باڵندەیەکی گەورەی خەمبار لە باڵکۆندا

ناڤیت بارێل/شاعیری ئیسرائیلی

November 9, 2019

 

ناڤیت بارێل، شاعیری ئیسرائیلی، ساڵی ١٩٧٧ لە ئەشکیلۆن، کەناری باشووری ئیسرائیل لە دایک بووە. لە خێزانێکی گۆڕهەڵکەنەوە کە پەنابەری لیبیان، هاتووەتە دنیاوە، کە ئێستا مردوون. کاتێک دووەم کتێبی بە ناونیشانی ”حەقیقی” لە ساڵی ٢٠١١ـدا بڵاو بووەوە؛ بارێل گوتی: “خێزانم نییە، کەسم نییە. لە هەمان کاتدا ئازادانەیە و تۆقێنەریشە. لە کۆتاییدا دەتوانم هەرچییەکم بوێت بیکەم. ڕەنگە هەر لەبەر ئەوەش بێت کە من شیعر دەنووسم نەک پەخشان.”– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

باڵندەیەکی گەورەی خەمبار لە باڵکۆندا
ناڤیت بارێل
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ساڤان عەبدولڕەحمان
(دوو شیعر و خوێندنەوە بۆیان)

 

 

 

 

کۆرپەلەناسی

 

چاوەکان دەڕواننە کوێ؟ پرسیارێکی قووڵە.

کۆرپەلەی بیرکەرەوە بەسەر لەپی دەستە-هێشتا-دروستنەبووەکەیدا دەچەمێتەوە

بۆ خۆی لە مۆزەی ڕەحمدا دەژی،

هەناسە دەدا و

خۆی لە گەشی و بێدەنگییەکی نەرجسییانەدا نمایش دەکات

ئێمە گوێبیستی هیچ نیین.

مەگەر تەنیا ترپەی ماسولکەکانی دڵی نەبێت،

تا ئەو کاتەی ئامادەیە ببەخشێ و ببات،

تا ئاشنا ببێ و دوورەپەرێزیش.

دەستی خستووەتە ژێر چەنەی، بیر لە بوونی خۆی دەکاتەوە.

چی لەم پارچەئێسکانە بکرێت،

لە کاتێکدا کۆڵەکەی واقیعییەت، بە هەموو سەرسامی و مووچڕکەکانییەوە لاواز هەڵدەکەوێت؟

ڕۆح و گیان تەنیا پشت بە تۆ دەبەستن،

چاوانی مرۆڤیش لە چاوانی مرۆڤ شاراوەن.

*

 

 

شیعرەکە پرسیارە بوونگەراکان دەگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمێکی زۆر کۆن، کاتێک کە مرۆڤ هێشتا کۆرپەلەیەک بوو.

 

 

ددانپێدانانی ئازاد

 

 

ئەو سێوانەمان خوارد کە نغرۆی ھەنگوین کرابوون.

ددانپێدانانێکی ئازادی ساڵە شیرین و باشەکان.

میرا لە نیپاڵەوە لێمان حاڵی بوو،

کاتێک باسمان لە چاوپۆشی، باجی داهات و جگەری ئەنجن-ئەنجن دەکرد.

بە زمانی عیبری گوتی، ‘ئەمڕۆ لە بارەی منداڵەکانمەوە زۆرم بیر کردەوە’

بە دەنگێکی هێواشی وەک ئاوی داباریوی حەمامی نهۆمی یەک.

لە تەمەنی ئەودا من دایک نیم،

منداڵەکانم لە خانۆچکە دوورەکانی خەڵکانی پیردا پەروەردە ناکەم

لە پێناو ئەوەی پێ بگەن، وەک شارێک.

ڕێژەی ئاڵووێری بێگانەکان دەرگایەک نییە

کە بەسەر بەهەشتێکی ونبوودا بکرێتەوە و دابخرێت.

ڕەنگە بە ئاسانی کەمتر بزانم، بڕوا بە غیابی هەڵبژاردن بکەم، ژیانم لە نێوان پشوویەک و پشوویەکی دیکەدا ڕابگرم.

سێوەکان هیچ شیرین نین. هەنگوین، لە لایەن هەواوە ئابڕووی براوە، وەک لمی تەڕ بلوورین کراوە.

کەسێک باڵندەیەکی گەورەی خەمباری لە باڵکۆنەکەدا دیل کردووە

بەڵێنمان دا لە شەودا بێین و ئازادی بکەین،

چاوەکانی لەوە شەرمەزارترن

کە ئاوازی کۆیلەیی بەسەر شاردا بخوێنن.

 

 

شیعرەکە لە باسی میراوە دەیەوێ ئاوێتە بە باسی ئازادی ببێت، ئایا میرا هەمان باڵندەیە کە پێویستە ئازاد بکرێت؟