باخچەکەی نێو جەستەت

کەبیر/شاعیری هیندی

November 14, 2018

کەبیر، شاعیر و قەدیسی هیندی، کە لە سەدەی پانزەیەمدا ژیاوە، لە ساڵی ١٣٩٨ـدا لە بنارس لە دایک بووە. لە ساڵی ١٤٤٨ یان ١٥١٨ـدا (یەکلا نەبووەتەوە) لە قۆنیە کۆچی دواییی کردووە. بەوە ناسراوە ڕەخنەی لە هەردوو ئایینی هیندۆسی و ئیسلام گرتووە. لە ماوەی ژیانیدا چەندین جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی پەیڕەوکارانی هەردوو ئایینەکە بووەتەوە. دوای مردنیشی هەردوو ئایینەکە خۆیان بە خاوەنی دەزانی. ئەو لە شیعرەکانیدا، سۆفییانە، لە سروشت، خودا و مرۆڤەکان دەڕوانێت. – ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

باخچەکەی نێو جەستەت
کەبیر

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: ڤییەننا سەلام

 

 

 

مەچۆ بۆ باخچەی گوڵەکان

 

مەچۆ بۆ باخچەی گوڵەکان

مەچۆ بۆ باخچەی گوڵەکان

ئای ئەی دۆست، تۆ مەچۆ بۆ ئەوێ

باخچەی گوڵەکان لەنێو جەستەتدایە

لەنێو ئەو هەزاران پەڕەی شلێرە لێی دانیشە و

چاو لە جوانیی بێکۆتا بکە

 

 

نایەم

 

نایەم

ناڕۆم

ناژیم

نامرم

 

بەردەوام دەبم لە ناوهێنانی و خۆمی تێدا ون دەکەم

 

من کاسەم

من دەفرم

من ژنم

من پیاوم

 

من لیمۆی هیندیم

من لیمۆی شیرینم

من هیندۆسیم

من موسڵمانم

 

من ماسیم و

من تۆڕم

من ماسیگرم و

من کاتم

کەبیر دەبێژێت: من هیچ نیم

نە لەنێو زیندووەکان و

نە لەنێو مردووەکانم.

 

 

ئایا بە شوێن مندا دەگەڕێیت؟

 

ئایا بە شوێن مندا دەگەڕێیت؟

من لە کورسیی تەنیشتتەوەم.

شانم وا بە شانتەوە

نە لە ستۆپاکاندا٭ دەمدۆزیتەوە نە لە ژووری مەزارگە هیندییەکاندا

نە لە پەرستگەی جووەکاندا، نە لە کاتیدرائییەکاندا،

نە لە کیرتانەکان٭ و نە لە نوێژی بەکۆمەڵدا،

نە لە خولاندنەوەی قاچەکان بە دەوری ملدا، نە لە نەخواردنی هیچ شتێک جگە لە ڕووەکدا.

کاتێک بەڕاستی بۆم دەگەڕێیت، دەستبەجێ دەمبینیت

لە بچووکترین ماڵی کاتدا دەمدۆزیتەوە

کەبیر دەبێژێت: ئەی فێرخواز پێم بڵێ خودا چییە؟

 

ئەو هەناسەیە لەناو هەناسەدا

 

 


سەرنج

٭ستۆپا: تاوەرێکی بووزییە لە شێوەی هەڕەمدا

*کیرتان: وشەیەکی سانسکریتییە، بە مانای گوتنەوە یاخود گوتنی سروود و گۆرانی دێت. لێرەدا مەبەست لێی سروودی دڵسۆزی-دەربڕینە بۆ کریشنا، کە خواوەندی هیندۆسییەکانە.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار