جێخوانی پاشا

ڕۆهان چێتری/شاعیری نیپاڵی-هیندی

January 29, 2022

ڕۆهان چێتری وەرگێڕ و شاعیری نیپاڵی-هیندییە و بە زمانی ئینگلیزی دەنووسێت. پێشتر وەک ئێدیتەری بڵاوکراوەی هاچێت ئیندیا کاری کردووە، لە ئێستاشدا لە زانکۆی سیراکوس لە نیویۆرک وانە دەڵێتەوە. کتێبی یەکەمی بە ناوی “ڕاچەنینی هێواش” لە ساڵی ٢٠١٦ بڵاو بووەوە و براوەی (خەڵاتی شاعیری نوێ) بوو. کارە وەرگێڕدراوەکانی لە زمانی نیپاڵییەوە بۆ سەر زمانی ئینگلیزی خەڵاتی (پێن هایم)ی ساڵی ٢٠٢١ی پێ بە دەست هێنا و هەر لە ساڵی ٢٠٢١ دووەم کتێبی شیعریی خۆی بە ناوی “ونبوو، بریندار، یان لە تێپەڕیندا جوان” بڵاو کردەوە. پاریس ڕیڤیوو بۆ یەکەم جار شیعری جێخوانی پاشای لە ژمارەی ٢٣٤ی گۆڤارەکەدا بڵاو کردەوە و دواتریش ئەم شیعرە بووە شیعری دەستپێک لە کتێبی “ونبوو، بریندار، یان لە تێپەڕیندا جوان”.– ماڵپەڕی باڵندە

 

 

 

جێخوانی پاشا
ڕۆهان چێتری
وەرگێڕانی شێنێ محەمەد

 

 

پاش لاقەکردن و لە-خوێندا-گەوزان، پاشای وەحشی و
پیاوەکانی گەڕانەوە بۆ ئەو کوخە باریک و درێژەی لە دەشتێکی کراوە
لە پاڵ ڕووبارێکی تەنک لە کڕبوونی پاش تاڵانیکردن تایبەت بۆ
پشووی ئەسپەکان ساز کرابوو. یەک لە دوای یەک، خوێنی
سەر پەنجە و ڕووخساریان دەشۆرد و بۆ هەڵلووشینی
خوانێک لە برنج و بزن کە گوندییەکان ئامادەیان کردبوو، لێی دانیشتن.
ئەم داستانە تەنها بە هۆی ناوی ئەو کوخەوە ماوە
کە لە هەمان جێدا چێ کراوە، لە بەنگالیدا
بە جێخوانی پاشا ناوی دەبەن، ئەو جێیەی پاشا شیوی تێدا خوارد.
ئێمە دەڵێین کاتێک مردن بۆ سەردانی یەکێکی ناو ئەم خێزانە دێت،
لەم جێیەدا دەمێنێتەوە. ئەو جارەی بۆ باپیرم هات، درەنگ گەیشت.
بە کاتی گورگان لە نێوان نیوەشەو و گزنگدا نا
بەڵکوو بەیانییەکی درەنگ لەسەر ڕێگای خێرا، سایرێن بە دوایدا
هەتا خانەی پیران فیقەی دەهات. وەک ئەوەی بۆ ئەم شکستەی خۆی
ئێمە سزا بدات، چەند مانگێک لە جێخوانەکە ئەمسەروئەوسەری بوو،
ئینجا بۆ پوورم هات. گەنج،
بە دەست هاوسەرگیرییەکەیەوە دەیناڵاند، بە هۆی دڵی لاوازییەوە
یەکڕاست بردی. دێنە خەیاڵم باوک و کچ، بەرامبەر یەک
لەسەر مێزێک دانیشتوون، پێکەوە ژەمێک پەتاتەی کوڵاوی بەهەڵموهەڵاو دەخۆن،
هەمیشە لەودنیا خەونێکی تەماوی هەیە بە خوێوە.
وتیان مردن بە سیان نەبێت ڕاناوەستێت. ترساین
بۆ یەکێک لە ئێمە بێت. لە ژووری زبڵدانەکە،
دەفتەری حساباتی مردنیان دۆزییەوە و پڕ بوو لە نووسراوی تێکەڵوپێکەڵ
بە کێشێکی هێند تاریک کەس لێی تێنەدەگەیشت.
ڕووخانی نەنکم خولێکی تەواوی خوارد، ئەو ساڵە
ڕێڕەوێک ئاوی ڕوون لەژێر پێستیدا دەستی کرد بە
خوشەخوش. هاژەی دەگەیشتە گوێمان
هەرکاتێک دەمی بۆ قسەکردن هەڵدەهێنا. کە بیر لە خۆشەویستی دەکەمەوە،
بیرم بۆ گریانی ئەو دەچێت کاتێک ئەوێم جێهێشت، لە جامەکەوە
لێوی هەڵاوساوی لە پشتی دەستم دەخشاند.
کورت و ڕۆشن ژیانە لەمێژە لێڵبووەکەی ئێستا فەرمانی پێکراوە و
مردن دووبارە لە کەناردا خۆی حەشار داوە.
لە سێزدەساڵیدا هاوسەرگیری، گەنجی
بە گریان بە دیار مەنجەڵی پڕ پیازی قاشکراوەوە لە دەستدا.
باسی ئەو ماڵە بچووکەی دەکات کە بە تەختەی لەقولۆق
هەڵچنراوە و بەسەر چوار کۆتەرەی ڕزیووەوە نیشتووە، بە قسەی ئەو
ماڵێکە کە هەتا ئێستاش وەک خۆی ماوە، خۆیشی هەروا لەگەڵ
ترسێکی خنکێنەردا لە ئاڵتوون گیراوە: دەستپێک. بیر لە خۆشەویستی دەکەمەوە و
دێتەوە یادم ئەو کاتەی دارتەرمی باپیرەیان بەرز کردەوە،
نەنکم بە هاوارەوە وتی مناڵەکەم
خوایە     مناڵەکەم