گاڵتەجاڕی

یەڤگینی یەڤتوشینكۆ/شاعیری ڕووسی

February 24, 2019

 

 

یەڤگینی یەڤتوشینكۆ شاعیری ڕووسی، لە ١٨ـی جوولای ١٩٣٢ لە زیما، ڕووسیا لە دایک بووە. ١ـی ئەپڕیلی ٢٠١٧ لە ئەمەریکا کۆچی دواییی کردووە. یەکێک لە باشترین شاعیرانی یەکێتیی سۆڤیەتە کە پاش سەردەمی ستالین دەردەکەون. بۆ شیعرەکانی خەڵاتی واڵت ویتمانـی پێ بەخشراوە. هەروەها هێندێک لە شیعرەکانی لە لایەن میوزیسیانی ناوداری ڕووس دیمیتری شەستەکۆڤیچەوە لە سەمفۆنیاکاندا بەکار هێنراون. بەلەمی نامەبەر و لەژێر پێستی پەیکەری ئازادیدا لە کتێبەکانی ئەون. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

گاڵتەجاڕی
یەڤگینی یەڤتوشینكۆ
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: سەڵاح حەسەن پاڵەوان

 

 

ئەی ناوبانگ ماڵئاوا

لە جێگام هەركەسێكی تر دابنێن،

دەیگۆڕمەوە كورسیی سەرۆكایەتیم

بە گۆشەیەكی فێنك لە سەنگەرێكدا

لەوێدا بە ئاسوودەیی

نوقمی خەوێكی قووڵ دەبم.

ئای چەند حەز دەكەم ترسەكانم بەتاڵ بكەمەوە

هەرچیی شانازیی خەماوی كوشندەمە

بیڕژێنمە نێو گوێی گوڵەشەكرۆكێكی تووكدار.

منێك بە بێزاری بەسەر لادا

ڕاكشاوم

ئارەزوومە بە ڕووخسارێكی ڕیشنەوە

لە نێوان ئەسپێ و وردەمێروو هەستمەوە،

ئای ئەو بێناوییە چەند شیرینە!

ئارەزوومە لە شوێنپێی قەرەج بۆ سەماكردن

كەسێكی گونجاو بم.

دوور لە حاڵیبوونی خەڵكی لە دەسەڵات،

ئەوانەی لە بەرزترین قوللـەدا بە نینۆكیانەوە دەوەستن،

بێ ئەوەی هیچیان چارەڕەشیم بۆ بنێرن.

من لە قووڵایی لەنێو چاڵی خۆمدام.

لەوێدا دەست لە ملی سەگێکی گەڕ دەكەم

ئارەزوومە ڕاكشێم و لە تۆزی لەدڵاشیرین،

لەدایكبوونم ساز بكەم

لەگەڵ بەرزترینی خاڵی زەویدا

گوتوبێژێ بگۆڕمەوە

شانبەشانی كچێكی پێخاوس

بە پاكیزەیی لەگەڵ شفرەی گیاسووڕێنەرەكان بسووڕێمەوە

لەژێر گالیسكەی پووشوپەڵاشدا

ئەوەی لە نێوان من و ئاسماندایە،

دەمەوێ لەسەر كورسییەك دابنیشم، لەوێوە

پاكەتە لوولدراوە بەتاڵەكەی نێولەپم تووڕ بدەم.

لەو وێنە هەڵواسراوەدا بلۆك دەبینم

بە دەمی پێچخواردووی بە خەمەوە بۆم پێدەكەنێ.

 

 

 


ئەلیکساندەر بلۆک شاعیرێکی ڕووسییە

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار