فەرەیدوون موشیری، شاعیری ئێرانی، لە ٢٣ـی سێپتەمبەری ١٩٢٦ـدا لە تاران لە دایک بووە، ٢٤ـی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠٠٠ هەر لە تاران کۆچی دواییی کردووە. لە پانزەساڵییەوە دەستی کردووە بە شیعرنووسین و یەکەمین کتێبی بە ناوی “تینووی تۆفان” لە بیستوهەشتساڵیدا بڵاو کردووەتەوە. ئەو- لەگەڵ هوشنگ ابتهاج و سیمین بهبهانی– لە پەیوەستکردنی شیعر بە مۆسیقاوە ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو. شارەزایەکی باشی بواری میوزیک بوو. بەناوبانگترین شیعری ئەو بریتییە لە “کۆڵان” کە لە ئەدەبیاتی فارسیدا شیعرێکی گەلێک ناسراوە. – باڵندە
ئەتۆ کێی؟
فەرەیدوون موشیری
وەرگێڕانی لە فارسییەوە: کامیل نەجاڕی
ئەتۆ کێی؟ وا بەبێ تۆ من وەها ئاڵۆز و شێواوم
شەوانەش خەو لەبەر تینی خەیاڵت نایەتە چاوم
ئەتۆ چی؟ وا شەپۆلی پێکەنینت کاتێ دەمگاتێ
وەکوو گەمیەی سەرهەڵگرتوو لەنێو تۆفان و گێژاوم
لە کام کازیوەدا تۆ…؟
تۆ بە سواری کامە ئەسپی شێ…؟
ئەتۆی کام خوا لە کام دنیا…؟
لەنێو کێها سەدەف؟ کامە کەناردەریا…؟
لە کام چیمەن؟ لەگەڵ کێها شنەی فێنک…؟
لەنێو کامە سوراحیدا…؟
لە ناکاوا لە کوێوە هاتمە سەر ڕێگات؟
دڵم چی لێ بەسەر هات بەو نیگا شیرینەکەت؟ هەیهات!
هەمیشە هەی لە پێش چاوم، لەبەر چاوی منە خولیات
لە تۆڕا کامە نەشئە وا ڕەگاژۆی کردە نێو جەستەم.
کە کاتێک دێیە بەر چاوم
هەموو ئازای لەشم دێنە سەما و دەچڕن
سروود و لاوک و بەستەم.
لەگەڵ تۆدا ژیان بۆ من، مەحاڵە و سەختە ئاواتێ
تەنانەت لێم گەڕێن بێم و لەگەڵ تۆدا بژیم ساتێ:
بفەرموو: چوومەتە نێو زاری شێر و بێ دەرم بێنە
بفەرموو: دەی بچۆ نێو زاری شێر و خۆت بمرێنە
بفەرموو: هەستە جەرگی کێوی قافم بۆ لەتوکوت کە
بفەرموو: هەرچی ئەستێرەی هەیە بۆ سەر زەویی بێنە.
وەرە تۆ بیت و هەرچی خۆت بڵێی، سوێندت دەدەم گیانە
وەرە تۆ بیت و عەشق و عاشقیکردن
هەچی داوای دەکەی قەیناکە ئەمما سەبر و تاقەت نا
سەبر ڕێگایەکی دوورە بەرەو مردن
ئەتۆ ئاواتی بەرزی و دەستی من کورتن
ئەتۆ دووردەستی هیوا و قاچی من داماو
هەبوونت پڕ لە میهرە و گیانی من بێبەش
چرای چاوی تۆ سەوز و ڕێ لە من گیراو