وەرە ئەی دەیناسۆر

حەسەن بەلاسم/شاعیر و چیرۆکنووسی عێراقی

November 10, 2018

حەسەن بەلاسم، شاعیر، چیرۆکنووس و فیلمسازی عێراقییە. ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد لە دایک بووە. بە کۆمەڵەچیرۆکی «مەسیحی عێراقی» ناسراوە، کە لە بارودۆخی خەڵکانی عێراق لە دوای شەڕی ئەمەریکا-عێراق/٢٠٠٣، دەدوێت. –ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

وەرە ئەی دەیناسۆر
حەسەن بەلاسم
وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: تاھیر عەبدولواحید

 

 

دەستە لینجەکانت واڵاکە، دەست بدە لە نێوچاوانم

پلەی گەرمیی ماندوویەتیم بپێوە ئەی مەرگ

وەک دەیناسۆرێکی تەممەڵ لە کۆتاییی ڕاڕەوەکە دامەنیشە

باوێشک مەدە، دەتبینم، وەرە، وەرە و بمهەژێنە…

گەردنم بگەزە، لێم گەڕێ جێدەستم لەسەر پێستە ساردەکەت جێ بهێڵم

بزانن ئەو کاتەی کە دەمرم، بۆ ھەتاھەتایی بە دڵتەنگی دەمێنمەوە و

بیرتان دەکەم

بیری ھەمووتان دەکەم، خشۆکەکان، مراوییەکان، ئەسپێیەکان

ئێوە ھەمووتان دەڵێم بەبێ لێدەرکردن، ئەی کارگەرانی ئاورگە

ئەی ڕەشەباکە وەرە و بمشکێنە، چیتر من وشکهەڵاتووم….

شێ لەنێو ئێسکمدا ھەڵکۆڵینی خۆی تەواو کرد، وەرە پێشەوە بوومەلەرزەکە

دە پێم بڵێ ئەی مەرگ، بە کامە فێڵ دێیتە نێو دڵم و لێدانەکەی لێ دادەماڵی

پێتان دەڵێم من ھەرگیز لێتان خۆش نابم،

جنێو بە ھەموو ئەو ڕۆژانەتان دەدەم کە بەبێ من تێیدا دەژین…

ئەوە منم بە دەنگی بەرز نەفرەت لەوانە دەکەم کە لەوێن، گوێتان لێمە؟

خۆشەویستی، تۆ نانێکی سووتاوی نزیک لە بیرێکی وشک

ئەی وشە بێماناکان، ببەرە نانی مەرگ و ئەو بیرە

وەرە، وەرە ئینسان، لە ئامێزم بگرە بەر لەوەی بەرامەتم لێ حەرام بکەن

ئاهـ تۆ زۆر بۆگەنی ئینسان، بەڵام من شێوەی بەستەگوڵی نەخۆشەکان بۆنت دەکەم

زمانت بخە نێو دەمم دەیناسۆر، تامی لیکەکەت چۆنە ئەی باوکی شکۆمەند

گوێ ڕادێرن بۆ وەسیەتەکەم تا کۆتایی، مەگرین تا دواوشەی خۆم دەڵێم

لێ گەڕێن با دەنگم بۆ خۆی ھەموو ھەوا قانگ بدات،

لێی گەڕێن تا بۆ دواجار بە خۆیدا ھەڵبدات.

ئەی پاساری، لە بری کرم گەنمی جەستەی من بەرە

داوای بەخشینتان لێ دەکەم، بمبەخشن لەو تفانەی کە بەسەر خواردنەکەتاندا هەڵمگوتبێت

داوای بەخشین دەکەم لەوەی کە مردم و نەمتوانی لەگەڵ خۆم بتانبەم

وەرە ئەی خۆر، وەک دایکێکی دڵڕەق لێم بدە

ھەمووتان وەرن و با قامچی لەنێو دەستەکانتان بێت

وەرن تا لە یادەوەریمدا بتانهێڵمەوە، ئەی سەگە دڕەکان

وەرە دایە لەسەر سەرم بگری، بە تەنیا تۆی کە وەک خودا دەگریت

وەرن برا سادییەکانم

ئێوەش وەرن خوشکە جادووگەرەکانم

لە نزیک پێخەفەکەم کەڕەنای گەورە بژەنن

لە تەپڵی تەنەکە بدەن…

کلکت بجووڵێنە دەیناسۆری پەڕپووت

وەرە پێشەوە و بە شێوەی ھیندییەکی سوور سەما بکە

وەرەو ئێسکی ئەو کەروێشکە بکرۆژە کە لەژێر گونمدا ھەڵدەلەرزێت

نەباری ئەی ئاسمان کە دەیناسۆرەکە دێتە ژوورێ

لە ژوەرەکەمدا جێگەیەک بۆ خۆر جێ بهێڵە

ھەموو شتەکانم بۆ خۆتان بەرن،

من ھیچم نییە

جگە لە ڕەشنووسی حیکایەت و گۆرانییەک

لۆمەی مردووەکانی گۆڕستان دەکەم.

لەسەر ھەموو ئەو وێنە فۆتۆگرافییانەی کە بە دیوارەکانەوە بەجێیان ھێشت

بە خۆشەویستەکەمم گوت وەرە و با یاری بکەین

وەرە با ئەو ئەھریمەنە بە پەنجەیەک لە جەستەت دەرکەم

مەخوێنەرەوە، کەزیەت شانە مەکە، بەرچایی ئامادە مەکە،

تەماشای تەلەفزیۆن مەکە، ھەروەھا پێم گوت لە باخچەی گوڵەکاندا میز بکە

بە ھاوڕێکەشمم گوت: بە خۆشییت

بۆ شەیتانەکانیش قەسیدەم نووسی

لەنێو ماڵی دز و بکوژەکاندا بووم بە شاگرد

بە منداڵەکانیش مەتەڵێکم گوت:

لە خوێن دەخواتەوە و بە دووکەڵ نابینا دەبێت

ھاواریان دەکرد مێشوولەیە

باپیرەشم دەیگوت، مرۆڤ بەرچاوتەنگی کوێری دەکات

ئەی دەیناسۆرەکە من ھەر ئەوەندەم پێ کرا

وەرە ئەی چەرپاکە

وەرە ئەی ئاگردان

وەرە ئەی چەرچەف

وەرە ئەی باوکی شکۆمەند

 

 

دەڵێن ئەو کاتەی کە نیچە مرد، لە ئاسماندا گورگێک دەرکەوت، لە خۆشییاندا دەیلووراند، دەشڵێن ھەموو شەوێک مردووەکان بیر لەوە دەکەنەوە کە سەرلەنوێ بگەڕێنەوە، بەڵام لە چاوەڕوانیی تەواوبوونی ژمارەکەدان…