شیعرەکانی شیکاگۆ

کارڵ سەندبێرگ/شاعیری ئەمەریکی

December 25, 2021

کارڵ سەندبێرگ شاعیری ئەمەریکی، لە ساڵی ١٨٧٨ لە دایک بوو و لە ١٩٦٧ـدا کۆچی دواییی کرد. بە کتێبی “شیعرەکانی شیکاگۆ” ناوبانگی دەرکرد و دوو جار بۆ بەرهەمە شیعرییەکانی خەڵاتی ئەدەبیی پولیتزەری پێ بەخشرا.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

شیعرەکانی شیکاگۆ
کارڵ سەندبێرگ
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

 

ئەڤینی خشتکارێک
بیرم لەوە کردبووەوە خۆم بکوژم!
ئاخر من تەنیا خشتکارێکم و
تۆیش ژنێکی ئاشقی خاوەندەرمانخانەیەک.
بەڵام ئێستا ئیتر وەکوو ئەوکات نیم
ئێستا خشتەکان ڕێکتر دادەنێم و
پاشنیوەڕوانیش کاتێک ماڵە لێ دەدەم
ڕەوانتر گۆرانی دەڵێم.
بەڵام کاتێک تیشکی خۆر لە چاوم دەدات و پەیژەکە دەلەقێت
کاتێک مەڵاتەکە باش دەرناچێت بیر لە تۆ دەکەمەوە.

 

 

گیا
تەرمەکانیان لەسەر یەک هەڵچنن لە ئوستەرلیتز و واتەرلۆ.
بە بێڵ بیاننێرنە ئەو ژێرە لێگەڕێن من کارەکەم بکەم-
من گیام؛ هەموویان دادەپۆشم.
هەڵیانچنن لەسەر یەک لە گێتسبۆرگ و
هەڵیانچنن لەسەر یەک لە ئیپرە و ڤێردون.
بە بێڵ بیاننێرنە ئەو ژێرە لێگەڕێن من کارەکەم بکەم.
دوو ساڵی تر، دە ساڵی تر، ڕێبوارەکان لە ڕێزانەکە دەپرسن:
ئێرە کوێیە؟
ئێمە لە کوێین؟
من گیام.
لێگەڕێن من کارەکەم بکەم.

 

 

دەرگەکان
دەرگەی کراوە دەڵێت: وەرە
دەرگەی داخراو دەڵێت: تۆ کێیت؟
سێبەر و تارمایی بەنێو دەرگە داخراوەکاندا تێدەپەڕن.
ئەگەر دەرگەیەک داخراوە و دەتەوێت داخراو بمێنێتەوە
بۆچی دەیکەیتەوە؟
ئەگەر دەرگەیەک کراوەیە و دەتەوێت کراوە بمێنێتەوە
بۆچی دایدەخەیت؟
دەرگەکان فەرامۆش دەکەن بەڵام تەنیا دەرگەکانن دەیزانن
ئەوەی کە دەرگەکان لە بیری دەکەن.

 

 

هەر ئەوەندە
هەر ئەوەندە؟
دەروازەکان دووبارە هەرگیز ناکرێنەوە؟
با و غوبار لە دەوری ئەنجامەی ژەنگاویی دەرگەکان دەخولێنەوە و گۆرانییەکانی ئۆکتۆبەر دەناڵێنن،
ئۆی- بۆچی، ئۆی- بۆچی؟
تۆ تەماشای کێوەکە دەکەیت و
کێوەکە تەماشای تۆ دەکات و
تۆ ئاوات دەخوازیت خۆزگە کێو بوویتایە و
کێوەکە هەرگیز هیچ ئاواتێکی نابێت؟
هەر ئەوەندە؟
دەروازەکان دووبارە هەرگیز- هەرگیز ناکرێنەوە؟

 

تەنیا با و غوبار و
ئەنجامەی ژەنگاویی دەرگەکان و ئۆکتۆبەری ناڵان و
ئۆی- بۆچی، ئۆی- بۆچی، لە گەڵا هیشکە ناڵانەکاندا.
هەر ئەوەندە؟

 

هیچ شتێک لە هەوادا نییە بەدەر لە گۆرانییەکان و
هیچ گۆرانیبێژێک، هیچ زارێک کە لەم گۆرانییانە بزانێت؟
تۆ بە ئێمە دەڵێیت ژنێک بە دەردەدڵەوە ئەمەی بە تۆ گوتووە؟
هەر ئەوەندە؟

 

 

بەختەوەری
لە مامۆستایانی ژیانم پرسی پێم بڵێن
بەختەوەری چییە.
چوومە لای کەسانێک ناوداری جیهان بوون و
کاروباری هەزاران کەس لە دەستیان.
هەموان سەریان ڕاوەشاند و زەردەیەکی وایان هاتێ،
وەک بڵێیت سەر دەخەمە سەریان.
پاشان ئێوارەی ڕۆژێکی یەکشەممە
لە کەنار ڕووباری پلینز پیاسەم دەکرد
کە دەستەیەک قەرەجم بینی، لەژێر دارەکان دانیشتبوون
لەگەڵ ژن و منداڵەکانیاندا، بە جلیکانەیەک بیرە و
ئاکۆردیۆنێکەوە.

 

 

ڕۆیشتوو
لە شارەکەمان هەموان ئاشقی لۆریمەری کیژۆڵە بوون.
کاتی خۆی
هەموان ئاشقی بوون.
بێگومان هەموان ئاشقی کچێکی سەرشێت دەبن
کە دەست لە خەونەکانی هەڵناگرێت.
یەک کەس نازانێت لۆریمەرەچکۆلە بۆ کوێ ڕۆیشتووە.
یەک کەس نازانێت بۆچی ورتکەوپرتکەکانی، بڕێک شتی کۆنەی
خستە جانتاکەیەوە و ڕۆی.
ڕۆی بەو چەنە بچکۆلەیەوە
کە پێش خۆی کەوتبوو
بەو قژە نەرمەیەوە کە لەژێر ئەو کڵاوە گەورەیەوە
بێخەم لە بادا دەشنایەوە.
هەم سەمای دەکرد و هەم گۆرانیی دەگوت، ئاشقێکی پڕوزە و ڕووخۆش بوو.
دە نەفەر لەوانەیە سەد نەفەر، نازانم چەند پیاو مرخیان لێ خۆش کردبوو؟
پێنج نەفەر، پەنجا نەفەر، نازانم چەند پیاو دڵیان بە خاتری کەوتبووە ژان؟
تەنیا دەزانم هەموان دڵبرینداری لۆریمەری کچۆڵە بوون و
ئێستا کەس نازانێت لە کوێیە.