گۆرانییەک لە کۆتاییی دنیادا

جیسلاڤ میلۆش/شاعیری پۆڵەندی

February 11, 2022

چیسلاڤ میلۆش، شاعیری پۆڵەندی، لە ٣٠ـی جوونی ١٩١١ لە دایک بوو و ١٤ـی ئۆگەستی ٢٠٠٤ لە تەمەنی ٩٣ـساڵیدا کۆچی دواییی کرد. لە ساڵی ١٩٨٠ـدا بە هۆی “کۆکارە هەستبزوێن و ئاوەزمەندانەکەی، کە کاردانەوەیە لە هەمبەر کارەسات و بەدکاریی سەدەی بیستەم” خەڵاتی نوبێلی ئەدەبیاتی پێ بەخشرا. زەینی دیل و سروودی هەسارەی زەوی، دوو کتێبی ئەون. لێرەدا شیعرێکی دەخوێننەوە.- ماڵپەڕی باڵندە

 

گۆرانییەک لە کۆتاییی دنیادا
چیسلاڤ میلۆش
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کانی عومەر

 

 

لە ڕۆژی کۆتاییهاتنی دنیادا،
هەنگێك بە دەوری سێپەڕەیەكدا دەخولێتەوە
ماسیگرێك تۆڕە پرشنگدارەکەی چاک دەکات.
بەرازە دەریایییە دڵخۆشەکان لە دەریادا قەڵەمبازیانە،
چۆلەکە لاوەکان لە لای جۆگەی بارانەوەکە یاری دەکەن.
مارە پێستئاڵتوونییەکە وەک هەمیشە دەکەوێتە بەرچاو

 

 

لە ڕۆژی کۆتاییهاتنی دنیادا
ژنان لەژێر چەترەکانیانەوە لە کێڵگەکاندا هاتوچۆ دەکەن،
بادەنۆشێک لە کەناری مێرگێک بە مەستی پیر دەبێت.
سەوزەفرۆشەکان لە جادەکە هاوار دەکەن
بەلەمێکی زەردی چارۆکەدار لە دوورگەکە نزیکتر دەبێتەوە
بە بەردەوامی دەنگی ڤایۆلینێک لە ئاسمانەوە دێت
بەرەو شەوێکی ئەستێرەڕێژ ڕێنوێنی دەکات.

 

 

ئەوانەی چاوەڕێی هەورەگرمە و چەخماخە بوون
نائومێد بوون.
ئەوانەی چاوەڕێی نیشانە و دەنگی کەڕەنای فریشتەی گەورە بوون
نائومێد بوون.
بڕوا مەکە ئێستا ڕوو بدات
هەتا مانگ و خۆر لە ئاسماندا بن،
هەتا ژەنگەسوورە دیدەنیی گوڵەباخێک بکات،
هەتا خونچەی گوڵەباخەکان چرۆ بکەن.
هیچ کەسێک بڕوا ناکات لە ئێستا ڕوو بدات.

 

 

جگە لە پیرەپیاوێکی سەرسپی، کە ویستبووی پێغەمبەر بێت.
سەرباری ئەوەی کە پێغەمبەر نییە، ئەو گەلێ پڕکارە،
لە کاتی چنینەوەی تەماتەکانی دووپاتی دەکردەوە:
هیچ کۆتایییەکی دیکە بۆ دنیا بوونی نییە،
هیچ کۆتایییەکی دیکە بۆ دنیا بوونی نییە.

 

 

وارسۆ، ١٩٤٤

 

 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار