دەمدۆزیتەوە

بابک زمانی/شاعیری فارسینووس

September 26, 2019

بابەک زەمانی لە شاعیرانی نوێی زمانی فارسییە. خەڵکی ئیلامە. ڕۆمانیش دەنووسێت و “دوای هەور” ڕۆمانێکی پڕفرۆشی ئەوە. هاوکات وەرگێڕێکی چالاکی شیعرە بۆ زمانی فارسی و جارجار شیعری کوردییشی وەرگێڕاوە. لەوانە: شێرکۆ بێکەس. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

دەمدۆزیتەوە
بابەک زەمانی
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

دەمدۆزیتەوە

بە هەر جۆرێک بێت، دەمدۆزیتەوە

بەبێ ئەوەی ناونیشانەکەم لە کەس بپرسی

بەبێ ئەوەی ژمارەکەمت لا بێت

دێیت و دەمدۆزیتەوە

 

بۆ شوێنێکی دوور ناچم

دەمدۆزیتەوە

تەنانەت ئەگەر ژوورێکی بچکۆلەم لە یەکێک لە شارە سنوورییەکاندا بە کرێ گرتبێت،

دێیت و لە پشت پەنجەرەوە

بانگم دەکەیت

 

دەمدۆزیتەوە

تەنانەت ئەگەر ئێخەی پاڵتۆکەم هەڵبدەمەوە

تەنانەت ئەگەر لێواری کڵاوەکەم بێنمە سەر چاوم

کاتێک بە شەقامێکدا لە وارشۆ دەپەڕمەوە

 

دەمدۆزیتەوە

لە پشت یەکێک لە پایەکانی پەرستگەی بووداوە

دەمدۆزیتەوە

لە تەنیشت دارێکی سکویاوە

 

دەمدۆزیتەوە

لە ڕیزی بەردەم یەکێک لە نانەواخانەکاندا

لەسەر یەکێک لە کورسییەکانی سینەما

لای یەکێک لە دەراڤەکانی تەرمیناڵی غەرب

لە نێوان تەماشاکەرانی پێشبڕکێی مەلەوانی

 

دێیت و

دەمدۆزیتەوە

دێیت و ڕێک لە تەنیشم دادەنیشی

لە تەعمیرکارێکدا لە کەرکووک

لەسەر تەختەکورسییەک لە پارکی لالەی تاران

لە پشت جامخانەی کتێبفرۆشییەکەوە لە مۆسکۆ

لەسەر پشتی کەشتییەک لە ئاوەکانی بەندەری بارسیلۆنا

 

بەبێ ئەوەی لە کەس بپرسی

دێیت و دەمدۆزیتەوە

لە کەمپی ژمارە-سێی یەکێک لە شاخەکانی نیپاڵ

لە یەکێک لە گوندەکانی کوردستان

لە کڵێسایەکدا لە شاری نۆتردام

لە کافێیەکدا لە پراگ

لای کەنارێک لە مەراکیش

لەودیو پەنجەرەی میوانخانەیەکەوە لە کۆلکەتە

دەمدۆزیتەوە

 

ڕێک دێیت و لە کورسییەکەی تەنیشتمەوە دادەنیشییت

لە فڕینی شیراز-بەندەرعەباسی حەوتی بەرەبەیان

 

ڕێک دێیت و لە نۆرینگەیەکی ددانپزیشکی

دەمدۆزیتەوە لە (حەوتەمی خورداد)دا

دروست کاتژمێر چوار و نیوی ئێوارە

 

ڕێک دێیت و ئۆتۆمبیلەکەت

لە تەنیشت ئۆتۆمبیلەکەمەوە پارک دەکەیت

لە نهۆمی دووەمی پارکینگی نهۆمەکیی هەمەدان

 

ڕێک دێیت و لەگەڵ مندا ڕەوانە دەکرێی

بۆ سەربازگەی سێیەمی جیرۆفت

 

ڕێک دێیت و دەمدۆزیتەوە

لە گەرمەی بەگژاچوونێکی خوێناویدا

ڕێک دێیت و دەمدۆزیتەوە

لەوبەری شەقامەوە کە هەنگاو دەنێم بە تەنیشت باڵاخانەیەکەوە کەوا دروست دەکرێت

 

ڕێک دێیت و زەنگی سی چوارەمی

بلۆکی هەژدەیەمی شەقامی یازدەیەمی ساری لێ دەدەیت و

من دەرگەت لەسەر دەکەمەوە و

من پێڵاوەکانت ڕیز دەکەم و

من پاڵتۆکەت دادەنێم و

من چات بۆ تێ دەکەم و

من تەلەڤزیۆنەکەت بۆ هەڵدەکەم و

من ڕۆژنامەت بۆ دەهێنم و

من ڕووبەڕووت دادەنیشم و

من دەستەکانت دەخەمە نێو دەستەکانمەوە و

من چاو دەبڕمە چاوەکانت و

من بە کاوەخۆ دەڵێم:

بەخێر بێی مەرگ