سەفەری شەوانە

ماریا نیگرۆنی/شاعیری ئەرجەنتینی

December 28, 2021

 

ماریا نیگرۆنی، شاعیر و ڕۆماننووسی ئەرجەنتینی، ساڵی ١٩٥١ لە ڕۆسایرۆ لە دایک بووە. شەش کۆمەڵەشیعری بڵاو کردووەتەوە. وەرگری خەڵاتی ئۆکتاڤیۆ پازە بۆ شیعرەکانی. ئەدەبیاتە شیعرییەکەی ئاوێتەیەکە لە دنیای بۆرخێس و ئەلخاندرا پیزارنیک. شیعری نیگرۆنی خەیاڵچنییەکە لە ژیانی ڕۆژانە و کەشفی دنیایەکی عاریفانە، کە لەوەدا کەڵکی لە ئاگایییە باشەکەی لە عیرفانی ڕۆژهەڵات و بە تایبەت دەقی عاریفانی ئیسلامی وەرگرتووە و هەڵبەت هەر لەم بازنەیەشدا نامێنێتەوە. هەوڵ دەدات ڕووداوێکی شاعیرانە لە کۆی ئەو درکانەی هەیەتی، بخولقێنێت. لێرەدا چوار شیعری دەخوێننەوە، کە ساڵی ١٩٩٤ بڵاوی کردوونەتەوە. وەک دەردەکەوێت ناونیشان چەقی شیعرەکانیەتی.ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

 

سەفەری شەوانە
ماریا نیگرۆنی
وەرگێڕانی: شاڵاو حەبیبە

 

 

 

 

کتێبی بوون

وەک هەمیشە شۆفێری تاکسییەکە منی برد بۆ شوێنێک کە نەمدەویست. ماوەیەک لە شەقامی سوریا ون بووبووم؛ جارێکی تر لە ڕێتایرۆ دەرکەوتمەوە، چوار خانووبەرە دوورتر لە ماڵی دایکم(کاتێک دەمویست بچم بۆ ڕاکسی دیسکۆ لە مەنهەتن.) ئنجا دەڵێت لە مێترۆپۆلیس دامدەبەزێنێت. بەڵام ئێستا ئیتر هیچ مەنزڵێکم نییە. ئەوەی هەیە؛ هەستی خەمۆکی، بێئۆقرەیی. لە مەنزڵی سەرەکیدا(وا دابنێین ئەگەر بوونی هەبێت) ئایا هەموو شتێک جیاوازە؟ ڕادیۆکە مۆسیقایەکی نامۆ پەخش دەکات؛ بە ڕێزەوە دەپرسم ئەمە چ مۆسیقایەکە. وەک بڵێیت سووکایەتیی پێ کرابێت:

 

“ئەمە مۆسیقا نییە؛ تیلاوەتی قورئانە.” لە شارێکی ڕووناک و چۆڵدا بەجێم دەهێڵێت، شارێک بەبێ هیچ دەرگەیەک یان ئەلفبێیەک یان گۆڕستانێک. شاری بێدەنگی، بێخەوی، لە نێوان سپێدە و تۆرینگندا. شۆفێرەکە دەڵێت: دەزانیت تاقەکتێبێکە بایەخی هەبێت؛ پێشتر نووسراوە و بێمۆسیقا خوێنراوەتەوە و دژوارترین و لە-وەرگێڕان-بەدەرترین کتێبە لە جیهاندا، وەک پڕۆسەی ڕۆحکێشان.

 

 

قەقنەس

دیسان گەیشتوومەتەوە پاریس بەڵام بە نیاز نیم بتبینم. هەر بە ڕێکەوت لە هۆتێلێکم بەرامبەر ژوورەکەی تۆ، لە شارێکی گەورە، هاوسنوورین لە هەمان حەساری خۆڵەمێشیی هەواییدا، هەمان ئاقاری شار، هەمان میترۆ. ڕەنگە بناسرێمەوە، کەواتە گرنگە خۆم بشارمەوە، تا بچووکترین جووڵەکانی تۆ و خۆمم ئاگا لێ بێت(چۆن ڕوونی بکەمەوە کە من لێرەم و هەواڵم بە تۆ نەداوە؟) بڕیارم داوە چاوەڕێ بم تا تۆ بڕۆیت، لە هۆڵەکە دەمێنمەوە، هۆڵێکی شکۆدار، بە پارتیشنی ئاوێنەدارەوە، شوێنێک کە بەردەوام قەرەباڵغە. دنیایەکی چەند بچووکە! کاتێک بینیم دێیتە ژوورەوە ئەسڵەن باوەڕم نەکرد! لە پشت ستوونێکی فراوانی نیوەبازنەوە خۆم دەشارمەوە. ناتوانم بزانم خەریکی دێیت یان دەڕۆیت، نزیک دەبیتەوە، یان دوور دەکەویتەوە. هەر ئاوا، بۆ هەمیشە… تا کاتێک کە بەرەو تۆ ڕادەکەم، جەستەی تۆ لەوێ، چاوە گەورە خۆڵەمیشییەکانت، ئەو قژە هەڵڕژاوەت لە دەوری ڕووخسارت، ڕێک لە ئاوێنەکەی ڕووبەڕووی من، کەمتر لە مەترێک مەودا، سەرسامیی خێرا و بزەداری تۆ، شادمانییەک کە دڵی مرۆڤ دەشکێنێت، وەک بڵێیت شەو کتوپڕ ڕۆژی بینیوە، وەک بڵێیت سەرئەنجام شیعرێکت گوتووە، تەنیا شیعرێک، بەبێ ئەوەی حەقیقەت پشتگوێ بخەیت.

 

 

جوبرەئیل

بۆڕگەیەک لە هەوادا ئاوێزانە. ڕەنگە ئاسمانی دووەم. لەم شوێنەدا، ئاییندە و ڕابردوو بوونیان نییە. هیچ شتێک چارەنووس ناگۆڕێت و هەرشتێک چارەنووس دەگۆڕێت(چونکە چارەنووس بازنەیەکە)، هەرئەندێشەیەک هەرشتێکە کە هەیە. پرسیارەکان هەموو بێهوودەن. جوبرەئیلە، لە کووخێکی بچووکدا. لە جەستە داچۆڕاوەکەی، کەمبوونەوە سامدارەکەی، لە کەویبوونی ئەهوەنانەی بوونەکەی، تێدەگەم کە تەمەنی خۆی کردووە. سۆزم بۆی دەجووڵێت و ئاگام لێی دەبێت تا بمخاتە بەر مەدەدی خۆی. لە دەرێی کووخەکە ڕووخساری فرە هەر بەم ئاواتەوە تازە گەیشتوون و بە چاوانی داخراوەوە لە دەوری کووخەکە کۆ دەبنەوە. ڕۆحگەلی ڕێبواری گەردوونی، فەلەکانی خەو؛ لە جبە ڕەنگبواردووەکاندا. لە تاو سەرڕێژبوونی هەستەکان، مەحاڵە لەنێو ڕووخساریان شادی یان ڕەنج بخوێنیتەوە. مانگیش خامۆش و نەیارانە بوو، چەند دانەیەکیش گوڵەئەستێرە و سەدای مۆسیقاکەیشیان لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات، لە جیهانێکەوە بۆ جیهانێکی دیکە. بەرلەوەیش کە ئەو کووخە بەجێ بهێڵم، گرنگە ببینم کە بە چ زەریفی و قەشەنگییەکەوە ئەو باڵە نەبووانەم ساز کردووە.

 

 

هورقلیا، شاری زیارەتکار

با لە بێخەوییەکەیدا سەر دەکات بە هەموو شوێنێکدا. وەک بڵێیت هەیە تا واقعییەت بنوێنێت. بەڵام ئێمە ون بووینە. لە شاری سارددا، لە توندوتیژیی ئاسفاڵت و پارکینگدا، ئاوێنەکان مەلانی خەوتوون. بڵێسەی ئاگری سەرکەوتن خامۆشە و کێوی قاف شاراوە. شەو بە حەسارەکەیەوە، بۆ شانۆیەکی بچووک: هەنووکە من. تا کوێ گۆلاوەکان دەوریان داوین؟ تا کوێ مەرگ حەشاری دەدات، مەملەکەتی شارە سپییەکانی؟ کلیلەکەی، بۆ ئاوەڵابوونی ئەو زەریا مەزنە؟ وێرانەشاری بێئەژماری، شوێنێک کە ئەو نەگوتراوە بە چرکەیەک دەدرەوشێتەوە؟ لەمانەیش زیاتر، کتێبەکانی ڕێنوما دەڵێن لە پشت گرژییەکان و ئاستەنگەکانەوە، مەنزڵی وشەی حەقیقی هەیە. ئەو قەقنووسە لە تەختەبەندی ڕۆحدا نیشتەجێیە. دەبێت خەمێکی تاک هەڵبژێریت، تەنیا یەک دانە. لە ترس گەڕێ. ئەگەر گوێ بۆ زەنگی پڕسەدای بێدەنگی هەڵدەخەیت، ببیستە، ئەمەیش جیهانێکە.