شیعر وەکوو خەون جوان و پووچە

ئاسۆ سەڵاح/شاعیری کورد

January 1, 2022

ئاسۆ سەڵاح لە شاعیرانی نوێی کوردە. ساڵی ١٩٩٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. لەم دوو شیعرەیدا هەوڵ دەدات واتاگەرایانە زمان چڕ بکاتەوە و وێنە لەناو وێنەدا درووست بکات.– ماڵپەڕی باڵندە

 

شیعر وەکوو خەون جوان و پووچە
ئاسۆ سەڵاح

 

 

ئەو بزانەی ناگەنەوە بە ژیان
نالرفێنن چارۆکەی ئەو کەشتییانەی وەهمیان دێنایە ئەم زەمینە شینە و تاڵانفرۆشیی ئەو دەستە خاڵییانەیان دەکرد کە تینووی قوومێک باران بوون، ئەو دەستانەی بە گران وشکەبەفریان دەکڕی و بە هەرزان دەیاندۆڕاند بە شەوە چاوزەقەکانی ئاسمانی ئەم زەمینە بێنەخشە و بێدووکەڵکێشەی کە گڕ و دەنگیشی قوت دەچێتەوە وەک چوونەوەی ناو لە وێنەدا و خنکانی فڕین لە بادا، با کە لە گۆمێکی قەتماغەگرتوو بە هەرمێ کێویلەکان دەدات و بۆی گۆ ناکرێتە سەر زەمینێکی مەحاڵ، زەمینێک کە بایش پێی ناگات وەک ئەو بزانەی ناگەنەوە بە ژیان و ئەو شاهێنانەی هێلانەکانیان لە تۆفان دەپارێزن و ئەو گورگانەی درک بە مەرگ دەکەن و ئەو دەنگانەی چیتر گەروو نابڕن، دەمویست بەرگری لە ئەبەدییەتیی وێنەکەم بکەم کە لەودیو مەحاڵەوە دەڕەقسا و خەونم پێوە دەدی و بۆم نەدەترووکا،
تۆفانێک لەنێو مەمکە کڵۆمدراوەکانی شەودا شڵپەی دەهات و من بۆ قەتیسبوونی دڵۆپەخوێنی ئەبەدیم و سەدان مەل لە گەروومدا و چەندان شیعر کە لە برینەکانمدا ڕوابوون گۆرانیم دەچڕی، ئاسمان بۆنی قەدیسە شەهوەتبازەکانی دەتکانەوە سەر گۆشت و ئێسکەکانم، ئافاتی بایەقووشەکان پێستیان بردم بۆ دەباغخانە و چیتر ڕەنگی خۆمم نەناسییەوە و نەمتوانی هیچی نوێ بپۆشم…
تەنیا شاخێک کە بەفر دایپۆشیوە و بەفرێک کە دارستانێک ڕەژووی لە خۆیدا حەشار داوە دەشێت دەنگێکی وەها نامۆ ببیستێت و هەڵیلووشێت.

 

 

مەلێک لە دەستێکی قونجاودا
مەلێک لە دەستێکی قونجاودا
بۆ ئەبەد چاوێکی کراوە جێ دێڵێت
خەون بە لێواری دوایین شەپۆلەوە
چەند جوان چەند زوو ڕێ دەگرێت
شەو بەسەرماندا دەبارێت و
هیچ خاکێک متمانەی پێ ناکات
تارماییی ناولەپی لقە دوورەکان
وەک جادووی مەرگیان حەشار دابێت
دەدرێنە بەر نەفرەت و
لاشەی سەگێک لەژێر تریفەی مانگدا
وەک شاعیرێک تەنیا جێ دەمێنێت
مانگ بەر دەبێتەوە ناو گۆمێک و
ڕێبوارەکان لە تینوویەتیدا مەرگی لێ دەخۆنەوە

 

با دەلرفێنێت و لە دۆڵەکاندا شکست دەخوات
جوانیی ژنێک ناتوانێت جەنگ ڕابگرێت
شیعر وەکوو خەون جوان و پووچە

 

داڵانی خوێنبەربووی دۆزەخئاسا
سەرابێکی بەدنیاز کە بۆ چاوی دوورتر دەگەڕێت
ڕەگی بەئازار قەتماغەبەستوو
کەنارگەلی هەوربردوو
داهۆڵەکان…

 

زەمەن چیتر هیوایەک شک نابات
تا ئازارەکانم بیر بچێتەوە
ئازارەکان لەناو مندا کاڵ نابنەوە
دۆزەخ بێبەرییە لە کاڵبوونەوە
وەک مەلێک لە دەستێکی قونجاودا
بۆ ئەبەد چاوێکم کراوە جێ دێڵم