مێژووی دروستبوونی شەو

خۆرخێ لویس بۆرخێس/شاعیری ئەرجەنتینی

September 16, 2018

 

 

خۆرخێ لویس بۆرخێس، چیرۆکنووس و شاعیری ئەرجەنتینی، لە ٢٤ـی ئۆگەستی ١٨٩٩ـدا لە بۆینس ئایرێس لە دایک بووە. لە ١٢ـی جوونی ١٩٨٦ـدا کۆچی دواییی کردووە. ئەو زیاتر بە چیرۆکەکانی ناسراوە، کە وەهم و مێژوو ئاوێتە دەکات. لەم شیعرەدا بۆرخێس سەرنجمان دەباتە سەر شەو، هەرچەند ژیانی ئەو شەوێکی مەیلەوزەرد بوو. ماڵپەڕی باڵندە

 

 

مێژووی دروستبوونی شەو

خۆرخێ لویس بۆرخێس

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: کانیاو سوعاد

 

 

بە درێژاییی ماجەرای نەوەکان

مرۆڤ شەوی هێنایە بوون.

شەو لە سەرەتادا کوێری بوو؛

شەو دڕک بوو دەچوو بە پێیە پەتییەکاندا،

ترس بوو لە گورگ

کەس نازانێت کێ بوو وشەی شەوی بۆ ئەو ماوە تاریکە دۆزییەوە، کە دوو گزنگ لێک جیا دەکاتەوە؛

کەس نازانێت لە چ سەردەمێکدا ئەو چەند سەعاتەی کە بۆشایی ئەستێرەڕێژ دەبێت، حسابی شەوی بۆ کرا.

ئنجا ئەوانی دی هاتن ئەفسانەیەکیان بۆ شەو دروست کرد

کردیان بە دایکی ئەو قەدەرە هێمنانەی کە چارەنووسەکان دەچننەوە

مەڕی ڕەش و ئەو کەڵەشێرەیان بۆی کردە قوربانی کە بۆ مەرگی خۆی قووقاندی

کلدانییەکانیش دوانزە ماڵیان بۆ شەو دیاری کرد؛

لای زینۆ، شەو وشە بێکۆتایییەکانە.

شەو شێوەی لە هۆنراوە دوازدەبڕگەییە لاتینییەکان و ترسی پاسکاڵەوە وەرگرت.

لویس دو لیۆنیش لەنێو شەودا نیشتیمانی ڕۆحە وێرانەکەی خۆی دەبینییەوە.

ئێستاش ئێمە وا هەست دەکەین شەو وەک شەرابی کۆن وایە و کۆنبوونی نییە

هەروەهاش کەس ناتوانێت چاو لە شەو ببڕێت و تووشی سەرەگێژە نەبێت،

کاتیش دێت و شەو بە ئەبەدییەت تۆمەتبار دەکات

کە بیریشی لێ دەکەیتەوە، ئەو چاوە وردانە نەبوونایە، شەو بوونی نەدەبوو

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار