کارڵ سەندبێرگ شاعیری ئەمەریکی، لە ساڵی ١٨٧٨ لە دایک بوو و لە ١٩٦٧ـدا کۆچی دواییی کرد. بە کتێبی “شیعرەکانی شیکاگۆ” ناوبانگی دەرکرد و دوو جار بۆ بەرهەمە شیعرییەکانی خەڵاتی ئەدەبیی پولیتزەری پێ بەخشرا.– ماڵپەڕی باڵندە
لەژێر مانگی دروێنەدا
کارڵ سەندبێرگ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: سەیوان محەمەد
لەژێر مانگی دروێنەدا،
ئەو دەمانەی زیوی نەرم
دەبریسکێتەوە و ئنجا دەتکێ
بەسەر شەوانی باخچەدا،
مەرگ، گاڵتەجاڕی خۆڵەمێشی،
دێ و بە گوێتدا دەچرپێنێ
وەکوو هاوڕێیەکی دەلال
کە بیری هاتووەتەوە.
لەژێر گوڵەکانی هاویندا
دەمێ ڕەنگی ئاڵی بەڕەونەق
خۆی مات داوە، لە زەردەپەڕی
گەڵا سوورە کێوییەکاندا،
خۆشەویستی، بە دەستە چکۆلەکانییەوە،
دێ و بە هەزار یادگارییەوە
لەمست دەکا و
لێت دەپرسێ
پرسیاری جوانی بێوەڵام.