کاتپێوی لمین

بێن جۆنسن | (١٥٧٢ - ١٦٣٧)

بێن جۆنسن | (١٥٧٢ - ١٦٣٧)

July 12, 2024

بێن جۆنسن (١٥٧٢-١٦٣٧) شاعیر، شانۆنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی ئینگلیزە. یەکێک بووە لە پێشڕەوانی ڕێنیسانسی ئینگلیزی و لە دوای شەیکسپیرەوە بە دووەم گرنگترین شانۆنامەنووسی سەردەمی ڕێنیسانس دادەنرێت. چەندان شانۆنامەی کۆمیدی و توانجئامێزی بەپێزی نووسیوە. جۆنسن یەکێکە لەوانەی کاریگەرییەکی دیار و بەرچاوی کردوەتە سەر وێژەی ئینگلیزی.

 

 

کاتپێوی لمین
بێن جۆنسن
کوردییەکەی کامۆ ئاراز

 

سەرنجی ئەم دەنکۆڵانە بدە
کە لە نێو ئەم کاتپێوە لمینە شووشەییەدا فڕکە فڕکیانە،
گەرد لە دوای گەرد سەر بۆ خوار ئاوەژوو دەبن؛
ئایە باوەڕ دەکەیت ئەم خۆڵە
ڕۆژێ لە ڕۆژان گۆشتوخوێن بووە
پڕبەدڵ کەسێکی خۆشویستوە؟
هەرواش بۆ بڵێسەی دڵبەرەکەی، پەروانەئاسا باڵی گرتبوو،
بە تیری چاوەکانیشی بووە خۆڵەمێش؟
بەڵێ؛ لە مەرگیشدا، کتومت وەک ژیان، خێری لە خۆی نەدی،
با ڕوونتر دەری بڕم
عاشقەکان، تەنانەت خۆڵەمێشەکانیشیان ئارامی نادۆزنەوە.