ژان

دیدەم ماداک

دیدەم ماداک | (١٩٧٠ - ٢٠١١)

July 25, 2024

دیدەم ماداک شاعیرێکی تورکە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری ئیزمیر لەدایکبووە. پێنج کتێبی شیعریی بڵاوکردووەتەوە و چەندین خەڵاتی شیعری بردووەتەوە. دوای ململانێیەکی زۆر لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجەی قۆڵۆندا، ساڵی ٢٠١١ لە ئیستانبوڵ کۆچی دوایی دەکات.

 

 

ژان
دیدەم ماداک
کوردییەکەی ڕێباز مەجید

 

بۆ ئەوانەی لەبارەی ژانمەوە بۆیان دوام
بۆ عەلی ئیحسان، ئشڵ و ئایهان         

         

تومەز پادشای پاییزان دێتە ئیستانبوڵ
فیلمێکیان لە مێلاکم گرت
مێلاکەکانم بوون بە ئەکتەر
وەک پاییزێکی توولانی
لە پڕ کڵپە بستێنێت
دەیڕوانی
جگەرە دەبێتە کۆمبارس .
ڕۆڵی گەڵایەکی سوورم دەبینی
وەک کچی سەرەکی
دەفڕیم، تومەز فڕین بوو واتای من
ئەمەم درەنگ فام کرد.
دەمویست شیعرت بۆ بنووسم، ئیستانبوڵ
ناوم لێدەنایت ژان
مەگەر شیعر چییە
دەخوات، دەخواتەوە، ڕادەمووسێت
ماسییەکی هامسی بۆ کەسێک دەکڕێت؟
بەسەر ئەسپێکەوە لە مەیدانی کێبڕکێدا وێنە دەگرێت؟
لە ساماتیا عارەق دەخواتەوە
وەک باڵندەیەک
ئەو حەلەی سەری لە ژێر باڵەکانیدا حەشار دەدات
دەنوێت؟
مەگەر شیعر چییە
من تۆم وەک خواروخێچی سووچی مێلاکم خۆشویست
بۆ مەگەر پێت وایە شیعرێک هێندەی من گرفتارت دەبوو، ئیستانبوڵ؟

بەسەر ئەو بێسەقفانەی
لە ناو کۆڵانەکانتدا لە پارچە کارتۆن ماڵیان درووستکردبوو
قیژاندم
کەراماتتانم پیشان بدەن
پەرجووەکانتانم پیشان بدەن
شووشەیەکی شەوتم لە یەک پێکدا نۆشی
دەمویست بخزێمە ناو کۆمای ئەستێرەکانەوە
دەمویست مانگی چواردە بێت و خۆیم پیابکێشێت
با گورگینەکانم بەربن
با هەرکەسێک خوێڕێتییەکی زیادەی تیایە جگەرەیەکم بۆ بپێچێتەوە
دەبێت قین ببەزێنرێت، تۆڵە بستێندرێتەوە
گەر بخوازرایە، ژنێکی مۆدێرن بووم،
هەرکات ڕۆحم قەڵەو بوایە
بەیانییەکەی خێرا دەستم دەچووە خوێنی خۆم.
دەڵێم بەڕێزان با من زیاتر نەخۆم
ئەوەندە قین بۆ من بەسە.
گەر پێویستی کردبا خودایەک و خودایەکی تر
دینێکی فرەخودای دەخوڵقاند
لێمگەڕێ، ئیستانبوڵ، با موریدت بم

دایمە وات دەزانی من شیعرم، ئیستانبوڵ
بەڵام فرمێسکەکانم وەک کارتۆنی فلینتستۆنس دەبریسکانەوە
بۆ نموونە
لووت و ژێر چاوی سوورهەڵگەڕاوم لەتاو گریاندا
من ئەم شیعرەم لە دۆخی پاندایەکی برینداردا نووسی
گیانم ژانی کرد
من ئەم شیعرەم لە دۆخی گڕ و سووتاندا نووسی
ئێستا لێمگەڕێ
با لەبارەی ئەو ڕۆژانەوەی شیرم بۆ پشیلەکانم دەهێنایەوە بدوێم
ئەو پیاوانەی لە بەر دەرگای ماڵەکەمدا گوڵیان جێدەهێشت
لە ناچاریدا قوربانییەکی فەرامۆشیم
با ڕۆژی شەممان، لەگەڵ دایکانی تردا
لەسەر شەقامەکان خۆپیشاندان بکەم.
ڕۆژانێک هەبوون بە خشانم لە ڕیش دەسووتام
سەیری زەردەپەڕ بکە و منت لەیادبێت
شەکەت و ئاڵ لە ماچ
بۆ مەگەر پێت وایە شیعرێک ئەمانەی پێ دەوتیت؟
سەیری کورسیی پارکەکانتم کرد کە بە باران دەشۆردران
گشت ئاڵییەکان ڕۆژێک کاڵ دەبنەوە
درەنگ فامم کرد
تومەز باران جەوری خودایە ئیستانبوڵ.
ژان چی بوو، لە کوێدا بوو، لە کوێمدا بوو ژان
گەر هەرکەسێک لەبارەی مەودای دڵمەوە دەیویست بپرسێت، ئێستا کاتییەتی
بەبێوەستانژانبەبێوەستانژانبەبێوەستانژان
تومەز ژان چیایەکی بەرزەفڕە
کە دایمە و بەبێ وەستان بۆی هەڵگەڕاوم.

بمپشکنە
شیعرەکەی گیرفانمم بە هێواشی گەیاند بە تۆ
دەستەکانیشمم بەرزکردووەتەوە، سەیرکە
ئامادەم، حەزەکانم دەستگیر بکە.
بێشیعرم
بۆ مەگەر لات وابوو ئەم شیعرە ناوت دەنێت ژان، ئیستانبوڵ؟

من ئەم شیعرەم بە دەم ڕشانەوەوە نووسی.

 

مانگی ١٠ی ٢٠٠٢، بەو زووانە گوڵە داودییەکانیش چرۆ دەکەن.