بۆ کێشانەوەی پۆرترێتی باڵندەیەک

ژاک پرێڤێر/شاعیری فەڕەنسی

July 24, 2018

 

بۆ کێشانەوەی پۆرترێتی باڵندەیەک
ژاک پرێڤێر
وەرگێڕانی لە فەڕەنسییەوە: سەلاحەدین بایەزیدی

 

 

بۆ ئێلسا ئێنریکێز

 

 

سەرەتا کێشانەوەی قەفەزێک

دەرگەی لەسەر گازی پشت بێ

ئینجا کێشانەوەی

شتێکی جوان

شتێ ئاسان

شتێکی شەنگ

شتێ بەسوود

بۆ مەلەکە

پاشان دانانی پەردەکە لە پای دارێک

لەنێو باخێک

یان بێشەیەک

خۆحەشاردان لە پشت دارێک

بێ دەربڕینی وشەیەک

بێ جموجۆڵ…

جاری وایە باڵندەکە زوو دێ

بەڵام بۆیشی هەیە چەندین و چەن ساڵی پێ بچێ

هەتا بڕیار دەدا

چاوەڕوانی

چاوەڕوانی ئەگەر پێویست بکا بە درێژاییی گەلێک ساڵان

پەلەکردن و درەنگهاتنی باڵندەکە

هیچ پەیوەندییەکی

بە سەرکەوتنی تابلۆکەوە نییە

کە باڵندەکە هات

ئەگەر بێ

ڕەچاوکردنی بێ هەستوخوست

چاوەڕوانی تاوەکوو مەلەکە دەچێتە نێو قەفەزەوە

کە چووە ژوورێ

بە ئاستەم پێوەدانی دەرگەکە بە فڵچە و

پاشان

یەکەیەکە سڕینەوەی میلەکان

بە سەرنجدان بەوەی هیچکام لە پەڕەکانی باڵندەکە

بەر نەکەون

ئینجا کێشانەوەی پۆرترێتی درەختەکە

بە دەم هەڵبژاردنی جوانترین لقەکانی

بۆ باڵندەکە

هەروەها کێشانەوەی کەسکاییی گەڵا و فێنکاییی با

گەرد و تۆزی خۆر و

دەنگەدەنگی جڕوجانەوەری گژوگیای نێو هاڵاوی هاوین

دوایییش چاوەڕوانی تا مەلەکە بڕیار دەدا بجریوێنێ

گەر هات و مەل نەیجریواند

نیشانەیەکی نە باشە

نیشانەی ئەوەیە تابلۆکە خراوە

بەڵام ئەگەر خوێندی نیشانەیەکی باشە

نیشانەی ئەوەیە دەتوانن واژۆی بکەن

ئەوجا زۆر بە هێمنی

پەڕێکی باڵندەکە هەڵقەنن و

لە گۆشەیەکی تابلۆکە ناوی خۆتان بنووسن.