بسرەوە وەک ئەو سەرابانەی لە زەینمدا ناسرەون

ئاسۆ سەڵاح/شاعیری کورد

July 4, 2021

ئاسۆ سەڵاح لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. پەیمانگەی کۆمپیوتەری تەواو کردووە. لە شیعرەکانی بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ و واتاگەرایانە دنیاکەی خۆی دەردەبڕێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

بسرەوە وەک ئەو سەرابانەی لە زەینمدا ناسرەون
ئاسۆ سەڵاح

 

وەک شارێک کە دوژمن گەمارۆی داوە
وەک دارێک کە چاوەڕێی زریان بێت
وەک ڕووبارێک کەوتبێتە بنبەستەوە
لە چاوی تینووتدا هەڵـدەلەرزم

 

وێنە ڕواوەکەی ناو خەیاڵدانت منم
دوژمنە ئەزەلییەکەت لە مندا دەژی
من مەحکوومم بە کوشتن

 

شمشێرەکەت بە قورتمم تیژ دەکەیتەوە
قامچییەکانت تاو داوەتە سەر لەشم
تا لە خوینی مندا تۆڵەت بشۆیتەوە

 

لەشێک لە بەفر و خوێن
پێستێک لە ڕەنگی خۆر
دوو چاوی ترستێزاو
چوار پەلی هەڵلەرزیو

 

وەک خاکێکی بە-ڕم-کێڵراو
وەک بەرانێکی نیوەسەربڕاو
خوێنت لێم دەوێت

 

قامچییەکانت وەک مار لێم دەئاڵێن
گوڵ و دڕکم دەپژێنن
چاو و دەمارەکانم دەکرۆژن
خوێنم دەخۆنەوە و دەخۆنەوە

 

دایکت لە جەستەمدا و
منداڵیت لە چاوی ترساومدا و
فانتازیات لە خوێنمدا دەبینیتەوە

 

بمکوژە تا ژیانت تێ بزێت
وەک برینێک کە لە بوونمدا زاوە.