پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر – ٢٠١٩

March 21, 2019

پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر (٢١ـی مانگی ٣ـی هەموو ساڵێک)، پەیامێکە هەر ساڵێک و لە لایەن شاعیرێکی جیهانەوە دەنووسرێت. شاعیرەکە لە لایەن (ناوەندی باڵندە)وە بۆ نووسینی پەیامەکە دەستنیشان دەکرێت. ئەم پەیامە بایەخ بە ڕۆڵ و گرنگیی شیعر لە جیهانی ئێستادا دەدات، جیهانێک کە تێیدا بەردەوام ئاشتی و پێکەوەژیان لە پاشەکشەدان و شەڕ و توندوتیژی و نادادپەروەری ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پەرە دەستێنن. ئایا شیعر دەتوانێت لە جیهانێکی ئاوادا چی بکات؟ هەروەها بایەخی شیعر لە ژیانی شەخسیی شاعیردا و تێڕوانینی ئەو شاعیرە بۆ دنیای شیعر. پەیامی باڵندە بۆ ڕۆژی جیهانیی شیعر، دەیەوێت سەرنجەکان لەسەر شیعر چڕتر بکاتەوە و پێمان بڵێت شیعر چییە و چی پێ دەکرێت. ناوەندی باڵندە، بۆ ساڵی ٢٠١٩، شاعیری کورد، بەختیار عەلیی بۆ نووسینی ئەم پەیامە هەڵبژاردووە. ئەو لە ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لە دایک بووە. هێندێک لە ڕۆمانەکانی بۆ چەندین زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕدراون و پەخشانەشیعرییەکانی لە زمانی کوردیدا بایەخێکی ئەوتۆیان هەیە. یەکەمین کتێبی شیعریی ”گوناهـ و کەرنەڤاڵ“ـە و دواهەمین کتێبی شیعریی بریتییە لە ”شەوێک ئاسمان پڕ بوو لە ئەستێرەی شێت.“

کلیک بکە بۆ خوێندنەوەی دەقی پەیامەکە بە

کوردیی سۆرانی

كوردیی کورمانجی

فارسی

العربية

English