دۆمینۆ

ئەسعەد ئەلجبووری/شاعیری عێراقی

November 21, 2018

ئەسعەد ئەلجبووری، شاعیر و ڕۆماننووسی عێراقی، لەدایکبووی ساڵی ١٩٥١ـە لە زیقار. لە ساڵی ١٩٧٤ـدا لە لایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە (بەعس) سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە و دواتر خۆی ئاودیوی سنوورەکان کردووە، هەتا لە ساڵی ١٩٨٩ـدا لە وڵاتی دانیمارک دەگیرسێتەوە. لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاردا کاری کردووە. خاوەنی پازدە کۆمەڵەشیعر و هەشت ڕۆمانە. یەکەمین دەفتەرەشیعری خۆی بە ناونیشانی (گوڵت سەربڕی… ئایا خەونیشت سەربڕی) لە ساڵی ١٩٧٧ـدا بە چاپ گەیاندووە. ئەندامی هەمیشەییی یەکێتیی نووسەرانی دانیمارکە و بەڕێوبەری نووسینی ماڵپەڕی (ئیمپراتۆر)ــە، کە تایبەتە بە بواری شیعر. ئەو لەم شیعرەدا تاریک، سووریالییانە- وەک شیعرەکانی دیکەی- نەختێکیش شانۆیی دەڕوانێتە شتەکان و ئەڤینیش وەک دۆمینە وێنا دەکات. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

دۆمینۆ
ئەسعەد ئەلجبووری
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: ئالان پەری

 

 

 

دەبا ماشێنەکە بمرێت پێش ئەوەی دەفتەری ڕۆژانەکە لە بەرەبەیانێکی زوودا پاک بکرێتەوە.
ئێمەی بەروارەکان، هەوڵ بۆ بەکارهێنانێکی تر دەدەین لە ماڵە درەوشاوەکانماندا، کە بە فیتنەی هەور و مێینەکان و کودەتاکان و ڕێوییەکانی دراما ڕۆشن بووە.
تا چەند لە درەختە تەقێنراوەکانی ڕۆحماندا چاوەڕێ دەکەین و
چەند لە بەرهەمەکان مۆسیقا کۆنیان دەکات، بە دوور لە سەگ و شوانەکانیان، لەنێو پەڵەڕەشەکاندا.
کەسەکان ژمارەیەکن لە مێگەل و ناونیشان و قەبرستانەکان
ئا بەو جۆرە وەک چەتەی هەرزەکاران بێ توخم لە دایک دەبین،
کۆدەکەیشمان گوناحە.

 

 

لەسەر ناوچەوانمان سارای بەفرە، بێ هیچ کامێرایەک یان ڕێنیشاندەر
چەند سامناکە زەمەن… دەڵێی تەختەڕەشەکەی لە پێستی تیمساحێکی مەزن
درووست دەکات… و
بە سەریەوە چەند کەشتییەکن لە لوتکە شکاوەکان.
دوێنێ خووەکانی ڕەشەباکانمان ئاشکرا دەکردن
کە چۆن لەنێو سندووقێکی ڕەشدا خەویان لێ دەکەوێت، لەگەڵ خەسڵەتەکان و نواندنی سێکسی و هەستەکاندا.
جەستە پڕیەتی لە پشکنەر و
سۆزەکانیش چەند چاڵەئاگرێکن بە درێژاییی مێشک،
دواتر ئەوین دەبێتە ژوورێکی دۆمینەی بێ بنمیچ…
ئەی هاوار…
عاشقی بێهوودە، شاشەیەکە و شیری تاڵی لێ دەڕژێت.

 

 

پ/ چیتر نامەکان چاو گەشاوە نین

و/ ناخی وشک بووە، عاشق چووە سەر تایپی میروولەی نەخوێندەوار

پ/ هەتا هەزەلییات لەو بەدحاڵییەت پێدەکەن

و/ ئەوین لە جەنگە. دڵنیا بە. وشەکانیش وەک ماری ژێر بیابان وان

پ/ دەتبینم کە تۆ لە تەنیایییەکەتدا ئاسوودەیت

و/ چیتر ئاو پەیامبەر نییە. بووە ساڵنامەی دەستنووسی وەنەوزی دەماغ

پ/ لە ئێستاوە چیتر لە قوربانییەکە هیچ سۆزێک بە تەلیسمی ئاهەنگەکانەوە نایەتە دەر

و/ بەڵام… هیچ منداڵییەک هێندەی منداڵیی مریشک سەیرتر نییە

پ/ ئەوینداریش… ئەی نایبینی وەک هێلکە دەشکێت

و/ دەیبینم بە تەشویش فراوان دەبێت

 

 

ئەنگوستیلەی دڵمان لێ دەکەینەوە و بەرز دەبینەوە. چەند ڕووبارێک بە جلی دڕاوەوە لە پێشمانەوەن. وەک خووی هەمیشەی ئەو جۆرە ئاوانە، لەنێو پێیەکان، هەرگیز پرسیار لە ماسییەکانی خۆی ناکات.
عاشق وەک ئەسپێکی نەخۆش لە هۆش دەچێت و مۆسیقایش دەبێتە سۆپایەکی ئاگرین بۆ خەیاڵ. ئەویش بە بێدەنگییەکی خامۆشەوە لەنێو جێگەکە، تامی لێوی دەکرد. نەیدەتوانی بوونی خۆی بانگ بکات، بە درێژاییی ملیۆنان بەرکەوتەی لەیادکراو، کە ناوەستێن لە دواندنی لافاوەکانی جەستە. ئایا دەڵێت: عەتر یەکەمین باری مێژووە و هەموو ژیان بریتییە لە حەوزێک لە بەکتریا؟! هیچ بوارێک بۆ چنینی کات نییە، بوونەوەر تەرمێکە بەسەر خۆیدا وێران دەبێت و سزاکەی بە تاریکی کۆتایی دێت.