فەرامۆشیم تەنیا خۆی دەناسێت

هەدەس گیلاد/شاعیری جوو(ئیسرائیلی)

September 3, 2020

 

هەدەس گیلاد، شاعیری جوو، ساڵی ١٩٧٥ لە شاری تێل ئەڤیڤـی ئسرائیل لە دایک بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەدەبیات و نووسینی داهێنەرانەدا لە زانکۆی تێل ئەڤیڤ بە دەست هێناوە. لە سەنتەری ئالمای تایبەت بە کولتووری جوولەکە ئەندام بووە و لە کۆمەڵەی جافا خوێندکاری سەما بووە. ئێستا سەرنووسەر و پێشکەشكاری ڕادیۆیییە و وۆرکشۆپی تایبەت بە نووسینی داهێنەرانە دەڵێتەوە. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 


فەرامۆشیم تەنیا خۆی دەناسێت

هەدەس گیلاد
(دوو شیعر)

و. لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان

 

 

کەوتم

کەوتمە داوی زاری ئەو
سەرەڕای هۆشدارییەکان
چۆن ئەمە ڕووی دا
کەوتمە داوی زاری ئەو.

 

بەم جۆرە:
سەرنجیان ڕاکێشام لێوەکانی
تا ڕێی دەربازبوونم نەما
لە زاری ئەوەوە-
دەڵێن، گوڵ سوورن
دەڵێن، سێو خڕن
بەڵام وا نییە

 

لێوەکانی- دەروازەیەکی نەرم
ئەرێ پەرژینی دەوەنن و
من نغرۆ بووم لەو نێوانە
تا لەناویدا بنەڕێنم
تا نزیک بم لە دەنگییەوە

 

تا بەم جۆرە نیشتەجێ بم:
لە تاریکاییی ئەشکەوتەکەدا
بۆ بیستنی دەنگی قووتدانی تف
بۆ بیستنی لەدایکبوونی هەر بڕگەیەک
بۆ بیستنی هاوارەکانی خۆشی

 

بۆ سەما لە دڵی شاڕێی زماندا

 

کاتێکیش کرایەوە زاری ئەو
من بینیم
دەنگی جیهان-

 

کەوتمە داوی زاری ئەو و
کەوتمە داوی ئەڤین و
کەوتم بەسەر ڕووخسارمدا
کەوتم بەسەر ئەودا توند

 

 

 

 

جێخەو

ڕووناکییەک ھەبوو لە سەروو جێخەوی ژوورە شینەکە
جێخەوێک کە خەونی دەبینی گەمارۆ درابوو بە بورج و
لە ناواخنیدا جەستەیەک یان دوو جەستە لێک ئاڵابوون.
ئەو جێخەوەی بە ھۆی خەونەکەیەوە ئەو ڕووناکییەی خولقاند کە شەوان دەھاتە ژوورەوە،
تاریکییە زیوینییەکەی چەقاند و درەوشایەوە.

 

جێخەو شتی زۆری دەزانین. وەک ئەوەی لەژێرەوەیدا چی نێژراوە، قورساییی جەستەکان،
یادەوەریی سێکسی. دەربارەی پۆزەیشن و ھەناسەکانی ڕەحەتبوون و جۆشوخرۆشەکانی دەزانی و
لەوەش زیاتر دەیزانی چۆن خەون ببینێت و لە نائاگایییەوە داھێنان بکات.
ھیچ شتێک ھەیە لە سەرووی ئەندێشەی ئەوەوە بێت؟

 

جێخەوە شادمانەکە شتانێکی بیر دێنەوە سەبارەت بە کەلوپەلی دیکە بیستوونی.
ھەرگیز پێشتر جێخەوێک یان مێزێکی نەبینیوە و ناتوانێت خۆی لە جێیان دابنێت.
بە هۆی ئەندێشەکان و تاریکییەوە زاڵ دەبێت.

 

تەقینەوەی ڕووناکی لە سەروو جێخەوەکەوە پرشنگ دەدات
وەک ئاڵتوونی تواوە
ڕووناکیی سەوزی زەردباو. ڕووناکیی هۆشدارینەدەر.

 

ناتوانیت تەنیا بڵێیت: “هۆشدارینەدەر”
کە هەمیشە “کتوپڕ” تێدەپەڕێت. بورجێک لە سەرسامی.
وەک برووسکە و ھەورەبرووسکە. ھیچ ھەورەگرمەیەک بە تەنیا نایەت، ھیچ کتوپڕێک بە تەنیا نایەت،
ھیچ دووکەڵێک بێئاگر.
ڕووناكیی پڕهەرا.

 

”ئێستا من شەرمەزارم. چونکە فەرامۆشیم تەنیا خۆی دەناسێت”
جێخەوەکە بە گوێی کاریتەکاندا چرپاندی و ڕۆحی خۆی بردەوە نێو خۆی.