گۆرانییەکانی بیلیتس

Untitled pochoir by George Barbier from the 1922 edition of Songs of Bilitis, edited by Pierre Corrard. Pictured are two women at a fountain with doves perched overhead in a tree.

August 3, 2018

ژنەشاعیری یۆنانی “بیلیتس” لە باوکێکی یۆنانی و دایکێکی فینیقی لە سەدەی شەشی پێش زایین هاتووەتە دنیاوە، وەک لە شیعرەکانیدا دەردەکەوێت باوکی نەناسیوە، بۆیە هیچ باسێک یان نیشانەیەک لە بارەیەوە لە شیعرەکانیدا نییە. باوەڕ وایە بیلیتس هاوسەردەمی شاعیری گەورەی یۆنان “ساڤۆ” بووە و بۆ ماوەیەکیش لەگەڵ ئەو بووە، بەڵام ئەم شاعیرە لە جۆرێکی تایبەتە و هەندێک لە مێژوونووسان گومان لە بوونی دەکەن، بەوەی کە لە دەقەکانی ئەو سەردەمەی تێیدا ژیاوە ئاماژەی پێ نەدراوە. بۆ یەکەمجار شاعیری فەڕەنسی “پییەر لویس” ئاماژەی بەوە کردووە کە شوێنەوارناسێکی ئەڵمانیی گۆڕی “بیلیتس” و شیعرەکانی لە کەناراوەکانی باکووری میسر دۆزیوەتەوە و “پییەر لویس” شیعرەکانی لە یۆنانییەوە وەردەگێڕێتە سەر زمانی فەڕەنسی، کە ژمارەیان ۱٥۰ پارچەشیعرە و لە ساڵی ۱٨۹٤دا  لەژێر ناوی “گۆرانییەکانی بیلیتس”ـدا بڵاویان دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی کە پێشوازییەکی گەرمی لێ دەکرێت و وەردەگێڕدرێتە سەر بیست زمان، بەڵام تا ئێستا دەقی یۆنانیی شیعرەکان نەدۆزراونەتەوە. بەڵام ئەوانەی ڕای پێچەوانەیان هەیە، پێیان وایە نازناوی “بیلیتس” بووە و ناوی ڕاستیی “دامۆڤیلیا” بووە، وەک لە هەندێک دەقی کۆندا ئاماژەی پێ دراوە، خاوەن قوتابخانەیەکی شیعریی تایبەت بە خۆی بووە و هەروەها ئەوەی ئەو هەستە ژنانەی لە شیعرەکانیدا هەیە هیچ پیاوێک ناتوانێت بەو شێوە بەرجەستەی بکات. هەڵبەت ئەوەی کە زیاتر وەک ڕاستی ڕۆیشتووە، هەر ئەوەیە کە بیلیتس بوونی نییە و بەڵکوو ئەو کتێبەی بە گۆرانییەکانی بیلیتس ناسراوە، لە نووسینی پییەر لویسە و بیلیتس دروستکراوی زەینی ئەوە. واتا ئەوەی سەبارەت بە بیلیتس گوتمان، هەر لەوەوە بیستراوە، گرنگ ئەم شیعرە جوانە ئیرۆسییە شەهوانییە هاوڕەگەزخوازە ژنانەیییانەن. – ماڵپەڕی باڵندە

 

گۆرانییەکانی بیلیتس
وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: دالیا ڕەئووف

 

 

ژنێک خوری پەشمینی دەپۆشێت

ژنێکی تر خۆی لە ئاڵتوون و ئاوریشم دەگرێت

یەکێکی تر گوڵ و گەڵای سەوز و ترێی ئەرخەوانی بە خۆیەوە دەکات

بەڵام من وەک خۆم دەبێت بۆ هەمیشە بە ڕووتی بژیم

دڵدارەکەم، وەرە و پەسەندم بکە وەک ئەوەی کە هەم

بێ جل یان خشڵ یان پێڵاو لە باوەشم بگرە

“بیلیتس” خۆی نەک زیاتر

ڤژم لە ڕەشیی خۆیدا ڕەشە و

 

لێوەکانم لە سووریی خۆیاندا کەوانەی سوورن

تاڵەکانی قژم بە ڕەهایی و بە هێواشی و بازنەیی وەک پەڕ بە دەورمدا پەرشوبڵاون

پەسەندم بکە وەک ئەوەی دایکم لە شەوێکی دووری خۆشەویستیدا ژیانی پێ بەخشیم

ئەگەر بەم شێوەیە دڵخۆشم کردیت

تکایە لە بیری مەکە ئەوەم پێ بڵێیت

 

Pierre-Félix Louis
Born 10 December 1870
Ghent, Belgium
Died 6 June 1925 (aged 54)
Paris, France