گراناز مووسەوی (١٩٧٦ تاران) شاعیر و فیلمسازی ئێرانییە. گراناز لە بوارەکانی ڕەخنە، وەرگێڕان، نووسینی سیناریۆ، ئەکتەری و دەرهێنانی فیلمدا کاری کردووە. پێنج کۆمەڵەشیعری هەن و فیلمێکی سینەمایییش، بە ناوی (تارانی من هەڕڕاج) کە خەڵاتی باشترین فیلمی سەربەخۆی ساڵی لە ئوستورالیا پێ بەخشراوە. – باڵندە
هەڕڕاج
بۆ کیانوش فەرید
بۆ ئەو دێڕەی بە یادگار پێی بەخشیم
دەسماڵێکم لە سەری مانگ بەستووە
بازنەکانی دنیام لە دەستی مانگ کردوون
سەرم خستووەتە سەر شانی ئاسمانی قەرج و
ماڵئاوا…
بەڵام نامەوێ بڕوانم
نا! ناڕوانم
کە ڕادیۆ سەرلەئاخیر لەگەڵ شەپۆلەکانی خۆی چوو
دەفرەی تاخچە نەگەیشتە مەزندە و مایەوە
تەختەکەمیان کڕی و پێخەفە پاڵکەوتووەکەی سەر زەوی
پڕە لە ماسییە بێدەریاکان
لەخۆڕا سەودا دەکەی
مەشقە خەتخەتییەکانم هەرزان نافرۆشم
“ماسییەڕەشە”ش بۆ فرۆشتن نییە
هەمیشە چەند هەنگاوێک نەڕۆیشتوو دەوەستێ
ئەوەی درەنگیش هاتووە
بەس خرتوپرتە کۆنەکان دەخاتە گیرفانی و دەیانبا
ئەوەی دەمێنێتەوە
قەلەباچکەیەکی ئاشقە
کە هیچ کەس ئەوی ماڵیی نەکرد
درەنگ هاتی
پێڵاوەکانم بە یادگار بە مانگ بەخشیون
بە تەنیا کەسێ کە مێروولە ئاشقەکان ناپلیشێنێتەوە
درەنگ هاتی
جگە لە کراسێک کە پڕە لە شەمشەمەکوێرە بەرەڵلاکان
هیچێک نەماوە
ئەو کراسەت لە بیرە کە پڕبوو
لە پەپوولەی ماڵی؟
هەمیشە چەند هەنگاوێک
نەڕۆیشتوو دەوەستێ و
هێندەی پێ دەچێ
کە دەترسێین لە ئاوێنە ڕامێنین:
قژی منداڵێتیمان
تاڵ
تاڵ
نەوایەکی سپی دەژەنێ
سەماکانیشمان لە بیر کراون
لەژێر ئەو ئاسمانێەدا کە خەریکە لە ڕەشایی کۆکەدا دەمرێ
کاتی ڕۆیشتنە
لە نامەدا نووسیویانە ئاسمان
لە گشت شوێنێ هەر ئەم ڕەنگە نییە
ئەو ڕۆژە کە فڕۆکە ئاهێکی هەڵکێشا و فڕی
چەترێک بدەرە دەست هەورەکان
گریانم با تەڕیان نەکا
ڕۆژێکیش ئەگەر کەسێک لە شەقامەکانی شەو گەڕایەوە و
لە خرتوپرتە کۆنەکان گەڕا
رۆژێک ئەگەر کچێک هات
کە هەر لە خۆڕا بۆ خۆی و مانگ فیکەی لێ دەدا
منم
هاتووم سبەینێی لەتلەتم کۆ کەمەوە و
بەر لە نوێژی بەرەبەیان
پێکەوەیان بلکێنم
ئەو ڕۆژە
بڕۆ ماڵەکەم و ئاوێ بدە بە شەمدانی
بەشکم بەهار بێ
من پێنج خولەک دواتر دێم
لە خۆڕا دەرکە داناخەم
مانگ لە پەنجەرەوە دێ
نامە بۆ ئەو پیاوەی کە نایناسم
■
٢
نیوەڕۆ کە بە دیواردا هەڵکشا
سەعات کە لاقی خستە سەر لاق
بە خۆمم گوت
مەرگ دەتوانێ چاوەڕێ بکا
تا قسە نەگوتراوەکانمان تەواو بن
ئێمە هێندە چاوەڕێی سبەینێمان کرد
تا شەو لە قژمان پەڕی
ئێستا بەفر دەبارێ
مەرگیش دەبێ چاوەڕێ بکا
■
١
بەیانی ڕوخساری خۆم لە ئاوێنە هەڵکەند
شوێنپێی کل و
ئاگرێک لەسەر لێوی ئاشقەکەی ئاوێنە مایەوە
لە ڕێدا
لە پەنا کۆڵانە ماتڵەکان
لە منداڵە بێتۆپەکانم پرسیی
چەند گەلاوێژمان لە نێواندایە
دەزانم
ڕۆژێک دەستە بەپیتەکانت دێن و
وەک گوڵکارییەکەی ئەم مەیدانەم لێ دێ و
ئیتر هیچ
جگە لە قسە نیوەچڵەکانی با
تا بگەم بە فەرمانگە
بە قوتابخانە
بە دوکان
بە شوێنێک کە شوێن نییە
بە ماڵێکی بێ ژمارە
هەزارجار ونبوون دەقیژێنم
تۆ ئێرە ناناسی
کۆڵان پشکی کوڕەکانە
پشکی ئێمە لە درێژەی ڕیزەکانی ماندوویەتیدا
کۆڵان بە کۆتا دەگەیەنێ
بە شوێنێ کە قاڵاوەکانی پەراوێزی ئێوارە
بە گومانەوە لە وێکچوونی کچانی قوتابخانە
دەڕوانن
بیستت؟
ماسییە بێپەساپۆرتەکانیش ڕۆیشتن و دەریایەکی سوێر مایەوە
ئاسمانیش بەشی ئەم هەموو تەنیاییە ناکا
■
٤
شەو کە دابێ
ئەم نامەیەش تەواو دەبێ
منیش لە وێنەی منداڵێتیم، کە لەسەر تاخچە پیر بووە،
دەڕوانم و
دێنمەوە بیرم
کە هیچ کەس پێی نەگوتین
پەنجەرە
شوێنپێی ڕێبوارەکان فەرامۆش دەکا
ئاسمانیش بەشی ئەم هەموو تەنیاییە ناکا
بریا بە ئێمە کەسێک گوتبای کە مانگ
لە پشت دەرکە داخراوەکان دەمرێ
مەرگ دێ
سبەینێش درێژەی خەوی دوێشەوە
■
٣
ئێستا ئێوارەیە و لە پڕکردنەوەی درزی ڕۆژەکان دێمەوە ماڵ
هەبوونی تۆش پنچکێکە
کە دەخرێتە سەر تەمەنی پووشکەبەقنگە
تا مەرگ نەکەوتووەتە سەر ژینی بەترەفی شەمشەمەکوێرە
وەرە
تا لە تەنیشت ئەم هەموو گیا و مرۆڤ و زەوی و مانگەدا
تەنیا نەمێنم
لێرە
هەرچەند چاوەڕوانی بە ئاهێک، کە لە پشت پەنجەرەکانە،
هەڵدەکێشین و تەواو دەبین
وەرە
وەک ئەو ئاسمانەی تەمەنێک لە سەربان ڕاوەستاوە
دواقسەم
دانیشتن لە تەنیشت تۆیە
■
خۆر لە دۆڵابدا
هاتن!
پێکەکان
بەغار بەرەو چاڵەکان
کچ
بەرەو گوڵەوردەکانی سەرپۆش
ئەوی دی
سێوی نیوەخوراو فڕێ
لە پەنجەرەوە بزر
لە هەیوانەوە پەرت
دەبنە ئەستێرەیەکی بچووک و شەو دەقیژێنن
خۆر
لە دۆڵابێکدا کە هەرگیز سەمای نەکرد
بە گوێم دەڵێ:
ئیتر نایەمە دەر
■
ئاسمان
بیر کە لە ئاسمان دەکەمەوە
چاوەکانم شین دەبن بەڵام
جوان نابم
وێنەکەی نێو ئاوێنە
ناچار
بزڕکاو
حەرام
هیچ ڕێگایەک شک نابا
گوێ بگرە دەنگ لاوێتیمانی چۆن سەرلەبەر برد
تاکو لە شوێنێک لە نێوان قیژە و بێدەنگیدا
بزر بین
کارەبا
بەرخە ونبووەکان ڕەق هەڵدەگەڕێنێ
بەڵام کاڵفامەکەی دڵم
بە برووسکە دادەخزێ
هۆ ئاسمان!
واز لەم حەواڵەبەگەواڵەیە بێنە
ماندووین
کە بیر لە ئاسمان دەکەمەوە
هەر شتێ کە دەنووسم تەڕ دەبێ
پشتم بە هەتاوێک گەرمە
کە سەعات پێنج یان شەش ئاوا دەبێ
بەس با ئاگای لێمان بوو
کە تەنانەت دەرگاکان پێکدا نادا
دەڵێ: دەنگ پڕە لە ترسی ئەو کەسەی
ناکاو دەگاتە جێ
– دوو پەنجەیی چەپڵە لێ دەن
کە بیر لە ئاسمان دەکەمەوە
کەمێک باران دەبارێ و
سێوی سەر لقەکانیش
تەڕ دەبن
بەشی من لە سێو
زۆر زووتر لە گوارەکان ون بوو
کە بیر لە ئاسمان دەکەمەوە
ئیتر ناترسم
دەتوانم هەستم سەرێکی ژیانە چۆڵەکەم بدەم و
بەشکم ئاوێک بدەمە یاسەکان
هێندێکجار کاتێ کارەبا دەبڕدرێ
تۆش بیر لە ئاسمان بکەوە
باش ئەگەر دەرگاکانی پێک دادا
بێنەوە بیرت
بەس تۆ نییت کە دەترسی
ئاسەوارە چەپوڕاستەکەی لەزگە لەسەر جامەکان ماوەتەوە
هێندێکجار بیر کە لە ئاسمان دەکەمەوە
منیش ڕەنگم دەژاکێ
■
شیعری شین
کام ختووکە بەرەو ئەم پەراوێزەی بردم
کە دەستەکانم هێندە بچووک بن و
بێخەیاڵبوون ئیتر نەگرنە خۆ
کام شەیتانی میهرەبان خزایە بن پێستم
کە وام زانی لە پشت تەمەوە دیار نابم
کێ بوو ئەوەی هەورێکی لە من و چەرچەفە سپییەکان
دروست کرد و بە تێلدڕکدا ڕابووری
سێبەرمی برد و
ژیانم هێندە شین هەڵگەڕا
لەشم هەمووی بریندارە
بۆنی مژ و نیلووپەڕ لە ژێر پێستمدا
قوڕگیشم ئێستا
پڕە لە باڵندەی شینباڵ
■
لە مردن
بۆ ئەوانەی ڕۆژێ هەزارجار دەمرن
مل نادەم
نامەوێ
بەڵام زەوی تێکڕا بە ملمدا دێ
تەواو دەبم
ئاسمانی سەراوژێریش
خەیاڵی فڕین
لەت
لەت
دەکا
هەرچەند لە دوێنێ مەودا دەگرم
وردتر دەبم و
دەزانم ڕۆژێک دێ
کە هەتاو ناڕژێتە نێو
ئێسکەکانم
دەزانم بە نەبوونم
کراسی زەوی بەرەواژوو نابێ
دیسان ئاسمانی سەراوژێر
لە
باران
دا
دەڕژێ
کراسێکیش لەسەر تەناف
تەڕ دەبێ
■
ژنی ئەفغان
ئەولاتر لە دەستەکانم
ئاسمانێکی سوور
بە تەمایە بڕژێ
دەنگی پێی ڕانەکردن
کاژەکان بەرەو دوورەکان دەبا
قەلەباچکەی پشت پەنجەرەش
ئیتر پشكێک لە سەوز نابا
ئەی هەتاوی نێر کە دنیا
لە پشت ڕووپۆشی کونکونەوە نابینی
ئاوتر لە دەریا
شەپۆلێک لە خاکی خەونەکانم ببە
ڕووتتر لە دارستان
بڵێ کە با گەڵایەک بێنێ
■
٢٣/٥/٩٧
مانگ دەچێتە چەقۆکێشی
کۆڵان لە دەست منداڵ هەڵدێ
ئێمە
چاوەڕێی ئەو پیاوەین کە لەسەر دیوار دانیشتووە
■
کورت
ئاوێنەیەکی تازەم بۆ بنێرە
ئاوێنەکەم هێندە سەرڕێژ بوو لە وێنەی شکاوم
کە شکا
■
گوناهـ
کاتێ کەمێ دوورتر
جیهان تێکڕا هەر ئەوەیە
کە حەوا سێوێک بداتە ئادەم
هەر لەم نزیکانە
هێشتا گوناە هەمووی هەر ئەوەیە
لە باوەشتدا ئۆقرە بگرم و
بڵێم چەند ماندووم
لە بیستنی دارستان کە تەور
تەور
دەمرێ
■
دیسان گوناهـ
پێت وایە ئایا
گەر بەم چەشنە بتگرمە باوەش و
لە هەتاویترین ڕۆژدا خۆمان بشارینەوە
ئێوارەی هەینی دەمانبینێتەوە؟
پێت وایە ئایا
گەر بەم چەشنە سەر بخەمە سەر شانت و
لە کورتەشیعرێکدا
جیهان سەراوژێر بچڕم
جوبرائیل دەتوانێ گڕ و نێر بڵێ:
قەدەر بەم چەشنە نییە؟
■
بەلەمی کاغەزی
کەس بڕوا ناکا
بەڵام
ئەم بەلەمە کاغەزییە دەمانبا
بەرەو کۆخێکی دوورەدەست
کە پێڵووی بەس بەرەو مانگ هەڵدێنێ
تا بێ ئەوەی کوڵمەکانم سوور هەڵگەڕێن
دیسان حەزم لێت بێ
■
من
نە مرۆڤم نە چۆلەکە
ڕووداوێکی بچووکم
هەر جارێ کە ڕوو دەدەم
دەبمە دوو لەت
نیوەی با دەیبا
نیوەکەی تری ئەو پیاوەی کە نایناسم
■
ئەڤیندارانە
پشت پەنجەرەم قەلەباچکەیەکی لێیە
نێوچەوانمی لێ تێک دەنێم
دەقیژێنم
ڕا دەمێنێ
ناڕوا
پتر لەمەم بەر ناکەوێ
ئێوارەی زستان و
قەلەباچکەیەک کە حەزی لێمە
■
چاوشێرکێ
نۆرەی تۆ بوو چاو بقووچێنی
دەشت لەژێر هەتاو
باڵندە لەسەر چڵ
من بەڵام نە دوور لە تۆ
خۆم شاردەوە
دەشت و چۆلەکەت بینین
یارییەکە بۆ تۆ تەواو
ئەمڕۆ شوێنێکی نە زۆر دوور
شوێنپێی ڕۆیشتنی ژنێکە
کە نەتبینیوەتەوە
■
هەمیشە کەسێک دووسبەی دێ
گوتبووم
لە دوانیوەڕۆی جیهاندا
دەستی خۆتم بدەیە
تا لە قاقڕ تێپەڕین و بە پێخواسی لە یەکتردا ڕەها بین
هاتوویت
بەڵام کاتێ کە دەترسم لە کراس دابڕێم
لەوانەیە ڕاوت بنێم بەو برینانەوە کە سەرهەڵدەدەن
بڕۆ دەنا تەمێکی خەست
وەک خوێنی خوداکانی ئەلەمپ
زەوی دادەپۆشێ
هەر جارێ کە ئاسمان هەوراوییە
دەڵێی لە سووچێکدا
ژنێکی ئاشق کراسی خۆی داکەندوە
■
ئاشکرانامە
بهێڵە بێدەنگییەک بم کە لە ماسوولکەتدا دەبێتە هاوار
لە شارێکدا کە دەستەکانی با
کەلەپچە دەکەن
ڕووخسەت ئەگەر بدەیت
تەنانەت دیوارەکانیش سەرخۆش دەبن
تا شاری کەسنەدیو
بەغار دەڕۆین و تەمغەی دەرچوون لەسەر ڕوومەتمان
نابێتە شوورەیی
تێلدڕک جایەزی دایکم بوو
لە تخووبی جادەیەکدا کە دەگەیشتە مانگی تاڵ
من بێخۆشەویستی لەگەڵ تۆ دەنووم
ئاشقتر بەڵام
لە خەو هەڵدەستم
لێرە سۆزانییە پێخواسەکان
بۆ جووتێک پێڵاو و دەرزنێک فەخفووریی گوڵدار
“مصدق”* تا کۆتایی “ولیعصر” دەبڕن
– بەڵێ
بە ڕووخسەتی گەورەکان دەبنە درەخت
– بەڵێ
وا دەزانن کابرای دراوسێ لە پشت پەردە دەمێنێتەوە
– بەڵێ
گەردیلەکانی هەوا پڕن لە منداڵی نەساغ
نا!
پێخەفەکەمان لە پەنجەرەوە دیار دەبێ
ئاسمان داخە
دەمەوێ ئاگر هەڵپەرم
سەرەتا تۆ هەستەوە
دواخێڵ ڕەنگە هەر ئێرە بێ
خوا حەبی خەمۆکی دەخوا
دواڕۆژی دنیا ڕەنگە ئەمڕۆ…
بهێڵە ئەو منداڵە بم کە لە دە خولەک هەوڵداندا پیر دەبێ
■
فڕۆکەخانە
جانتاکەم بگەڕێن
فایدەی چییە؟
ئاهێک لە بنی گیرفانمدا حەشار دراوە کە دایمە بیستوویەتی:
بوەستە!
وازم لێ بێنن!
هەر لەگەڵ پنجکی تووتڕکدا دەنووم و حەیا ناکەم
بۆچی هەمیشە نیشانە لە ژنێک دەگرن
کە ڕوو لە دیوار وەردەگێڕێ و
دڵێک بە دەرزیلەوە لە کراسەکەی دەدا؟
جانتاکەم هیچی تێدا نییە
جگە لەو بسکانەی تاوانێکیان نەکردووە
وازم لێ بێنن!
خەونم دیوە ئەم دڵەم لە خوا دزیوە بۆیە ناگەم بە سبەی
خەونم دیوە لەو شوێنە کە بۆی دەچم
پێڵاوەکانم بە هەینییەوە دەلکێن
نەکا زەوییەکەی خوا سەرانسەر شێرپەنجەی خوێنی هەبێ؟
باویلکەیەک دەکەمە فاڵ و بەرەو مانگ بەری دەدەم:
بگەڕێوە هەینییەکەی ڕۆژانی منداڵێتی
بگەڕێوە هەر لەگەڵ ئەو کوڕەدا
کە کۆلارە لە دەستی ڕوابوو
منیش بە هەموو ئەو دە پەنجەیە کە دەمزانین
ئاشقی بووم
بۆچی هەمیشە نیشانە لە ژنێک دەگرن
کە بە دەرزیلەوە دڵێکی لە کراسی خۆی داوە؟
لێرە هەمیشە فڕین ماتڵە
لە تیروکەوانی کۆڵانەکانی شەڕدا
یان لە داوێنی گوڵداری تەنافی جل
هەرچۆنێک بێ شەمشەمەکوێرەکان پیر دەبن
لانیکەم وێنەی منداڵێتییم بدەنەوە!
غەریبتر لە کۆلارەیەک کە لە دۆڵابدا مایەوە
تەمغە دەکرێم و غەریبی ماڵەوە دەکەم
ئاریەل نیشانە لە ئاسمان دەگرێ بەڵام
لەسەر تەنافی جل کراسەکەم خوای گرتووەتە باوەش
■
ژنەکە
دەڕۆی؟ بڕۆ!
وەک سڵاوێک کە لەسەر تەخت ڕووی دا
شەوباش
لە دەرگا کە ئاودیو بووی
تەماشا کە!
نەهاتنت پێڵاوە دڕاوەکانی منن
کە لە ماڵەوە دەمبەنە کۆڵان
دەمبەنە شارێک کە جەمسەری باکووریان گەیاندە چابەهاری* پێخەفەکەم
لە دەستەکانتدا وام زانی
لەتێک لە شەو لەسەر ملم
دەبێتە شوێنپێی تۆ
مخابن!
فڕینی قەلەباچکەکان یەکسەر بەرەو خۆرئاوابوونە
تۆ دەڕۆی و
مۆمێک کە قەت نەمکڕی
بە کوژاوەیی دەمێنێتەوە
■
سەنگسار
زەوی مایەوە و گۆڕەپانێک
تا هەمیشە لە پاڵ بەرد بمرێ
ژن لە دایمەی پەرتەوە هەڵدەچوو
لە لاجانگەکانیدا هەنار دەنک دەکرا و ناکاو
لە سەرینێکەوە بەرەو چەرچەفێکی تر
تەنێ تامی ڕێواسی لە بیر مابوو