خەوەکانمان لە خەوننامە مەخوێنەرەوە

بیسێرا ئەلیکادیچ/شاعیری بۆسنی

November 7, 2018

 

بیسێرا ئەلیکادیچ ــ Bisera Alikadić، خانمەشاعیری هاوچەرخی بۆسنەیە. لەدایکبووی ٨ـی فێبریوەریی ساڵی ١٩٣٩ـیە و لە ساڵی ١٩٤٧ـەوە نیشتەجێی شاری سەرایڤۆ بووە. یەکەمین کۆمەڵەشیعری خۆی بە ناوی (شەو و بەردی کارەب) ساڵی ١٩٧٢ چاپ کردووە. خەڵاتی کولوڤۆنیچی لە ساڵی ٢٠٠٣دا وەرگرتووە. وەک خانمەشاعیرێکی شیعری هاوچەرخی بۆسنیا ناسراوە. بەشداریی لە چەندین ئەنتۆلۆژیای شیعری کردووە و شیعرەکانی لە پڕۆگرامی خوێندنگەکانی بۆسنیا دەخوێنرێن. شیعرەکانی بۆ چەندین زمانی جیهانی وەرگێردراون، وەک زمانەکانی: فەڕەنسی، ئینگلیزی، پۆڵۆنی، ئەڵمانی، ئیسپانی و ئەلبانی. (شەمەندنەفەرێک بۆ ئاسمان) شیعر بۆ منداڵان، چاپی ٢٠٠٠ و کۆمەڵەشیعری (بەردە شێتەکە) چاپی ٢٠٠٢، دوو کۆمەڵەشیعری ناوداری ئەون. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

خەوەکانمان لە خەوننامە مەخوێنەرەوە
بیسیرا ئەلیکادیچ
وەرگێڕانی لە دانیمارکییەوە: ئالان پەری

 

 

بۆ نموونە،

کاتێک پیاوێک لە سەرایڤۆ خەون بە میوەوە دەبینێت

ئەوا میوە دەبینێت.

کاتێک ژنێک لە سەرایڤۆ خەون بە گێزەرەوە دەبینیت

ئەو تەنیا گێزەر دەبینێت.

لە خەونی منداڵاندا جەللاد،

جەلادێکی ڕاستەقینەیە.

لە کتێبی خەونەکاندا…

 بە دوای مانایەکدا بۆ خەونەکانمان مەگەڕێ

لە لای ئێمە هیچ سنوورێک نییە،

لە نێوان خەون و ڕاستیدا.

ئێمە سووپەر-ڕاستەقینەین

ئێمە سووپەر-سوریالیین.

ئێمە ڕەهەندێکین لە جوانی،

کە بە جەستەیەکی زامدارەوە دەنووسین.

هەندێک لە مردووانمان

تەرمێکیش چییە، بەجێی ناهێڵن…

بۆ هەوێنی بارووتی چەکەکان.

 

 

ئێمەین، بۆ باڵی ئاسمان

تەنیا قیژەیەکمان هەیە.

 

 


سەرچاوە: ئەنتۆلۆژیای شیعری هاوچەرخی بۆسنە و هیرزۆگیڤینیا بە زمانی دانیمارکی ٢٠١٨.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار