دیسان جەنگەکان

سینان ئەنتۆن/شاعیری عێراقی

August 24, 2018

سینان ئەنتۆن، شاعیر و ڕۆماننووسێکی عێراقییە، ساڵی ١٩٦٧ لە بەغداد لە دایک بووە. لە زانکۆی بەغداد بەکالۆریۆسی خوێندووە و لە ئەمەریکاش ماستەر. دکتۆراکەشی لە زانکۆی هارڤارد خوێندووە. دەرهێنەری سینەمایییە. ئێستا لە زانکۆی نیویۆرک کار دەکات.  چەندین ڕۆمانی هەیە، لەگەڵ یەک دەفتەری شیعری بە ناونیشانی (یەک شەو لە هەموو شارەکان). – ماڵپەڕی باڵندە

 


سەردانی دایکم ناکەم
سینان ئەنتۆن
وەرگێڕان لە عەرەبییەوە: ئەژین باجەڵان

 

 

زۆر سەردانی دایکم ناکەم

چونکە ماڵی ئەو لە کۆتاییی دنیایە،

تەنانەت لە هاوینە گەرمەکانی بەغدادیش

زۆر ساردە.

دواجار کە سەردانم کردن

زۆری نەگوت

بێدەنگییەکەی وەکو بەرد وا بوو

هێشتا سەرشانمی قورس کردووە،

تەنانەت دراوسێیەکانیشی بێدەنگ بوون

بە چاوی نووقاوەوە لێمیان دەڕوانی،

با شتێکی چرپاند

لێی تێنەگەشتم

ئینجا پاسەوانی گۆڕستانەکە دەستی درێژ کردەوە

و گوتی:-

ڕۆحی شاد بێت.

 

 

 

جەنگەکان

 

جەنگێکیان

فڵچەیەکم هەڵگرت

کە بە مەرگ تەڕ بووبوو

لەسەر دیواری جەنگ

پەنجەرەیەکم کێشا و

کردمەوە

بۆ ئەوەی بە دوای داهاتوویەکدا بگەڕێم

یان کۆترێک

یان هیچ شتێک،

بەڵام جەنگێکی ترم بینی و

دایکێکم بینی کە کفنێک دەچنێت،

بۆ ئەو کوژراوەی

هێشتا لە منداڵدانیەتی.