۆی بە پەنجەرەی ناندینەکەدا دەکێشێت.
منیش هەر وەک خۆمم،
بەڵام ئەمڕۆ پیاوێک هاتە لام.

 

پرسیم:
“چیت دەوێت؟”
“دەخوازم لەگەڵ تۆدا بم لە دۆزەخ.”
وەڵامی دامەوە.
پێکەنیم.
گوتم:
“دیارە دەتەوێت هەردووکمان لەناو بچین.”

 

دەستە باریکەکانی هەڵبڕی و بە ناسکی نەوازشی گوڵەکانی کرد:
“پێم بڵێ پیاوەکان چۆن ماچت دەکەن، پێم بڵێ تۆ چۆن پیاوەکان ماچ دەکەیت.”
چاوە مەنگەکانی بەبێ ترووکان لەسەر گوستیلەکەم بوو،
ڕووخسارێکی ساردۆنی، هەتا بەبێ جووڵانی تاکەماسولکەیەک.

 

ئۆهـ تێگەیشتم، ئەو نواندنەی ئەو دەیزانێت هەستوسۆز و جۆشوخرۆشە،
تێگەیشتم، هیچم نییە ئەو بیەوێت،
هیچم نییە تاکو ڕەدی بکەمەوە!

 

کۆتاپێک
کۆتاپێکم دەخۆمەوە
بۆ ماڵە ڕووخاوەکەمان
بۆ ژیانی پڕ نەگریسیم
بۆ ئەو تەنیایییەی تێیدا ژیاین
بۆ تۆ پێکەکەم هەڵدەدەم:
بۆ لێوە درۆزنەکان کە ناپاکییان لێ کردین،
بۆ ئەو ساردییە کوشندەیەی چاوەکانت
بۆ ڕاستییە تاڵەکان دەخۆمەوە:
بۆ ئەو ڕاستییەی کە جیهان بێبەزەیی و دڵڕەقە
بۆ ئەو ڕاستییەی کە خواش ڕزگاری نەکردین.

 

ئیتر لە یەک پەرداخ ناخۆینەوە
نە شین نە شەرابی
ئیتر ماچەکانی بەرەبەیان نابن و
تەماشای زەردەپەڕیش لە پەنجەرەوە،
تۆ لەگەڵ هەتاودا دەژیت و
من لەگەڵ مانگ،
بەڵام لە ئێمەدا تەنیا یەک ئەڤین زیندووە
بۆ من، دۆستێکی وەفادار و زەریف
بۆ تۆ کچێکی سەرەحاڵ و شاد
بەڵام من ترس لە چاوە خۆڵەمێشییەکانی تۆدا دەبینم
تۆیەک کە هۆکاریت بۆ نەخۆشییەکەم
دیدارەکان کورت و درەنگ درەنگ

 

لە شیعری مندا تەنیا دەنگی تۆیە کە دەخوێنێت
لە شیعری تۆدا، ڕۆحی منە، سەرگەردانە
ئاگرێک بەرپایە نە فەرامۆشی و
نە ترس دەتوانن بەسەریدا زاڵ ببن

 

خۆزگە دەتزانی لەم ساتەدا
لێوە وشک و پەمەیییەکانتم چەند‌ێک خۆش دەوێن

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار