ویڵیام ئێرنست هێنڵی (١٨٤٩-١٩٠٣) شاعیر و ڕەخنەگری ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریا بووە، هێنڵی بەدرێژایی ژیانی گیرۆدەی چەندان دەردەسەری بووە، لەوانە خراپیی دۆخی تەندرووستی، دەردەسەربوون بە دەست نەخۆشی تیوبەرکیولۆسەوە (سیل)، کە دواجار دەبێتە هۆی بڕینەوەی لاقی چەپی. هۆنراوەی “تێکنەشکاو” یەکێکە لە هۆنراوە هەرە بەناوبانگەکانی، تەنراوە بە تێماکانی خۆڕاگری، کۆڵنەدان و نەچەمانەوە بەرەوڕووی سەختی و بارگرانییەکان.
تێکنەشکاو
ویڵیام ئێرنست هێنڵێی
کوردییەکەی کامۆ ئاراز
لە نێو ئامێزی ئەو شەوەی وا منی داپۆشیوە
ڕەش وەک چاڵ لەم جەمسەر بۆ ئەو جەمسەر،
هەر کامە خودایەک هەبێت سوپاسگوزاریم
بۆ ئەو ڕۆحە کۆڵنەدەر و تێکنەشکێنراوەم.
وەختێک خەمی دونیام کەوت بە سەرا،
نە ناوچەوانم گرژ کرد نە بە دەنگی بەرز گریام؛
لە ژێر چەپۆکی یەک لەدوای یەکی چارەڕەشیدا،
سەرم خەڵتانی خوێنە لێ نەچەماوەتەوە.
لەودیو ئەم شوێنە پڕ لە توڕەیی و پەژارەیەوە
تەنها سامی سیاهیی مەرگە لەوێ چاوەڕێیە،
کەچی هێشتا ئەم هەڕەشانەی لەگەڵ ساڵان دێن
هەمیشە بە چاونەترسی من دەبیننەوە.
گرنگ نییە ڕێڕەوەکە چەند تەنگ و باریکە
لاپەڕەکانی ژیانیش چەند پڕی گورز و سزان،
من جڵەوگری چارەنووسی خۆمم،
من کاپیتنی کەشتی ڕۆحی خۆمم.