هەورەکان خەون بە شیر و شەکرەوە دەبینن

میکایل ستغونە

میکایل ستغونە | ١٩٥٨ - ١٩٨٦

November 12, 2023

میکایل ستغونە شاعیری دانیمارکی لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٨و لە ساڵی ١٩٨٦ بە هۆی خەمۆکییەکی زۆرەوە لە پەنجەرەیەک خۆی فڕێ دەداتە خوارەوە و خۆی دەکوژێت. میکایل سەرەڕای ئەوەی ٢٧ ساڵ ژیا بەڵام توانی لە ماوەی حەوت ساڵدا ١١ کتێبی شیعر بڵاو بکاتەوە. یەکەمین کتێبی شیعری بە ناونیشانی ژیانی خێرا، ساڵی ١٩٧٨ـدا بڵاو کردەوە. لە دوای خوێندنی ئامادەیی، لە خوێندنەگەی نووسەران خۆی تۆمار دەکات، کە بۆ ئەو سەردەمە شتێکی نوێ بوو. بە شاعیری پۆستمۆدرێن و چینی گەنجان ناسراوە. شاعیریکی یاخی و زۆربەی شیعرەکانی هەست بە جووڵانەوەیەکی بوێر دەکرێت لە دژی سیستەم و داهاتوویەکی نادیار و جیهانێکی پڕ ماتریاڵ.

 

 

هەورەکان خەون بە شیر و شەکرەوە دەبینن
میکایل ستغونە
کوردییەکەی ئالان پەری

 

 

کۆمەڵگە یارییەکی نامۆیە.
لە ناوەڕاستی هەمووشتێکدا پشیلەیەک دەسوڕێتەوە و
بە ڕارەوکاندا دەمیاوێنێت.
لە کاتێکی ناوەختدا
ترسی ئەوەی هەیە لە پاییزدا میوە
لە درەختەکانەوە بەسەر شەقامەکاندا بکەونە خوارەوە.
منیش کاتێک لەم هەموو شتانە بێزارم
لە خەونێکدا دەکەومە دەرەوەی کۆمەڵگە.
سروودی بەیانیان بە نیانی دەڵێمەوە
چەند دێڕێک دەڵێم کە هیچ مانایەکیان نییە
هەر وەک ئەوە وایە بەرد لە ناو لمی کەنار دەریایەکدا بدۆزمەوە،
ئاستەمە بە کەسێکی بەئاگای بفرۆشیتەوە.

من خۆم هیچ کەسێک نیم
من دۆخێکم
بە دەوری هەورە سووڕاوەکاندا
کە هەڵگری ئاو و خەونی خەوشدارن
سەرم گێژ دەخوا
بۆ ئەوەی کەمێک لەسەر زەوی بخەوم
یان لە چایەکدا بکوڵێمەوە.

بەڵێ، هەورەکان خەون بە شیر و شەکرەوە دەبینن
من بە فڕینیان دەیانناسمەوە
گوێم لە چرپەی مەرامەکانیان گرتووە
بۆ من
کاتێک شەوانە لە مانگ خۆیان کڕاندووە
بە ڕۆژیشدا یاری بە باری کەش و هەوا دەکەن و
خۆر ژێرزەمین دەکەن و دەیشارنەوە
لە تاو گازندەکانی جەماوەر
کە هەردەم پەنجەیان لێ ڕادەکێشن.
کێ خۆی لە کاری ڕۆژگارێکی ئاوادا دەبینێتەوە؟

دەبێ بە هەورەکان دڵخۆشبین و
دەبێ ئاگامان لە هەتاو بێت،
من باوەڕت پێدەهێنم،
کە بەهەمان ئاڕاستەda خول دەخۆنەوە، هەمان ژیان
لەبەر ئەوەی لە ڕاستیدا گەڕیدەن.
هەر بۆ زانیاریت مانگ یارییەکی ئاوا بەد نییە،
نەخێر، حەزێکی خەمۆکیی بێ دواییە
گەر گەشتەکە هەر هەفتەی جارێک بێت.
وابزانم ئەستێرەکان نەخۆشخانەی دەروونیی منداڵانن.